ژیانی ئەستێرەكان

شانۆ لەچوارباخەوە گەیشتە هەڵبژاردەی عێراق

(شانۆ لەگۆڵەکەدا پارێزگاری لە تۆڕی دوو یاری جیاواز دەکات)
کۆمەڵگەی کوردی لەچاو جاران کرانەوەیەکی باشتری لەجاران لەڕووی وەرزشییەوە بەخۆوە بینیوەو کچانیش هاوشێوەی کوڕان بەخواستی خۆیان و ڕەزامەندی خێزانەکانیان شارەو شارو وڵاتان دەگەڕێن بۆ بەدەست هێنانی نازناوی وەرزشی و تۆمارکردنی شریتی ڕۆژانەیان لەئەلبومی یادەوەریەکانیاندا.
شاری سلێمانی دەتوانرێت بوترێت سەرقافڵەی ڕێچکە شکێنی وەرزشی کچانەو یانەی ئافرۆدێتیش پشکی شێری هەیە لەکۆکردنەوەی زۆرترین کچە وەرزشکار لەماڵەکەیدا.


یەکێک لەو کچە یاریزانانەی ئافرۆدێت، (شانۆ محەمەد) گۆڵپارێزی ناوداری سلێمانی و کوردستان و عێراقە کە ئەو پارێزگاری لە دوو تیپی جیاوازی یانەکەی دەکات.


شانۆ لەگەڕەکی چوارباخ کە لانکەی پێگەیاندنی وەرزشکارانە ژیاوەو لەخوێندنی قوتابخانەوە بەوەرزش ئاشنابوەو لەهەڵبژاردەی پەروەردەکانەوە بەنازناو شادبوە بەتایبەت لە تۆپی دەستدا.


شانۆ ساڵی ۲٠٠۹ لەتۆپی دەستی یانەی سیروانی نوێدا خۆی بینییەوەو ماوەی دوو ساڵ لەو یانە ئەزمونی لەکەسانی شارەزاو ناودار وەرگرت.
دواتر قۆناغی بەرەو کێبڕکێ بەهێزەکانی کچان بۆ شانۆ دەستی پێکرد کاتێک ڕووی کردە یانەی ئافرۆدێت، لەوێ شانۆ لەگەل جیلە ئاڵتونیەکەی ئافرۆدێت کەتائێستاش بەردەوامن، شەڕی نازناوی تۆپی دەستیان بەرپا کردو دوای چەند پلەیەکی جیاواز سەرەنجام لەعێراق پلەی دوەم و لەکوردستان پلەی یەکەمیان بەدەست هێناو شانۆش گەیشتە هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق و بەخەونەکەی گەشت.


بەوەش شانۆ ساڵی ۲٠۱۸ وەک گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق بەشداری پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیای کرد لە وڵاتی ئوردن .

شانۆ لەگەڵ ئافرۆدێت و هەلبژاردەی عێراق


لەبەر ئاستە بەرزەکەی شانۆو هاوکات دڵسۆزی ئەو بۆ یانەو شارەکەی، ساڵی ۲٠۱٥ هەر لەئافرۆدێت درێسی تیپی فوتساڵی یانەکەشی پێ بەخشراو لەوێش بەزوویی بە نازناوی دوەم و دواتریش سێیەمی کوردستان لەفوتساڵدا گەشت و زۆرجاریش ڕزگارکەری سەرەکی تیپەکەی بوە.


هەڵبژاردەی فوتساڵی سلێمانیش یەکێکی ترە لەو جێگایانەی کەشانۆ یاری بۆ کردوەو پلەی دوەمی پارێزگاکانی کوردستانی تێدا بەدەست هێناوە، ئەوەش لەساڵی ۲٠۱۸ دا.


لە ۲٠۱۹ دا شانۆ لەپاڵ مەشقی خۆی، مەشقی گۆڵپارێزی دوەمی تیپەکەشی لەئەستۆ گرت و هاوکاری ستافی ڕاهێنانی کردو بەشێک لەئەزمونەکەی خۆی بەجیلی دوای خۆی بەخشیوەو زۆر جاریش پێگەکەی خۆی بەگۆڵپارێزە نوێیەکەی ئافرۆدێت داوە تا ببینێت بەرهەمی ماندوبونەکەی چی لێ دەرچوە.


ئەم گۆڵپارێزە لەئێستاوە پلان بۆ ئەوە دادەنێت چەند ساڵێکی تریش لەگۆڕەپانەکاندا بەرپەرچی تۆپەکان بداتەوەو دواتریش وەک ڕاهێنەر درێژە بەژیانی وەرزشی بدات.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close