هەواڵ

سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند په‌تاى كۆرۆناى تێپه‌ڕاند و ده‌ست به‌ژیانى ئاسایی ده‌كاته‌وه‌

زاگرۆس نانه‌كه‌لى- kurdsport

پاش ئه‌وه‌ى له‌كۆتایی مانگى حوزه‌یرانى رابردوو دووچارى په‌تاى كۆرۆنا هات، سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند-ى به‌رگریكارى نێوده‌وڵه‌تى كورد و پێشووى یانه‌ى هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌كانى لاوان و یه‌كه‌مى تۆپى پێى عێراق، چاكبوونه‌وه‌ى خۆى له‌په‌تاكه‌ راگه‌یاند.

سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند كه‌ له‌وڵاتى سوید ده‌ژى، پێش نزیكه‌ى 20 رۆژ له‌م وڵاته‌دا دووچارى ڤایرۆسى كۆرۆنا (كۆڤید 19) هات و پاش وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى پێویست و كه‌ره‌نتینه‌كردنى له‌ماڵه‌كه‌ى خۆیدا، نه‌خۆشییه‌كه‌ى تێپه‌ڕاند و له‌ناوه‌ڕاستى ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو ژیانى ئاسایی.

ئه‌م یاریزانه‌ كورده‌ كه‌ ته‌مه‌نى 42 ساڵه‌، له‌لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ (كوردسپۆرت) وتى: دوێنێ 17-7-2020 ئه‌نجامى دوایین پشكنینم وه‌رگرته‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌ش ئه‌رینى (نێگه‌تیڤ) بوو، توانیم به‌ماوه‌ى 18 رۆژ نه‌خۆشییه‌كه‌ تێپه‌ڕێنم و به‌وته‌ى پزیشكه‌كان سبه‌ى یه‌كشه‌ممه‌ 19ى ته‌مموز ده‌بێ بچمه‌وه‌ بۆ ناو خه‌ڵك و ده‌ست به‌ژیانى ئاسایی خۆم بكه‌مه‌وه‌.

شایه‌نى باسه‌ سەڵاحەدین سیامەند تاهیر رۆژى 30-3-1978 لەشاری هەولێر لەدایكبووە و ژیانى هاوسه‌رى پێكه‌وه‌ ناوه‌ و ئێستا لەوڵاتی سوید دەژی، یاریزانی هەڵبژاردەكانی لاوان و یه‌كه‌مى عێراق بووە و یه‌كێك بووە لەو یاریزانانەی لەگه‌ڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق ساڵی 2000 بوونە پاڵەوانی ئاسیا و ساڵى 2001 به‌شدارى مۆندیالى لاوانیان كردووه‌ له‌ئه‌رژه‌نتین و توانیویه‌تى له‌مۆندیاله‌كه‌دا گۆڵێك له‌هه‌ڵبژارده‌ى كه‌نه‌دا بكات، لەگەڵ هەلبژاردەی یه‌كه‌مى عێراق بەشداری پاڵاوتنی مۆندیالی 2002 و هەروەها ساڵى (2004) بەشداری (جامی كەنداوی 17)ی قەتەری كردووە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close