هەواڵ

به‌رگریكاره‌ كورده‌كه‌ى هه‌ڵبژارده‌ى سوریا بۆ وه‌رزێكى تریش له‌گه‌ڵ یانه‌ كوێتییه‌كه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

كاپتنه‌ كورده‌كه‌ى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى سوریا بۆ وه‌رزێكى تریش له‌گه‌ڵ یانه‌ى ئه‌لعه‌ربى له‌خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى كوێت له‌یارى كردن به‌رده‌وام ده‌بێت و سوپاسى ئه‌نجومه‌نى كارگێڕیی یانه‌كه‌ش ده‌كات بۆ ئه‌و متمانه‌یه‌ى پێیان هه‌یه‌.

ئه‌حمه‌د ئه‌لساڵح-ى به‌رگریكارى نێوده‌وڵه‌تى كورد بۆ وه‌رزى 2020-2021ى خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى كوێت بۆنده‌كه‌ى له‌گه‌ڵ یانه‌ى ئه‌لعه‌ره‌بى كوێتى درێژكرده‌وه‌ كه‌ وه‌رزى 2019-2020ى رابردوو له‌یانه‌ى ئه‌لعه‌هد-ى لوبنانه‌وه‌ به‌شێوه‌ى خواستن یارى بۆ یانه‌كه‌ كرد، به‌ڵام دواجار پاش گفتوگۆى نێوان هه‌ردوو یانه‌ى ئه‌لعه‌ره‌بى و ئه‌لعه‌هد، ئۆكه‌ى به‌ به‌رگریكاره‌ كورده‌كه‌ى هه‌ڵبژارده‌ى سوریا درا بۆ وه‌رزێكى تر له‌گه‌ڵ یانه‌ كوێتییه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت.

ئه‌حمه‌د-ى به‌رگریكارى ته‌مه‌ن 31 ساڵ كه‌باڵاى 183 سانتیمه‌تره‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى یه‌كه‌مى سوریا خاوه‌نى 56 یارى و 2 گۆڵه‌، بۆ جارى چواره‌مه‌ بڕیارى یاریكردن له‌ڕیزى یانه‌ى ئه‌لعه‌ره‌بى كوێتى ده‌دات و پێشووتر وه‌رزه‌كانى 2013-2014 و 2014-2015 بۆ یه‌كه‌مجار و دواتر وه‌رزى 2016-2017 بۆ جاری دووه‌م و وه‌رزى 2019-2020 بۆ جارى سێیه‌م یارى بۆ یانه‌كه‌ كردووه‌ و وه‌رزى 2013-2014 له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌شدا نازناوى جامى یانه‌كانى كوێت و وه‌رزى 2014-2015 نازناوى جامى جێنشینى كوێت-ى به‌ده‌ستهێناوه‌.

شایه‌نى باسه‌ ئه‌حمه‌د ئه‌لساڵح ساڵى 1989 له‌شارى عامودێ (عامودا)ى رۆژئاواى كوردستان له‌دایكبووه‌ و له‌كاروانى یاریكردنی ژیانى پیشه‌گه‌ریدا ساڵانى (2007 تا 2020) بۆ یانه‌كانى (جه‌یش/ سوریا، شورته‌/ سوریا، عه‌ره‌بى/ كوێت، شورته‌/ عێراق، موحه‌ره‌ق/ به‌حره‌ین، عه‌ره‌بى/ كوێت، هینان جینای/ چین، جه‌یش/ سوریا، ئه‌لعه‌هد/ لوبنان، ئه‌لعه‌ره‌بى/ كوێت) یارى كردووه‌.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close