هەواڵ

کوردە بەهرەمەندەکەی کریستاڵ پاڵاس بناسە

وەک بەڵێنی وێب سایتی کورد سپۆرت لەسەرەتای دروستبوونیەوە کە دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان وەرزشکار و ئەستێرە کوردەکان لەگەڵ خوێنەر و بینەری کوردی، ئەمجارە کوردێکی بەهرەمەندتان پێ ئەناسێنین کەلەیانەی کریستاڵ پاڵاسی ئینگلیزی ئایندەیەکی گەش چاوەڕێیەتی و خۆشی دەیەوێت وەک کوردێک بچێتە پرێمیەر لیگ.

کاردۆ کامەران سدیق کە ناوی لەنوسراوە فەرمییەکان کاردۆ سدیقە لە 21/09/2002 لەئیلین لەدایکبووە کەدەکەوێتە رۆژئاوای لەندەن، دایک و باوکی کاردۆ لەکوردستان لەدایک بوون و دواتر بەرەو بەریتانیا کۆچیان کردووە.

ئەو یاریزانە کەلەهێڵی بەرگری یاریی دەکات دەڵێت زۆر هەوڵیداوە و تاقیکردنەوەی کردووە و رەتکراوەتەوە وەک یانەکانی واتفۆرد و برێنتفۆرد، بەڵام سووربووە لەسەر پێشکەشکردنی تواناکانی خۆی و بەپاڵپشتی باوک و دایکی بەردەوام بووە لەتاقیکردنەوەکان تا ئەو کاتەی یانەی کریستاڵ پاڵاس وەک یاریزانێکی ئەکادیمیەکەی و تیپی لاوان وەریانگرتووە.

کاردۆ دەڵێت رۆژ هەبووە بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە یارییکردووە تاوەکو یانەیەک رازیبکات وەریبگرێت، بەڵام ئێستا دڵخۆشە بەوەی بەدەستهێناوە و بۆتە جێی متمانەی کریستاڵ پاڵاس.

لەبارەی کورد بوونیەوە کاردۆ دەڵێت: بۆ ئایندە تەنها ئامانجم ئەوەیە ببمە یەکەم یاریزانی پیشەگەریی کورد لەپرێمیەر لیگ، ئەمەوێت خەڵکی وڵاتەکەم شانازیم پێوەبکات باشترین شتیش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ئەوەیە هەوڵبدەم باشترینەکانی خۆم پێشکەش بکەم.