هەواڵ

یاریزانه‌ كورده‌ گرانبه‌هاكه‌ بۆ خولى پله‌ یه‌ك و جامى یه‌كێتى ئاسیا ئاماده‌یه‌

ئا: سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

بڕوا نورى یاریزانى نێوده‌وڵه‌تى كوردى دانیشتووى سوید وه‌ك گرانترین یاریزانى پیشه‌گه‌ری یانه‌كه‌ى، په‌یوه‌ندى به‌یانه‌ى بالى یۆنایتد كرده‌وه‌ بۆ خولى پله‌ یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى ئیندۆنیسیا و جامى یه‌كێتى ئاسیا.

پاش چوار مانگ مانه‌وه‌ له‌سوید به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا، دواجار بڕوا نورى ناوه‌ڕاستكارى كورد گه‌یشته‌وه‌ دوورگه‌ى بالى ئیندۆنیسیا و په‌یوه‌ندى به‌یانه‌ى بالى یۆنایتد كرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ یاریزانانى ترى یانه‌كه‌ى ده‌ستى به‌مه‌شق و راهێنان و ئاماده‌كارییه‌كان كرده‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنى یارییه‌كانى خولى پله‌ یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى ئیندۆنیسیا و جامى یه‌كێتى ئاسیا كه‌ یانه‌كه‌ى تیایدا به‌شداره‌.

به‌ر له‌گه‌ڕانه‌وه‌شى بۆ ئیندۆنیسیا بڕوا نورى ته‌مه‌ن 33 ساڵ ئه‌وه‌ى بۆ میدیاكانى وه‌رزشى سوید ئاشكراكردبوو كه‌ ئه‌و له‌ماوه‌ى ئه‌و چوار مانگه‌ى كه‌ له‌سوید بووه‌ به‌پێى توانا مه‌شق و راهێنانى خۆى كردووه‌ تا پارێزگاریی له‌تواناى جه‌سته‌یی خۆى بكات و له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ ئاماده‌یی پیشاندابوو بۆ یارییه‌كانى یانه‌كه‌ى له‌خولى پله‌ یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى ئیندۆنیسیا و جامى یه‌كێتى ئاسیا.

سه‌باره‌ت به‌بۆنده‌كه‌شى له‌گه‌ڵ یانه‌ى بالى یۆنایتد بڕوا ئه‌وه‌ى راگه‌یاندووه‌ كه‌ بۆنده‌كه‌ى رۆژى 31-12-2020 كۆتایی پێدێت، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ بۆ ماوه‌ى دوو مانگ تا كۆتایی مانگى شوباتى ساڵى 2021 درێژى بكاته‌وه‌.

*بڕوا گرانترینه‌

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ میدیاكانى وه‌رزشى ئیندۆنیسیا بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ بڕوا حیكمه‌ت نورى پیشه‌گه‌رى عێراقى تائێستا گرانترین یاریزانى نێو پێكهاته‌ى یانه‌كه‌یه‌تى به‌ 7.6 ملیار روپیه‌ى ئیندۆنیسیایی و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ لیستى ناوى چوار گرانترین یاریزانى یانه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ناوه‌ڕاستكاره‌ كورده‌كه‌ له‌پێشه‌نگى یاریزانه‌كانى ترى یانه‌كه‌ى دایه‌:
1-بڕوا حیكمه‌ت نورى/ ره‌گه‌ز (عێراقى و سویدى) ناوه‌ڕاستكار: 7.6 ملیار روپیه‌ى ئیندۆنیسیایی.
2-ویلیان سیلڤا كۆستا پاچیكۆ/ ره‌گه‌ز (ئیندۆنیسى و هۆڵه‌ندى) ناوه‌ڕاستكار: 5.6 ملیار روپیه‌ى ئیندۆنیسیایی.
3-ستیفانۆ لیلیپالى/ ره‌گه‌ز (به‌رازیلى) هێرشبه‌ر: 5.6 ملیار روپیه‌ى ئیندۆنیسیایی.
4-ئه‌نتۆنیوس یۆهانسن میلڤین پلاتجى/ ره‌گه‌زنامه‌ (هۆڵه‌ندى) ناوه‌ڕاستكار: 5.2 ملیار روپیه‌ى ئیندۆنیسیایی.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close