میسییه كورده‌كه ئاماده‌سازى بۆ كۆتاییه‌كانى پاڵه‌وانێتی جامى ئاسیا ده‌كات

ئا: سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى تازه‌پێگه‌یشتووانى ئێرانى ژێر ته‌مه‌ن 16 ساڵ له‌مڕۆ هه‌ینى 17-7-2020 به‌به‌شدارى میسییه كورده‌كه‌ى ئاسیا ئامادهسازییهكانى بۆ پاڵه‌وانێتى تازه‌پێگه‌یشتووانى جامى وڵاتانى ئاسیا ده‌ستپێكرد.
به‌پێى وێبسایتى فیدراسیۆنى تۆپى پێى ئێران، حسێن عه‌بدى راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى تازه‌پێگه‌یشتووانى ئێرانى ژێر ته‌مه‌ن 16 ساڵ، ئه‌مڕۆ هه‌ینى 23 یاریزان له كه‌مپى مهمانسرا كۆده‌كاته‌وه تا له‌ئێستاوه ئاماده‌یان بكات بۆ كۆتاییه‌كانى پاڵه‌وانێتى تازه‌پێگه‌یشتووانى جامى وڵاتانى ئاسیا-ى ژێر ته‌مه‌ن 16 ساڵ كه رۆژانى 25-11 تا 12-12-2020 وڵاتى به‌حره‌ین میوانداریی ده‌كات، یه‌كێك لهیاریزانهكانیش یادگار رۆستهمى ناسراو به (میسى ئاسیا) هێرشبه‌رى لاوى كوردى مه‌ریوانی و ئه‌ندامى تیمى تازه‌پێگه‌یشتووانى ئه‌كادیمیاى فوتبۆڵى كیا –ى تارانه.
هه‌ڵبژارده‌كه كه هه‌ر به‌به‌شدارى یادگار رۆستهمى هێرشبه‌رى به‌هره‌مه‌ندى كورد قۆناغى پاڵاوتن و به سێ بردنه‌وه و 9 خاڵ به‌ربه‌ستى هه‌ڵبژارده‌كانى ماڵدیف و فهلهسنین و ئه‌فغانستان-ى بڕى و راسته‌وخۆ گه‌یشته كۆتاییه‌كانى پاڵه‌وانێتى ئاسیا، له‌مڕۆ هه‌ینى 17ى ته‌مموزى 2020 ده‌چێته نێو یه‌كه‌م كه‌مپێكى مه‌شق و راهێنانى ناوخۆیی كه تیایدا ئاماده‌كاری خۆى ده‌ستپێده‌كات.

*یارییه‌كانى هه‌ڵبژارده‌ى تازه‌پێگه‌یشتووانى ئێران له‌گروپى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژارده‌كان:
2020-11-25: ئێران×كۆریاى باكوور.
2020-11-28: ئێران×بهححرهین.
2020-12-01: ئێران×قه‌ته‌ر.
شایه‌نى باسه یادگار واحید رۆستهمى هێرشبه‌رى به‌هره‌مه‌ندى كوردى ئه‌ندامى تیمى تازه‌پێگه‌یشتووانى ئه‌كادیمیاى فوتبۆڵى كیا، له‌قۆناغى پاڵاوتنى گه‌یشتن بهكۆتاییهكانى پاڵه‌وانێتى جامى ئاسیا یه‌كێك بوو له‌ئه‌ندامانى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى تازه‌پێگه‌یشتووانى ئێرانى ژێر ته‌مه‌ن 16 ساڵ و بدرێسی ژمارە 10 له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى هه‌ڵبژارده‌كه‌یان گه‌یانده كۆتاییه‌كانى پاڵه‌وانێتییه‌كه.