وێنە و ئەرشیف

سەرکەوتنی ڕاستگۆیی


پاڵەوانی بەرزکردنەوەی قورسایی میسریی عبیر عبدالرحمن (٢٨ ساڵ) لە ئۆڵۆمپیادی بەیجینی ساڵی ٢٠٠٨دا، لە کێشی ٦٩ کگم دا بەشداریکرد، پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا، بەڵام پاش ئەوەی سەلمێنرا خاوەن پلەی یەکەم و سێیەم وزەبەخشییان وەرگرتووە، مەدالیاکانیان لێسەنرایەوە، عبیریش پلەکەی لە پێنجەمەوە بۆ سێیەم بەرزبووەوە و مەدالیای بڕۆنزی بەدەستهێنا.
پاشان عبیر لە ئۆڵۆمپیادی لەندەنی ساڵی ٢٠١٢دا لە کێشی ٧٥ کگم دا بەشداریکرد، ڕکابەرەکانی عبیر پەیتا پەیتا کێشی زۆر قورسییان بەرزدەکردەوە، عبیریش بەناچاریی هەوڵیدا کێشی قورستر بەرزبکاتەوە تاوەکو لە پێشبڕکێکەدا بمێنێتەوە، بۆیە لە کۆتا هەوڵیدا سەنگەکە کەوت بەسەریدا و بردییان بۆ نەخۆشخانە! بەم شێوەیە عبیر پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا.


بەڵام پاش ئەوەی جارێکی تر سەلمێنرا خاوەن پلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم مادەی وزەبەخشییان بەکارهێناوە، هەر ئەوەش وایکرد بوو کە کێشی قورس تر بەرزبکەنەوە، بۆیە پاش ٤ ساڵ و لە ساڵی ٢٠١٦دا، لیژنەی ئۆڵۆمپیی نێودەوڵەتیی و یەکێتیی نێودەوڵەتیی هەڵگرتنی قورسایی بڕیاریاندا، پلەی عبیر لە پێنجەمەوە بۆ دووەم بەرزبکەنەوە و مەدالیای زیوی ئۆڵۆمپیادی پێببەخشن.
پاشان عبیر بوو بە یەکەم ئافرەت لە مێژووی میسردا، کە خاوەنی مەدالیای زیوی ئۆڵۆمپیادی بردبێتەوە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close