هەواڵ

مه‌تین خه‌ون به‌تیمى یه‌كه‌مى برۆندبى ده‌بینێت و بۆ هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى عێراقیش ئاماده‌یه‌

سه‌نگه‌ر زرار
تایبه‌ت به‌ kurdsport

مه‌تین ساڵح یاریزانێكى به‌هره‌مه‌ندى كوردى دانیمارك-ه‌، له‌تیپه‌كانى ئاستى ته‌مه‌نى به‌ناوبانگترین و باشترین یانه‌ى دانیمارك ده‌ستیپێكرد و له‌ئێستادا له‌تیمى لاوانى ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵى كه‌ تیپى دووه‌مى یانه‌كه‌یه‌ یارى ده‌كات و خه‌ونیش به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت بگاته‌ تیمى یه‌كه‌م و شانبه‌شانى گه‌وره‌كان یارى بكات.

عه‌بدولمه‌تین دیار ساڵح كه‌ به‌(مه‌تین ساڵح) ده‌ناسرێ وه‌رزى رابردوو 2019-2020 له‌تیمى تازه‌پێگه‌یشتووانى ژێر ته‌مه‌ن 17 ساڵى یانه‌ى برۆندبى بۆ تیمى لاوانى ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵى سه‌رخراوه‌، ئه‌م سه‌رخستنه‌ى پێشوه‌خته‌ و له‌ته‌مه‌نى 17 ساڵى دابوو، هه‌روه‌ها به‌هۆى ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ بوو كه‌ وه‌ك به‌رگریكارێكى باڵى راست له‌نێو یاریگادا پێشكه‌شى كرد، وه‌ك خۆى پێى وتین ئێستاش كه‌ ته‌مه‌نى 18 ساڵه‌ كار بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه‌كه‌ى ده‌كات كه‌ بگاته‌ تیمى یه‌كه‌مى یانه‌ى برۆندبى و له‌پاڵ یاریزانه‌ گه‌وره‌كاندا یارى بكات.

مه‌تین كه‌ رۆژى 22-3-2002 له‌شارى ئیشۆى (Ishøj) دانیمارك له‌دایكبووه‌ و باوكى خه‌ڵكى ئاكرێ و دایكى خه‌ڵكى رانیه‌یه‌، له‌باره‌ى ده‌ستپێكى هاتنه‌ نێو دونیاى فوتبۆڵه‌وه‌ تایبه‌ت بۆ (كورد سپۆرت) وتى: ساڵى 2010 له‌ته‌مه‌نى 8 ساڵى له‌یانه‌ى ئیشۆى ئاى ئێف (Ishøj if) ده‌ستم به‌یارى تۆپى پێ (فوتبۆڵ) كرد و دواتر له‌ڕێگه‌ى برا گه‌وره‌كه‌مه‌وه‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌كادیمیاى یانه‌ى برۆندبى و ساڵى 2012 له‌وێ ده‌ستم پێكرد و بۆ ماوه‌ى 10 ساڵه‌ له‌وێ به‌رده‌وامم و بۆ زۆربه‌ى تیپه‌كانى ئه‌كادیمیاكه‌ یاریم كردووه‌ تا گه‌یشتوومه‌ته‌ تیمى لاوان/ تیمى دووه‌مى یانه‌كه‌ و بۆندیشم تا رۆژى 30-6-2021 له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌دا هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها مه‌تین له‌درێژه‌ى وه‌ڵامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵى تر بۆندم له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌دا ماوه‌ و دواى ئه‌وه‌ نازانم له‌وێ ده‌مێنمه‌وه‌ یان ده‌چمه‌ تیمێكى تر و ئه‌وه‌ له‌كاتى خۆیدا قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كه‌م، به‌ڵام ئامانجى من ئه‌وه‌یه‌ بۆ تیمى یه‌كه‌م (پێشكه‌وتووان)ی یانەكە یارى بكه‌م و له‌وێ به‌ره‌و ئامانجه‌كانى ئاینده‌ و به‌دیهێنانى خه‌ونه‌كه‌م هه‌نگاو بنێم.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بێت و بۆ هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى عێراق داوه‌ت بكرێ، ده‌توانێ یارى بكات، مه‌تین ساڵح-ى ته‌مه‌ن 18 ساڵ وتى: ساڵى پێشوو داوایه‌كى له‌مشێوه‌یه‌م به‌ده‌ست گه‌یشت، به‌ڵام زیاتر بیرم له‌لاى یانه‌كه‌م بوو، من ته‌نها ره‌گه‌زنامه‌ى دانیمارك-م هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ى فه‌رمیی داوابكرێم و پێویستیان به‌تواناكانى من بێت، له‌لایه‌ن خۆمه‌وه‌ ئاماده‌م و خۆشحاڵ ده‌بم كه‌ بۆ هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى عێراق یارى بكه‌م.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close