کۆچی پێچەوانەى یاریزانانى تۆپى پێ

عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌حمه‌د/ شوان
ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر ئاگادارى رەوشی وەرزشی کوردستان بێت، ئه‌و راستییه باش دەزانێ کەچالاکییە وەرزشییەکان بەتایبەتی تۆپی پێ لەقۆناغێکی چالاك (ئەکتیڤ) دابوو، بەمهۆیەشەوە یانەکانی کوردستان لەڕکابەری بەهێزی خۆتۆکمەکردن و خۆبەهێزکردنى ریزه‌كانیان دابوون بۆ دەستەبەری نازناوى خولەکان و ئەنجامی باش و به‌رچاو.
یەکێک لەو نەخشەڕێگایانەی یانەکان کاریان بۆدەکرد، هێنان و پەلکێشکردنی یاریزانانی عەرەبى شاره‌كانى عێراق بوو کەزۆرجار رەخنەش لەو یانە کوردییانە دەگیڕا کەیاریزانی عەرەبی زۆرهێناوە و یاریان پێدەکات و ده‌رفه‌تیان بۆ یاریزانانى كورد نه‌هێشتۆته‌وه، بەڕاستی ئه‌وان هێزێکی زیاتریان بەتیپەکان و یارییەکان هه‌روه‌ها خوله‌كان دەدا تا بەدەستهێنانی نازناوەکانیش.
بەڵام بەداخەوە ڵەئەمڕۆی خراپیی بارودۆخی کوردستاندا به‌تایبه‌ت له‌لایه‌نى ئابوورى و دارایی، کۆچێکی پێچەوانە دەبینین، ئەویش ڕۆیشتنی یاریزانه کوردەکانە بۆ یاریکردن لەڕیزی یانەکانی خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى عێراق به‌تایبه‌تیش یانه‌كانى شارى به‌غدا، ئه‌مه‌ش بەپێچەوانەی ئەوەی پێشووه كه دەمانبینی.
ده‌توانم بڵێم ئه‌مه‌ش بۆخۆی لاوازکردنی خولەکانی ناوخۆیە و بەزیان بەسەر تۆپی پێی کوردستاندا دەشکێتەوە، هۆکارەکەش تەنها پارە و ئیمتیازاتە کەپێشتر لێره له‌یانه‌كانى لاى خۆماندا بوونى هەبوو، ئێستاش نەماوە و به‌پێچه‌وانه‌وه لەیانهكانى عێراقدا بوونی هەیە.