وتار

ئه‌مڕۆ رۆژى رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشی كوردییه‌!


‌سه‌نگه‌ر زرار

به‌پێى ئه‌و سه‌رچاوه‌ مێژوویی و به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنتانه‌ى له‌به‌رده‌ستدان، هه‌روه‌ها ئه‌و كتێبه‌ى كه‌ له‌كۆتایی ساڵی 2012دا به‌ناونیشانى (بیبلۆگرافیاى بڵاوكراوه‌ وه‌رزشییه‌كان 1985-2012) له‌سه‌رئه‌ركى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و لاوان/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ به‌چاپم گه‌یاند، ئه‌مڕۆ 30ى ته‌مموز رۆژى رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیی كوردییه‌ له‌كوردستانى باشوور/ هه‌رێمى كوردستانى عێراق، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆى له‌گه‌ڵ دابێت رۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ى رۆژنامه‌نووسانى وه‌رزشى هه‌رێمى كوردستان و پاشانیش لیژنه‌ى رۆژنامه‌نووسانى وه‌رزشى هه‌رێمى كوردستان بڕیارى لێنه‌دراوه‌ و جێگیر نه‌كراوه‌.

سى و پێنج ساڵ به‌مه‌وبه‌ر و له‌ڕۆژى 30-7-1985 و له‌ڕۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆدا یه‌كه‌م بڵاوكراوه‌ى وه‌رزشى كوردى له‌كوردستانى عێراق، كه‌پاشكۆى (كاروانى وه‌رزش)ى گۆڤارى كاروان بوو به‌شێوه‌ى هه‌فتانه‌ له‌شارى هه‌ولێر چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌، به‌ر له‌م واده‌یه‌ هیچ بڵاوكراوه‌ یان چاپكراوێكى وه‌رزشى تر نه‌بووه‌ له‌ساڵانى پێشووتردا به‌زمانى شیرینى كوردى ده‌رچووبێت، بۆیه‌ له‌م رۆژه‌ زیاتر هیچ رۆژێكى ترمان نییه‌ پشتى پێ ببه‌ستین، تا رۆژى رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیی كوردى له‌سه‌ر دیارى بكه‌ین.

پێوه‌ریش بۆ دیاریكردنى ئه‌م رۆژه‌ مێژووییه،‌ ده‌رچوواندنى یه‌كه‌م بڵاوكراوه‌ یان چاپكراوه‌‌، وه‌ك چۆن ده‌رچوونى رۆژنامه‌ى كوردستان له‌ڕۆژى‌ 22-4-1898 له‌شارى قاهیره‌ به‌ڕۆژى رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی دیاریكراوه‌، یان له‌عیراقدا ده‌رچوونى رۆژنامه‌ى (الزورا‌‌‌‌ء) له‌ 15-6-1869 كراوه‌ته‌ رۆژى رۆژنامه‌گه‌ریی له‌عیراقدا، ئه‌وا ده‌رچوونى (كاروانى وه‌رزش)یش له‌ڕۆژى 30-7-1985 كه‌ یه‌كه‌م بڵاوكراوه‌ى وه‌رزشیی كوردیی نووسراو و چاپكراو بووه‌، سه‌ره‌تا وه‌ك پاشكۆیه‌كى هه‌فتانه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ و دواجاریش كراوه‌ به‌ رۆژنامه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ و هه‌ر هه‌فتانه‌ ده‌رچووه‌، مافى ئه‌وه‌ى به‌رده‌كه‌وێت رۆژى ده‌رچوونى یه‌كه‌م ژماره‌ى بكرێته‌ رۆژى رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشى كوردیی به‌گشتى یان به‌تایبه‌ت له‌باشوورى ‌كوردستان/ كوردستانى عێراقدا، ئه‌گه‌ر دوور نه‌ڕۆین عێراقییه‌كانیش هه‌روایان كردووه‌ و رۆژى ده‌رچوونى یه‌كه‌م چاپكراوى وه‌رزشى كه‌ گۆڤارى (نادي الالعاب الرياضية‌‌‌) بوو له‌شارى به‌غدا و له‌ڕۆژى 22-11-1922 كردوویانه‌ به‌ڕۆژى رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشى له‌عێراقدا.

بۆچی ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌نێین و هه‌قه‌ و پێویسته‌ ئێمه‌ش هه‌روابكه‌ین و به‌پشتبه‌ستن به‌مێژووى رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیمان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌رچوواندن و ده‌ركردنى یه‌كه‌م بڵاوكراوه‌ و چاپكراوى وه‌رزشى كوردی له‌(هه‌رێمى كوردستان) كوردستانى عیراقدا، ئه‌م هه‌نگاوه‌ مێژووییه‌ بنێین و بڕیار له‌دیاریكردنى ئه‌و رۆژه‌ بده‌ین.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close