یانه‌ى رۆیاڵ ئهنتویرپ به‌خێرهاتنى گۆڵپارێزه كورده‌كه ده‌كات

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
پاش دوو هه‌فته له‌گه‌یشتنى بۆ به‌لژیكا و كه‌ره‌نتینه كردن و پشكنینى پزیشكى، دواجار ئه‌مڕۆ یانه‌ى رۆیاڵ ئهنتویرپ به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمیی به‌خێرهاتنى گۆڵپارێزه كورده‌كه‌ى كرد و ئه‌میش به‌شدارى یه‌كه‌م یه‌كه‌ى مه‌شق و راهێنانى یانه نوێیه‌كه‌ى بوو.
یانه‌ى رۆیاڵ ئهنتویرپ كه له‌خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى به‌لژیكا (جوپیلێر پڕۆلیگ)دا یارى ده‌كات و وه‌رزى داهاتوو 2020-2021 له خولى ئه‌وروپا بۆ یانه‌كان (ئه‌وروپا لیگ) به‌شداره، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 28ى ته‌مموزى 2020 لهوێبسایتى تایبه‌تى خۆیدا وێڕاى به‌خێرهێنانى، به‌فه‌رمیی باسى له‌گواستنه‌وه‌ى عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ى ته‌مه‌ن 27 ساڵ و گۆڵپارێزى كوردى (له‌ك) و ژماره (1)ى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى ئێران و یانه‌ى پێرسپۆلیس كردووه بۆ ریزه‌كانى یانه‌كه كه به‌پێى بۆندێك بۆ ماوه‌ى 3 ساڵ په‌یوه‌ندى به‌یانه‌كه‌یانه‌وه كردووه و له‌گه‌ڵ بژارده‌ى درێژكردنه‌وه‌ى بۆنده‌كه‌ى بۆ ساڵێكى تریش.

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شكردووه كه گۆڵپارێزى ناوبراو له‌مۆندیالى 2018ى روسیا پارێزگاریی له‌گۆڵى هه‌ڵبژارده‌ى ئێران كردووه و هیواى سه‌ركه‌وتنیشى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یان بۆخواستووه.
ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م وێستگه‌ى ژیانى پیشه‌گه‌ریی گۆڵپارێزه كورده‌كه ده‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ى ئێران و یانه‌ى رۆیاڵ ئهنتویرپ-ى به‌لژیكایی له‌به‌رامبه‌ر دهستبهرداربوونیدا بڕى 630 هه‌زار یۆرۆى داوه‌ته یانه‌ى پێرسپۆلیس و بۆندیشى بۆ ماوه‌ى 3 ساڵ له‌گه‌ڵدا كردووه له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌ى بۆنده‌كه بۆ ساڵى چواره‌م له‌سه‌ر خواستى خۆى، به‌پێى بڕگه‌كانى بۆنده‌كه‌ش، ساڵى یه‌كه‌م بڕى 900 هه‌زار دۆلار و ساڵى دووه‌م بڕى یه‌ك ملیۆن دۆلار و ساڵى سێیه‌میش بڕى یه‌ك ملیۆن و دوو سه‌د هه‌زار دۆلار-ى پێده‌درێت.