وتار

جەنگەكە لەسەر دڵی بەرگریە

لە كڵۆپی سەروی ریزبەندیەوە تا ئارتێتا هەموویان بەدوای یاریزانی دڵی بەرگریدا ویڵن، یانە هەیە ئامادەیە 100 ملیۆن بدات و یانەش هەیە بەدوای شتی بەلاشا ئەگەڕێت!

*چێنەر عەبدولقادر

شەش یانە بەهێزەكەی پرێمەرلیگ كە پێیان ئەڵێن (تۆپ 6) هەموویان لە ئامادەكاری بەردەوامن بۆ وەرزی تازە و هەوڵەكانیشیان وەكو یەكە بۆ كڕینی یاریزانی دڵی بەرگری، یەك بەیەك باسی هێڵی بەرگری تیپەكان ئەكەین، لەگەڵ ئەو بەرگریكارانەی لەبازاڕدان.

لیڤەرپوڵ: هەرچەندە لیڤەرپوڵ باشترین هێڵی بەرگری هەیە بەراورد بە تیپەكانیتری پرێمەرلیگ، یان لە 5 خولە بەهێزەكەی ئەوروپاشدا بەس ریاڵ مەدرید و ئەتلەتیكۆ لەو كەمتر گۆڵیان لێكراوە، بەڵام كلۆپ باش دەزانێت پێویستی بە بەرگریكارێكی بەتوانایە بۆ تەنیشت ڤاندایك، گۆمێز لەم وەرزە ئاستی جێگیر نەبوەو لۆڤرن و ماتیپ ناتوانن بەردەوام ئەو رۆڵە ببینن.

مانچستەر سیتی: هیچ یانەیەك هێنەدەی مان سیتی پێویستی بە دڵی بەرگری نیە، زۆربەی كات لەم وەرزەدا دەمانبینی فرناندینۆ لەبەرگریدا بوو، یان لەوەش سەیرتر رۆدری و فرناندینۆش پێكەوە چونە بەگری. پێپ تەواو بێ هیوا بوە لە ئاستی ئۆتامێندی و جۆن ستۆنز، لاپۆرتیش زۆربەی كاتەكان پێكانی هەیە، بەناچاری ئیریك گارسیای هێنایە تیپی یەكەم، كە ئەویش دەیەوێت بچێتەوە بەرشەلۆنە، یان واڵكەرمان بینی كەدەچوە دواوە، هەموو ئەو گۆڕانكاریانە كاتی بوون، ئیتر ئێستا كاتی ئەوەیە كە پێپ بەرگریكارێك بەهێز بكاتە هاوڕێی لاپۆرت، دەبێت یاریزانێك بێت جێگەی كۆمپەنی بگرێتەوەو ببێتە سەركردەی هێڵی بەرگری.

چێڵسی: لەم وەرزەی پرێمەرلیگ تا ئێستا كە 2 یاری ماوە لە 10 یانەكەی پێشەوەی ریزبەندی چێڵسی لەهەموویان زیاتر گۆڵی لێكراوە ، چێڵسی چالاكترین یانەیە لە بازاڕی گواستنەوە بە هێنانی زیاش و ڤێرنەو نزیكبونەوەی كڕینی هاڤێرتز، چاوەڕێ ئەكرێت دوای بەم نزیكانە هەوڵ بۆ هێنانی یاریزانێكی بەتوانای دڵی بەرگری بدات، بەدەر لەوەی كە باس لە هێنانی بەرگریكارێكی چەپیش دەكەن.
رودیگێر و زوما و كریستیانسن و توموری بەرگریكاری باشن بەڵام بەردەوامیان نیەو هەڵەش دەكەن، بۆیە لامپارد ئەگەر ئەیەوێت كێبڕكێی پرێمەرلیگ بكات بۆ وەرزی داهاتوو پێویستی بەسوپەر ستارێك هەیە بۆ دڵی بەرگری.

مانچستەر یونایتد: هەموو لایەك باسی كارەكانی سوڵشایەر ئەكەن بەتایبەتی لە ناوەڕاست و پێشەوە، بەڵام هیچ گومانێكیش نیە كە ئەمانیش پێویستیان بە دڵی بەرگریەك هەیە، هەرچەندە هاری مەگوایەری گرانترین بەرگریكاری جیهانیان هەیە، بەڵام پێویستیان بە بۆندێكی تری هاوشێوەی ئەوە هەیە، نە ئیریك بایی و نە لیندیلۆف ناتوانن ئەو رۆڵە ببنن.

تۆتنهام: لەچاو راهێنەرەكانی تردا مۆرینیۆ لە توتنهام تازەیەو دەبێت گۆڕانكاری بكات و كێشەی دڵی بەرگری چارەسەر بكات، بەڵام دانیال لیڤی سەرۆكی تۆتنهام زۆر بە ئاشكرا ئەوەی وتوە كە كێشەی داراییان هەیەو ناتوانن بۆندی گەورە بكەن، بیریشتانبێت ڤرتونخن كۆتایی ئەم وەرزە بۆندەكەی تەواو ئەبێت و لە تۆتنهام ئەڕوات، هەر بۆیە ئیریك دایەر كە تازە بۆندەكەی درێژكردەوە بەبەردەوامی لە دڵی بەرگریدا ئەمێنێتەوە، بە هاوڕێیەتی سانچێز و تۆبی ئەلدەرڤیڵد، بەڵام لەوەناچێت مۆرینیۆ بڕوای تەواوی بە فۆیس هەبێت، بۆیە ئەبێت مۆرینیۆ دڵی بەرگریەكی هەرزان بدۆزێتەوە.

ئارسناڵ: قورسترین كاری ئارتیتا چارەسەركردنی كێشەی هێڵی بەرگری تیپەكەیەتی، چارەسەری كاتی ئەوەیە كە بە 3 بەرگری یاری ئەكات لە ئێستایا. لە ماوەی رابردودا بۆندی داڤید لویز درێژكرایەوە بۆ ساڵێكیكە، ئەمە نیشانەی ئەوەبوو كە تیپەكە ناتوانێت بە ئاسانی هەموو هێڵی بەرگری بگۆڕێت، موستافی و هۆڵدین و سۆكراتیس كە لە دڵی بەرگریدان یاریەك باشن و چەند یاریەك خراپن، كێشەكە ئەوەیە ئارتیتا بەم بەرگریكارانە بە پاسات لە دواوە یاری ئەكات بۆیە زۆرجاریش ئەكەونە هەڵەی كوشندەوە. ئارتیتا كێشەی زۆرە چارەسەر بكات، بەڵام بۆ ئەو شێوازەی خۆی دەكرێت بەرگریكارێكی هەرزان لە لالیگا بدۆزێتەوە.

كێن ئەو بەرگریكارانەی چاویان لەسەرە؟
لەگەڵ ئەم 6 یانە ئینگلیزیە زۆرێك لە یانە بەهێزەكانی ئەوروپاش پێویستیان بە دڵی بەرگری هەیە، لیستی ناوی ئەو بەرگریكارانەی چاویان لەسەرە باسیان ئەكەین.

*كالیدۆ كولیبالی: ئەم بەرگریكاریە سنیگالیەی ناپۆلی زۆرترین خواستی لەسەرە، پێش كۆرۆنا نرخی 100 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام لە ئێستادا كە تەمەنیشی 29 ساڵە كەمێك نرخی دابەزیوە بەڵام ناپۆلی بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت، مان سیتی و لیڤەرپوڵ و مان یونایتد چاویان لەسەریەتی.

*دایۆت ئۆپامیكانۆ: ئەم بەرگریكارە21 ساڵە فەرەنسیە بوەتە جێی باسی هەموو یانە بەهێزەكانی ئەوروپا، بەتایبەتی كە كۆتایی وەرزی داهاتوو بۆندەكەی لەگەڵ لایپزیگ كۆتایی دێت، لە ئینگلتەرا 5 یانە ناویان لەگەڵ باسی ئەم بەرگریكارە دێت، ئارتێتا خەون بەم فەرەنسیەوە ئەبینێت كە نرخەكەی لە ئێستادا 55 ملیۆن یۆرۆیە.

میلان سكرینیار: ئەم بەرگریكارە سلۆڤاكیەی ئینتەر میلان لە لایەن هەردوو یانەكەی شاری مانچستەر چاودێری ئەكرێت، لە پێشودا ئینتەر بەنیاری فرۆشتنی نەبوو، بەڵام چەند هەواڵێك هەن كە دەڵێن كۆنتی لە ئاستی نارازیە كاتێك لە 3 بەرگری یاری ئەكات، بۆیە لەوانەیە دەستبەرداری ببن، بەتایبەتی ئەگەر لاوتارۆ نەفرۆشن، توانای جەستەیی و یاریكردنی بە تۆپەوەو تەمەنی كە 25 ساڵە وائەكات باشترین بژاردەبێت بۆ گواردیۆلا.

نەیسن ئاكی: بەرگریكاری یانەی بۆرنمۆس نزیكە لەوەی روبكاتە یانەی مانچستەر سیتی، ئەم یاریزانە هۆڵەندیە پێشتر لەیانەی چێڵسی بوەو بەخواستن چوە بۆرنمۆس و لەوێ ئاستێكی باشی پێشكەش كردوو بۆندی هەمیشەیی لەگەڵ كردن، بەو پێیەی تەمەنی 25 ساڵەو نرخەكەشی لە 35 ملیۆندایە باشترین بژاردەیە بۆ مان سیتی و چێڵسی ئەگەر بیهێننە ریزەكانیانەوە.

كریس سمۆڵین: بەرگریكاری مانچستەر یونایتد كە ئێستا بە خواستن لەیانەی رۆمایە، لە ئیتاڵیا توانی ئاستێكی باش پێشكەش بكات و تاكار گەیشتە ئەوی پێی بڵێن (سماڵدینی)، بیریشمان نەچێت ئەم بەرگریكارە تەنها 30 ساڵەو نرخیشی زۆر نیە، دەكرێت بۆ ئارسناڵ یان تۆتنهام بۆندێكی سەركەوتوو بێت یان بگەڕێتەوە بۆ مانچستەر یونایتد.

مارش كومبولا: بەرگریكاری تەمەن 20 ساڵی یانەی ڤێرۆنا یەكێكە لەو ناوە تازانەی زۆر بەخێرایی لە بازاڕی گواستنەوە بڵاو بوەوە، ئەم بەرگریكارە ئەلبانیە لە 3 یاریزانی بەرگریدا توانایەكی باشی هەیە و دەكرێت بۆ تیپەكەی ئارتیتا زۆر باشبێت، بە تایبەتی كە نرخی لە 30 ملیۆندایە، لە ئیتاڵیاش زۆر یانە هەوڵی بۆ ئەیەن.

تیاگۆ سیلڤا: دوای كۆتایی هاتنی چامپینۆس لیگ لە مانگی 8 ئەم بەرگریكارە بەرازیلبیە بۆندەكە كۆتایی دێت، راستە تەمەنی 35 ساڵە بەڵام بەو خیبرەیەی هەیەتی و هیچ بڕە پارەیەكی تێ ناچێت بۆ تۆتنهام یان ئارسناڵ باشە.

دیگۆ گۆدین: بەرگریكاری ئۆرۆگوایی ئینتەر كە تەمەنی 34 ساڵە ئینتەر دەیەوێت دەستبەرداری بێت بەهۆی ئەوەی باستۆنی بوەتە سەرەكی، گۆدین یەكێكە لەو بەرگریكارە خاوەن خیبرانەی كە زۆر یانە پێویستیانە.

داڤید ئەلەبا: ئەم بەرگریكارە نەمساویە ماوەی یەك ساڵی ماوە لە بۆندەكە لەگەڵ بایرن میونخ، بەڵام بەهۆی ئەوەی داوای موچەی 20 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە ئەكات، ئەگەری هەیە بایرن دەستبەرداری ببێت، زۆرێك لە یانەكانی ئەوروپا و پرێمەرلیگ چاویان لەسەر ئەم یاریزانە 28 ساڵەیە كە لە دڵی بەرگری و لای چەپ یاری ئەكات و بەتۆپەوە زۆر بەتوانایە، تەنانەت لە ناوەڕاستدا یاری بۆ هەڵبژاردەكەی كردوە.

جۆزێ خیمینیز: بەرگریكاری بەتوانای ئەتلەتیكۆ مەدرید كە ماوەی 7 ساڵە لەو یانەیە یاری ئەكات، ئەم یاریزانە تەمەن 25 ساڵە چاوێكی زۆری لەسەرە بەڵام ئەتلەتیكۆ بە كەمتر لە 100 ملۆن یۆرۆ ئامادەنیە گفتوگۆی لەسەر بكات، بۆ ئێستا زۆر زەحمەتە هیچ یانەیەك ئەو پارەیە بداتە بەرگریكار.

زۆر ناویترهەیە كە بۆ هێڵی بەرگری باس ئەكرێت، بەڵام ئەوەی بوەتە كێشە بۆ یانەكان ئەوەیە كە دەبێت بەرگریكاری ئێستە بەتۆپیشەوە باشبێت، جگە لەو ناوانەی سەرەوە میلۆنكۆڤیج لە فێرۆنتینا و دیگۆ كارلۆس لە سیڤییەو زۆر باس دەكرێت، كارلۆس كە بەرازیلیەو تەمەنی 27 ساڵە نرخی شكاندنی بۆندەكە 75 ملیۆن یۆرۆیە.
ئومتیتی بەرگریكاری بەرشەلۆنە لە رابردودا یەكێكبوو لە باشترینەكانی ئەوروپا، بەڵام بەهۆی یارینەكردنیەوە تەواو هەواڵی لەسەر كەمبۆتەوە، ئەگەری هەیە ناوی ئەویش بێتەوە ناو گواستنەوەكان.
كیم مین جەی بەرگریكاری كۆریای باشور و تەمەن 23 ساڵ بە ڤاندایكی ئاسیا ناسراوە لەبەردەم راداری مۆرینیۆ و تۆتنهامدایە.

چەند رۆژێكیتر و لە 27 ی مانگ بە فەرمی گواستنەوەی یاریزانان لە پرێمەرلیگ دەكرێتەوەو ماوەی 10 هەفتە بەردەوام ئەبێت، با بزانین كام یانە سەركەوتوو ئەبێت لە دۆزینەوەی باشترین دڵی بەرگری.

په‌یوه‌ندی دار

Check Also

Close
Back to top button
Close