بۆچى ژیلوان حه‌مه‌د درێسى ژماره حه‌وت ده‌پۆشێت، لەخۆشەویستی كریستیانۆ رۆناڵدۆیه؟!

سه‌نگه‌ر زرار
تایبه‌ت به kurdsport
ژماره 7 له‌نێو لاكێشهى سه‌وز و جیهانى تۆپى پێدا به‌فه‌رمیی بۆته موڵكى كریستیانۆ رۆناڵدۆ-ى ئه‌فسانه‌ى یارى تۆپى پێى پۆرتوگال و جیهان و یانه‌ى یۆڤانتۆس تۆرینۆ-ى ئیتاڵیا، زۆر یاریزانى تر‌ى دونیاى تۆپى پێ له‌به‌ر خۆشه‌ویستى ئه‌م یاریزانه و لێهاتوویی و ناووناوبانگی، درێسى ژماره 7 لهیانهكانیان ده‌پۆشن، بابزانین ژیلوان حه‌مه‌د-ى یاریزانى نێوده‌وڵه‌تى كوردى سوید و هه‌ڵبژارده‌ى عێراق و یانه‌ى گۆریكا-ى كرواتیا بۆچى درێسى ژماره 7 ده‌پۆشێت؟، (كورد سپۆرت) وه‌ڵامه‌كه‌ى بۆ خوێنه‌رانى و عاشقانى كاپتن ژیلوان وه‌رده‌گرێته‌وه.
ژیلوان حه‌مه‌د له‌خۆشه‌ویستى كامه یاریزان درێسى ژماره حه‌وت ده‌پۆشێت؟!
ژیلوان حه‌مه‌د-ى ته‌مه‌ن 29 ساڵ كه به (ژیله) ناسراوه و له‌ئێستادا له‌خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى كرواتیا به‌درێسى ژماره 7 بۆ یانه‌ى گۆریكا یارى ده‌كات، له‌وه‌ڵامى پرسیارى (كورد سپۆرت) كه بۆچى هه‌ڵگرى درێسى ژماره حه‌وت-ه، ئایا له‌به‌ر خۆشه‌ویستى كریستیانۆ رۆناڵدۆ-یه؟

كاپتن ژیلوان له‌وه‌ڵامدا وتى: نه‌خێر من كه چوومه ریزى یانه‌ى گۆریكا-ى كرواتى ژماره 6 و 11 و 10 گیرابوو، منیش له‌نێو ئه‌و ژماره درێسانهى مابوون، ژماره (7)م هه‌ڵبژارد، ئه‌مه‌ش به‌ڕێككه‌وت بوو، هه‌ڵبژاردنى ئه‌م ژماره‌یه په‌یوه‌ندى به (كریستیانۆ رۆناڵدۆ) نه‌بووه، ئه‌گه‌ر به‌خواستى من بوایه ژماره 6 یان 11م ده‌ویست كه رۆژى 6-11 رێكه‌وتى له‌دایكبوونمه، یانیش ژماره 10 كه ئه‌م ژماره‌یه‌م زۆر به‌لاوه جوانه.
ژیلوان به‌رده‌وامى بهوهڵامهكهى بۆ (كورد سپۆرت) ده‌دات و ده‌ڵێت: من له‌منداڵى ئهندهریه چیڤیچینكۆ-ى ئۆكرانى و یاریزانى ئه‌وكاتى یانه‌ى ئه‌ى سى میلان و پابلۆ ئه‌یمار-ى ئه‌رژه‌نتینى یاریزانى یانه‌ى ڤالانسیا-م خۆش ده‌ویست و به‌م دوو یاریزانه سه‌رسام بووم، له‌ئێستاشدا زڵ‌اتان ئیبراهیمۆڤیچ و كریستیانۆ رۆناڵدۆ كه سه‌ره‌ڕاى هه‌ڵكشانى ته‌مه‌نیان یارى و داهێنان و گۆڵى جوانتر پێشكه‌شى یارى تۆپى پێ ده‌كه‌ن، له‌به‌ر نه‌بوونى كات ناتوانم سه‌یرى زۆرێك له‌یارییه‌كان بكه‌م، به‌ڵام هه‌ر كاتێك زڵ‌اتان و رۆناڵدۆ یارییان هه‌بێت، ده‌رفه‌تێك ده‌دۆزمه‌وه و سه‌یرى یارییه‌كانیان ده‌كه‌م، چونكه تاموچێژى زۆرى لێوه‌رده‌گرم و هه‌ردووكیان له‌سه‌ره‌تاى یارییه‌كانه‌وه زۆر شت پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه، لیۆنێل میسى-ش یاریزانێكى هه‌تا بڵێى نموونه‌یی و باشه و رقم لێى نییه، به‌ش به‌حاڵى خۆم شێوازى یارى كردنى كریستیانۆ رۆناڵدۆ-م زیاتر به‌دڵه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى زۆریشم خۆش ناوێت.