له‌دوو هه‌ڵبژارده‌ى نموونه‌یی باشترینه‌كانى هه‌فته‌ى ده‌یه‌مى ئالسڤێنسكاندا بوونى هه‌یه

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
هه‌ریه‌كه لهوێبسایتهكانى پڕۆگرامى ستۆدیۆ ئالسڤێنسكان و دیپلاى سپۆرت بۆ جارى سێیه‌م داڵه‌هۆ ئیراندوست-ى ناوه‌ڕاستكارى به‌هره‌مه‌ند و لاوى كوردى یانه‌ى بى كه‌ى هێكن-ى سویدى له‌پێكهاته‌ى باشترینه‌كانى هه‌فته‌ى خولى نایابى تۆپى پێی یانه‌كانى سوید (ئالسڤێنسكان) داده‌نێن.
رۆژى 22ى ته‌مموزى 2020 له‌یارییه‌كانى هه‌فته‌ى ده‌یه‌مى خولى نایابى تۆپى پێی یانه‌كانى سوید (ئالسڤێنسكان)ى ساڵى 2020دا، داڵه‌هۆ-ى ته‌مه‌ن 22 ساڵ به‌شێوه‌ى سه‌ره‌كى به‌شدارى له‌یارى یانه‌كه‌ى (هێكن) له‌به‌رامبه‌ر یانه‌ى ئا‌یك سۆلنا ستۆكهۆڵم كرد و تاخولهكى 77 یاریكرد و توانى له‌م ماوه‌یه‌دا ئاستێكى به‌رز له‌ناوه‌ڕاستى یارییه‌كه‌دا پێشكه‌ش بكات و له‌خوله‌كى 74دا گۆڵى سێیه‌می یانه‌كه‌ى سازكرد كه لیۆنارد زوتا-ى هاوڕێى گۆڵه‌كه‌ى تۆماركرد، پاش كۆتاییهاتنى ته‌واوى یارییه‌كانى هه‌فته‌ى ده‌یه‌مى خوله‌كه، هه‌ریه‌كه لهوێبسایتهكانى پڕۆگرامى ستۆدیۆ ئالسڤێنسكان و دیپلاى سپۆرت پێكهاته‌ى نموونه‌یی باشترین 11 یاریزانى هه‌فته‌كه (هه‌ڵبژارده‌ى هه‌فته)یان دیاریكرد و له‌هه‌ردوو پێكهاته‌كه‌شدا ناوى داڵه‌هۆ ئیراندوست-ى ناوه‌ڕاستكارى لاوى كوردى یانه‌ى هێكن ده‌بینرێت.

پڕۆگرامى ستۆدیۆ ئالسڤێنسكان و دیپلاى سپۆرت-ى سویدى كه راپۆرت و شیكارى هونه‌رى له‌سه‌ر یارییه‌كانى خوله‌كه و ئه‌نجامى تیپه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنى ئاستى یاریزانان ده‌كه‌ن، بۆ جارى سێیه‌مه ناوى ئه‌م یاریزانه بههرهمهندهى كورد ده‌خه‌نه نێو پێكهاته‌كانیان و بۆ جارى دووه‌میشه داڵه‌هۆ له‌لایه‌ن هه‌ردوو شوێنه‌كه‌وه له‌یه‌ككاتدا ناوى له‌پێكهاته‌ى نموونه‌یی هه‌فته دایه و پێشووتر له‌هه‌فته‌ى هه‌شته‌مى ئالسڤێنسكانى ساڵى 2020ى یانه‌كانى سویددا به‌هه‌مان شێوه هه‌ردوولا له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه ناویان خستبووه نێو پێكهاته‌ى هه‌فته‌وه.

شایه‌نى باسه داڵه‌هۆ ره‌فعه‌ت ئیراندوست-ى یاریزانى كورد یه‌كێكه له‌یاریزانه لاو و هه‌ره دیاره‌كانى خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید (ئالسڤێنسكان) و له‌گه‌ڵ یانه‌ى هێكن له‌هێڵى ناوه‌ند به‌درێسى ژماره 19 یارى ده‌كات و له‌خولى ئه‌مساڵیشدا خاوه‌نى 4 گۆڵ و 2 پاسى گۆڵه له 10 یاری و 819 خولهك یاریكردندا.