گۆڵپارێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ى كورد له‌یانه‌ى فوتساڵى ئۆریبرۆ مایه‌وه

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
دڵدار كالیسكان (دلۆ) گۆڵپارێزى نێوده‌وڵه‌تى كورد بۆ وه‌رزى داهاتوو 2020-2021ى خولى نایابى فوتساڵى یانه‌كانى سوید (Svenska Futsal ligan) بۆنده‌كه‌ى له‌گه‌ڵ یانه‌ى فوتساڵى ئۆریبرۆ (ئۆریبرۆ ئێف سى) درێژكرده‌وه.
دڵدار كالیسكان-ى ته‌مه‌ن 26 ساڵ كه ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوو 2017 تا 2020 له‌خولى نایابى فوتساڵى یانه‌كانى سوید وه‌ك گۆڵپارێزى ژماره 1ى یانه‌كه، 56 یارى له‌گه‌ڵ یانه‌ى فوتساڵى ئۆریبرۆ ئه‌نجامداوه و توانیویه‌تى 16 گۆڵیش تۆماربكات، سه‌ره‌ڕاى بۆندى یانه‌كانى تر‌ى فوتساڵ، دواجار ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر بۆندى یانه‌ى فوتساڵى ئۆریبرۆ ده‌ربڕى كه بۆ وه‌رزێكى تریش له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وام بێت.

شایەنی باسە ئه‌م گۆڵپارێزه كه باڵاى 181 سانتیمه‌تره و یه‌كێكه له‌باشترین گۆڵپارێزه‌كانى یارى فوتساڵ له‌سه‌ر ئاستى سوید، كوردى باكووره و له‌شارى ئۆریبرۆ-ى سوید نیشته‌جێیه و ساڵانى 2017 و 2018 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى فوتساڵى سوید 5 یارى نێوده‌وڵه‌تى كردووه، جگه له‌یارى فوتساڵ-یش له‌خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید (ئیتان) بۆ تیپه‌كانى گروپى ناوچه‌ى باكوور پارێزگاریی له‌تۆڕى گۆڵى یانه‌ى ئۆریبرۆ سریانسكا ده‌كات.