وێنە و ئەرشیف

هەموو شتێك لەبارەی براندە بەناوبانگەكەی ئەدیداس بزانە

ئەدیداس یەكێكە لەگرنگترین ماركەو ناوەكانی جیهانی وەرزش، دروستكەری جلوبەرگ و پێڵاو و ئیكسسواراتە لە هەموو بوارەكان و لەسەرتاسەری جیهاندا خاوەنی ناوبانگە.

لەلایەن ئەدۆڵف داسلەر گەورە دروستكەرى جلوبەرگی وەرزشیی ئەڵمانی دامەزراوە لەدوای گەڕانەوەى لەجەنگی جیهانی و سەرەتاش چەند پێڵاوێكی لەماڵەكەی خۆیدا دروستكرد.

هاسلەر لەساڵى 1920 بووە خاوەنی كاری تایبەتى خۆی و سەركەوتنی گەورەى بەدەستهێنا، چونكە خۆى پێشتر وەرزشكار بووە ودەیزانی یاریزانان چیان پێویستە، بەپێى تایبەتمەندی وەرزشەكانیش پێڵاوی دروستدەكردو زیاتریش گرنگی بەوەرزشی ناو یاریگا دەدا.

لەناوەڕاستی ساڵانی بیستدا، پێڵاوی بزماریی داهێنا كەلاى خۆمان بە بورغویی ناسراوە. لەساڵى 1928 دا یاریزانانى ئۆڵۆمپیادی ئەمستردام پێڵاوە وەرزشییەكانى ئەدیداسیان لەپێكرد، لەساڵى 1948ەوە ئەدیداس بووە خاوەنی ناوبانگێكی جیهانیء ئەمڕۆش ئەو كۆمپانیایە گرنگی دەدات بە یارییەكانى تۆپى پێ و راكردن و راهێنان و بەیسبۆڵ.

لەساڵى 2006 دا ئەدیداس رەزامەندیی دەربڕى لەسەر كڕینى ریبۆك ركابەرە ئەمریكییەكەى، كە هەردووكیان پێكەوە بڕی فرۆشی ساڵانەیان دەگاتە 11 ملیار دۆلارى ئەمریكی، ئەمەش هاوكاریی ئەدیداسی كرد باشتر رووبەرووی نایكیی خاوەنی بازاڕەكە ببێتەوە، بە تایبەتى لە ئەمریكا كە نیوەی پێداویستییە وەرزشییەكانى جیهانى لێدەفرۆشرێت.

بەو گرێبەستە، ئەدیداسی تازە بووە ناوێكی گەورەترى جیهانی پێداویستییە وەرزشییەكان، ئەمەش ئەو ئەركەى خستە سەرشانی كە باشتر و فراوانتر كاربكات و بەرهەم بخاتەڕوو بۆ یارییەكان، تیپەكان، رووداو و پاڵەوانێتییە وەرزشییەكان.

ئەدیداس سپۆنسەرى زۆرێك لەتیپ و هەڵبژاردە وەرزشییەكانە لەسەرتاسەری جیهاندا، بەشێوەیەكی تایبەتیش گرنگی بە تۆپى پێ دەدات، ئەدیداس وەك كۆمپانیاكانى تری ئەو بوارە ملیۆنان دۆلار بۆ سپۆنسەری تەرخان دەكات، چونكە بەو جۆرە ناو و لۆگۆكەى زیاتر دەكەوێتە بەرچاوان.

ئەدیداس گرنگی بەتۆپى پێ دەدات و گەورەترین كۆمپانیاى فرۆشیاری ئەو یارییەیە لەماوەى چەند دەیەى رابردوودا. جلوبەرگ و پێداویستی وەرزشیی یاریزانان و دادوەران و ئەندامانى ترى تیمی وەرزشی دروست دەكات.

كالە و جلوبەرگی ئەدیداس لەلایەن زۆرێك لە یانە بەناوبانگەكانەوە بەكاردێت و وەك ریال مەدرید و مانچستەر یونایتد و یوڤانتۆس و ئارسناڵ. هەروا لەسەر ئاستی وڵاتانیش ئەڵمانیاو ئیسپانیا ئەدیداس بەكاردەهێنن.

زۆر یاریزانى بەناوبانگی كۆن و نوێى جیهان كالەو پێڵاوی وەرزشی ئەدیداس بەكاردەهێنن و لەریكلامە فراوان و بەناوبانگەكاندا دەردەكەون.

زۆر ماركەو كۆمپانیاى جیهانی هەوڵى مانەوەو گەشەكردن دەدەن، بەلآم لەلاى ئەدیداسی خاوەن سێ خەتەكە مەحاڵ بوونى نییە.

ئامادەكردنی ژوان ئەحمەد

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close