هێندرسن: پێویستە زیاتر ئاگام لەدەمم بێت


بەرەو دەستپێکردنەوەی یارییەکانی خولی نایابی ئینگلتەرا (پرێمەر لیگ) ئەڕۆین و یاریزانان سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانن تاوەکو توانای جەستەیی خۆیان بگێڕنەوە باری جاران تا بەشێوەیەکی باشتر درێژە بەئاستیان بدەن، بەڵام پێدەچێت جۆردان هێندرسن جیاواز لەئاگاداربوون لەتوانای جەستەیی ئەبێت ئاگای لەزمان و قسەکانی بێت.
لەلێدوانێکی خۆیدا بۆ گۆڤاری یانەکەی، جۆردان هێندرسن کاپتنی یانەی لیڤەرپوڵ ئاشکرایکرد کەقورسە بۆ یاریزان کەیاریی بکات دوور لەهاندەران و دەنگی جەماوەر بۆیە پێویستە قسە و پرتە و بۆڵەکانمان بۆ کەمترین ئاست دابەزێنین.
هێندرسن ئەڵێت: من ترسم لەزمان و ئاخاوتنی خۆم هەیە کاتێك یاریی ئەکەم ڕەنگە زۆر شت بڵێم کەناچارم بکات داوای لێبوردن بکەم، بۆیە کەئێستا هاندەر لەیاریگادانین و دەنگیان نایەت پێویستە زیاتر ئاگام لەخۆم بێت.
هەروەها ئەو یاریزانە هۆشداریی دەداتە راهێنەران و ئەڵێت: من دڵنیام پێویستە راهێنەرانیش ئاگاداریی قسەکانیان بن.
وابڕیارە لەرۆژی ١٧ ی ئەم مانگەوە یارییەکانی خولی نایابی ئینگلتەرا دەستپێبکاتەوە و رۆژی ٢١ ی مانگیش لەیاریی دێربی هەرێمی مێرسیساید هەردوو یانەی ئیڤەرتن و لیڤەرپوڵ بەیەکدەگەن.