یانه‌یه‌كى عێراق پایسكلسوارێكى كوردى ئیتاڵیا ده‌كاته ئامانج

ئا: سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، له‌ئێستادا تیپى پایسكلسواریی یانەی سناعەی شاره به‌غدا گرێبەستێکی پێشکەش کردووم بۆئەوەی لەپاڵەوانێتییەکانی عێراق و دەرەوەدا بەناوی ئەوانەوە بەشداری بکەم، به‌ڵام هێشتا بڕیارى كۆتاییم له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كه‌یان نه‌داوه.
خەسڕۆ عه‌بدولحه‌مید-ى پایسكلسواری دیارى كوردستان و هه‌ڵبژارده‌ى عێراق كه له‌ساڵى 2016ه‌وه تائێستا له‌ئیتاڵیا و به‌دیاریكراوى له‌شارى كرۆتۆنى نیشته‌جێیه و له‌تیپى پایسكلسواری یانەی کرۆتۆنی یاری دەکات لەسەر ئاستی هەرێمی کەلابریا، له‌باره‌ى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى لەلایەن تیپى پایسكلسوارى یانەی سناعەی عیراقەوە پێشكه‌شى كراوه، بۆ كورد سپۆرت وتى: گرێبه‌ستێكیان پێشكه‌ش كردووم و داوایان لێم کردووە لەپالەوانێتییەکانی عێراق و ده‌ره‌وه یارییان بۆ بکه‌م، بەڵام تائێستا خۆم یه‌كلانه‌كردۆته‌وه و دوابڕیارم له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كه نەداوە.
خه‌سرۆ كه لەو کاته‌وه‌ی رووی کردۆتە ئیتالیا تائێستا لەگه‌ڵ تیپى یانەی کرۆتۆنی به‌رده‌وامه له‌یاری كردن و لەسەر ئاستی هەرێمی کەلابریا لەماوه‌ی چوار ساڵی یاری كردنیدا شه‌ش جار پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و سێ جار پلەی دووەم و چوار جاری تریش پلەی سێیەمى، ده‌ڵێت: نازانم دەگەڕێمەوه بۆ كوردستان یان هه‌ر لهیانەی کرۆتۆنی ئیتالی بەردەوام دەبم، هێشتا خۆم یه‌كلانه‌كردۆته‌وه، ئێستاش وەک نوێنەری هەرێمی کەلابریا بۆ بەشداری كردن لهپالەوانتیەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئیتالیا، رۆژانە لەمەشق و راهێنانى خۆمان بەردەوامین، ئاماده‌كاریی ده‌كه‌ین بۆ پاڵەوانێتی هەرێمەکان و پاڵەوانێتی بولزانۆ کە بەبەشداری پایسكلسوارانى 28 وڵات لەباکووری ئیتالیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام بەهۆی بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەرەتای ساڵی 2021ى داهاتوو دواخراوه.

هەروەها ئه‌م پایسكلسواره كورده ده‌ڵێت: لەسەرەتای ساڵی نوێ پاڵەوانیەتی گیرۆ دێلی دۆلۆمیتۆ-مان له‌پێشه کە بڕیاروایه به شه‌ش قۆناغ لەمانگی ئازارى ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، جگه له‌مه‌ش له‌كۆتایی مانگى ئایارى 2021دا پاڵەوانێتییهکی كراوه هه‌یه لەوڵاتی ئەلمانیا ئەنجام دەدرێت، هیوادارم رێگه‌م پێ بدرێت كه بەناوی کوردستانەوە بەشداری تێدا بکەم.
شایه‌نى باسه خه‌سرۆ عه‌بدولحه‌مید ساڵانى 2006 تا 2009 لەڕیزى هەڵبژاردی پایسكلسوارى عێراق یارى كردووه و بەهۆی شکانی قاچییەوە لەهەلبژاردەكە دابڕاوه و لەم ماوەیەشدا لەگەڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌دا به‌شداری چەندین پاڵەوانێتی ئاسیا و ئەفریقای کردووە و میدالیای زیوی لەوڵاتی به‌حره‌ین بەدەسهێناوە، ئه‌وكاته بۆ تیپى پایسكلسواریی یانەکانی ئارارات و برایەتی و هەولێر و کۆیە یاری کردووە و لەساڵی 2004 لەگه‌ڵ تیپى یانەی ئارارات پلەی یەکەمى بەدهستهێناوە و لەگه‌ڵ تیپەکانی تریش بەهەمان شێوە لەپاڵەوانێتییەکانی کوردستان و عێراقدا لەپلەکانی پێشەوە بووه و ئەنجامی باشى هەبووە.