هەواڵ

رێزان یانه‌ى هۆبرۆى ئاوت كرد و مانه‌وه‌ى یانه‌كه‌شى له‌سوپه‌ر لیگدا مسۆگه‌ركرد

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

دواجار هێرشبه‌ره‌ كورده‌كه‌ى دانیمارك، یانه‌ى هۆبرۆ-ى بۆ خولى پله‌ یه‌ك ئاوت كرد و یانه‌كه‌ى خۆى (لینگبى) له‌خولى سوپه‌رى تۆپى پێى یانه‌كانى دانیمارك (سوپه‌ر لیگ) هێشته‌وه‌.

وه‌ك یارى چوون و گۆڵێكى كرد و یه‌كێكى ترى سازكرد و بردنه‌وه‌ى به‌یانه‌كه‌ى به‌خشى، رۆژى 20-7-2020 له‌یارى هاتنه‌وه‌ى قۆناغى مانه‌وه‌ و دابه‌زینى خولى سوپه‌رى تۆپى پێى یانه‌كانى دانیمارك (سوپه‌ر لیگ)ى وه‌رزى 2019-2020دا، رێزان كۆرلو-ى هێرشبه‌رى لاوى كوردى یانه‌ى لینگبى به‌تۆماركردنى گۆڵێكى تر، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى مانه‌وه‌ى یانه‌كه‌یان له‌سوپه‌ر لیگدا مسۆگه‌ركرد و یانه‌ى هۆبرۆ-ى ركابه‌ریشیان له‌سوپه‌ر لیگه‌وه‌ بۆ خولى پله‌ یه‌ك دوورخسته‌وه‌.

یارییه‌كه‌ له‌یاریگاى لینگبى كرا و تیایدا یانه‌ى هۆبرۆ سه‌ره‌تا ده‌ستپێشخه‌ری له‌گۆڵكردندا كرد، كاتێك لاس نیلسن-ى به‌رگریكارى یانه‌ى لینگبى به‌هه‌ڵه‌ گۆڵه‌كه‌ى له‌خۆیان كرد، له‌خوله‌كى 23دا ماتیاس راسموسن گۆڵى به‌رامبه‌ر 1-1ى بۆ یانه‌ى لینگبى كرده‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌ى هاوسه‌نگ كرده‌وه‌ و نیوه‌ى یه‌كه‌م به‌یه‌كسانبوونى هه‌ردوولا 1-1 كۆتاییهات و له‌نیوه‌ى دووه‌میشدا رێزان-ى به‌هره‌مه‌ند له‌سه‌نته‌رى یاریگاى یانه‌ى هۆبرۆ-ه‌وه‌ تۆپێكى برد و توانى چه‌ند یاریزانێكى یانه‌ى هۆبرۆ ببڕێت و لێهاتووانه‌ له‌لاى چه‌په‌وه‌ به‌شووتێكى به‌هێز گۆڵى دووه‌م و پێشكه‌وتن بۆ یانه‌ى لینگبى تۆماربكات، له‌خوله‌كى 76دا یانه‌ى هۆبرۆ له‌ڕێگه‌ى ئێدگار بابایان گۆڵى دووه‌مى خۆى كرد و یارییه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ خاڵى سه‌ره‌تا، به‌ڵام ئه‌م ئه‌نجامه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى یانه‌ى لینگبى بوو، به‌و پێیه‌ى یارى ده‌ره‌وه‌ى یاریگاى خۆى 2-1 بردبووه‌وه‌ و به‌مه‌ش توانى به‌لێكدانى ئه‌نجامى هه‌ردوو یارییه‌كه‌ 4-3 براوه‌بێت و مانه‌وه‌ى خۆى له‌خوله‌كه‌دا مسۆگه‌ربكات و ركابه‌ره‌كه‌شى ئاوت بكات.

له‌م یارییه‌دا به‌هۆى یارى توندوتیژى و هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كترى، له‌خوله‌كى 90+9دا ناوبژیوان هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئۆنكۆنیا و بابایان له‌یانه‌ى هۆبرۆ و رێزان-ى له‌یانه‌ى لینگبى راسته‌وخۆ به‌كارتى سوور كرده‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م كارتى سوور بوو به‌ یاریزانه‌ لاوه‌كه‌ى كورد بدرێت.

شایه‌نى باسه‌ رێزان مه‌حمود كۆرلو-ى یاریزانى لاو و به‌هره‌مه‌ندى كورد كه‌ ته‌مه‌نى 22 ساڵه‌ و له‌هێڵى پێشه‌وه‌ى یانه‌ى لینگبى درێسى ژماره‌ 10ى ده‌پۆشێت و خۆى یاریزانى یانه‌ى برۆندبى-یه‌ و به‌خواستن یارى بۆ یانه‌ى لینگبى ده‌كات، به‌كۆتاییهاتنى سوپه‌ر لیگى یانه‌كانى دانیماركى وه‌رزى 2019-2020، بووه‌ خاوه‌نى 8 گۆڵ تۆماركراو و 8 گۆڵى سازكراو و له‌ 27 یاری و 2030 خوله‌ك یارى كردن و 5 كارتى زه‌رد و 1 كارتى سوورى پێدراوه‌.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close