ژیانی گابرێل باتێستوتا

گابریێل عومەر باتێستوتا، ئەو گۆڵكارە مەزنەی ئەرجەنتین، لە رۆژی 1/2/1969 لە شاری ئەفیلانیدای ئەرجەنتین لەدایك بووە باوكی باتیگۆڵ لەقەسابخانەو كاری پێستە كاری كردوەو دایكیشی مامۆستا بوە، سێ خوشكو چوار برای هەبوەو ساڵی 1990 لەگەڵ كچە هاوڕێكەی هاوسەرگیری دەكاتو خاوەنی چوار مناڵە.
باتێستوتا سەرەتای ژیانی وەرزشی بە یاری باسكە دەست پێكرد بە هۆی بەرزی باڵایەوەو حەزی بەو یاریەش دەكرد، بەڵام لەدوای سەیر كردنی مۆندیالی 1978و سەرسام بونی بە ماریۆ كیمپس ی هاونیشتمانی خۆی، بڕیاری دا دەست بە یاری تۆپی پێ بكاتو سەرەتای كاروانی وەرزشی لە یانەی نیولز ئۆڵد بۆیز ی ئەرجەنتینی دەست پێكرد چاكەى دۆزینەوەى باتێستوتاش دەگەڕێتەوە بۆ خۆرخی گریفاى ئەرجەنتینی كە یاریزانى گەنجی بۆ نیوێلز ئۆڵد بۆیز دەدۆزییەوە.
خۆرخی دەڵێت: یەكەمجار باتێستوتام لە رۆساریۆ بینی یارى دەكرد، راستە قەڵەو بوو، خێراش نەبوو، بەلآم زۆر بە سەرسەختانە یارى دەكردو هەوڵى كردنەوەى یاریەكەو گۆڵ كردنی دەدا، بۆیە كە یاریەكە تەواو بوو چوم بۆ ژوری خۆگۆڕینەكەو وامزانى زۆر كەس چون بیبەنە یانەكەیانەوە بەڵام بینیم تەنیا من پرسیارى باتستوتام دەكردو ئەوەش بۆ من ۆزر باش بوو تا بیهێنمە ناو یانەكەوە، پەیوەندیم بە باوكیەوە كرد تا رێگە بدات بەڵام باوكی ووتى یارییكردن تەنیا بۆ خۆشی و كات بەسەربردنە بۆیە نامەوێ تۆپی پێ كاربكاتە سەر خوێندنەكەى.

لەسەرەتاوە باتێستوتا لە یانەكەی لەژێر دەستی مارچێلۆ بێلسای راهێنەر یاری دەكرد بەڵام لە وەرزی یەكەمیدا توشی ئاستەنگی زۆر هات چونكە لە خێزانەكەیو ماڵ دوركەوتبوەوەو لە ژورێكی یاریگای یانەكەدا دەژیا، جگە لەوەی كێشی بەجۆرێك زیادبوو كە كاری كردبوە سەر جوڵەی دەستو قاچی، بۆیە لە كۆتایی وەرزدا بەخواستن چوە یانەی دیپۆرتیڤۆ ی ئەرژەنتینیو سێ گۆڵی لەگەڵ ئەو یانەیە تۆمار كرد.
دوای ئەو وێستگەیە، باتێستوتا روی كردە یانەی ریڤەرپلەیتو لە 19 یاری بۆ ئەو یانەیە توانی 3 گۆڵ تۆمار بكات، لەم بارەیەوە خۆرخی دەڵێـ: بە سەرۆكی یانەكەم وت دەسبەردارى ئەو قەڵەوە مەبن چونكە لە داهاتودا چەندین ملیۆن دۆلار دەكات بۆ یانەكەء یاریزانێكی باشی لێ دەردەچێت بەلآم بە قسەیان نەكردم، بەڵام هەر زوو توشی كێشە بوو لەگەڵ دانێل پاسارێلای راهێنەرو ئەو راهێنەرە پێی وابوو باتیستوتا یاریەكی راستەقینە ناكاتو وەك جەنگاوەر نیە.

لە ساڵی 1990 باتێستوتا روی كردە ڕكابەرەكەی ریڤەرپلەیت و چووە یانەی بۆكاجۆنیۆرز بەڵام لە سەرەتاوە توشی ئاستەنگی بوو لەگەڵ راهێنەردا، بەڵام بۆ وەرزی داهاتوو ئۆسكار تابارێز دەبێت بە راهێنەری یانەكەو پشتیوانی تەواوی باتیستوتا دەكاتو ئەو ساڵە بە تۆمار كردنی 19 گۆڵ دەبێت بە گۆڵكاری خولی ئەرجەنتینی.
پاش ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ بۆكاو ئەرجەنتین لە كوپا ئەمریكا پێشكەشی دەكات، سەرنجی كاستی راهێنەرایەتی یانەی فیۆرەنتینای ئیتاڵی رادەكێشێت، بە بۆندێكی گەورە دەچێتە ئەو یانەیە، 9 ساڵ یاری بۆ یانەكە دەكاتو دەبێتە سیمبوڵی ئەو یانەیە بە جۆرێ: تا ئێتسا پەیكەرەكەی باتیستوتا لە شارەكەو لەبەردەمی ستادی فیۆرەنتینا بەپێوە باس لە مێژووی ئەو گۆڵكارە دەكات.

لەو 9 ساڵەی یاری بۆ فیۆرەنتینا دەكات، باتێستوتا 269 یاری بۆ یانەكە كردو 168 گۆڵی تۆمار كرد، هەموو ساڵێك گۆڵكاری یانەكە بوو لەگەڵیشیدا جامی ئیتاڵیاو سوپەری ئیتاڵی بەدەست هێنا.
دوای 9 ساڵ لە ڤیۆلا، باتیگۆڵ چوە ریزی یانەی رۆمای ئیتاڵی بەرامبەر بە 70 ملیۆن لیرەو گرێبەستی سێ ساڵی ئیمزا كردو لەگەڵ ئەو یانەیەش 63 یاری كردو 30 گۆڵی تۆمار كردو نازناوی خولی ئیتاڵیای بەدەست هێنا.

ساڵی 2003 باتێستوتا چووە ریزی یانەی ئەنتەر میلان بەڵام ئەم كاروانەی تەنیا چەند مانگێكی خایاندو پاشان رویكردە یانەی سەد-ی قەتەری و دوو ساڵ بۆ ئەو یانەیە یاری كرد، 21 یاری بۆ ئەو یانەیە كردو 25 گۆڵی تۆمار كرد.

لە دوای 430 یاری بۆ یانەكان، باتیگۆڵ بریاری دا وازی لە یاری كردن بهێنێ و لەو ماوەیەدا 245 گۆڵێ تۆماركردبوو.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەكانیش باتێستوتا ساڵی 1991 یاری لەگەڵ ئەرجەنتین دەست پێكرد و هەر ئەو ساڵە بوو بەگۆڵكاری كوپا ئەمریكا و سەركردایەتی تانگۆی كرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكە.

ساڵی 1993 یش لە كوپا ئەمریكادا یاری كردو نازناوەكەیان بەدەست هێنا.
ساڵی 1994 لەگەڵ ئەرژەنتین بەشداری مۆندیالی ئەمریكای كرد بەڵام كێشەكانی مارادۆنا لەگەڵ ماددەی ووزەبەخش بووەهۆی تێكدانی یاری ئەرجەنتین.
ساڵی 2002 یش یاری بۆ هەڵبژاردەكە كرد بەڵام نەیتوانی خەونی مۆندیال بەدی بهێنێ.
باتیگۆل لەگەڵ ئەرجەنتین 78 یاری كردو 56 گۆڵی تۆمار كرد.
دەسكەوتە بەكۆمەڵەكان
خولی ئەرجەنتین لەگەڵ بۆكا 1990 – 1991
فیۆرەنتینا
خولی پلە دوو 1993-1994
جامی ئیتاڵیا 1995-1996
سوپەری ئیتاڵیا 1996
رۆما
خولی ئیتاڵیا 2000-2001
جامی سوپەری ئیتاڵی 2001
ئەرجەنتین
كوپا ئەمریكای 1991 و 1993
جامی كیشوەرەكان 1992
دەستكەوتی تاك
دوو جار گۆڵكاری كوپا ئەمریكا
گۆڵكاری جامی كیشوەرەكان
گۆڵكاری خولی ئیتاڵیا
گۆڵكاری جامی ئیتاڵیا 1995-1996
پێلاوی زیوی مۆندیال 1998
پێڵاوی برۆنزی مۆندیال 1994
باشترین یاریزانی پیشەگەری كالچیۆ
سێیەم باشترین یاریزانی جیهان 1999
گۆڵكاری خولی قەتەر
دووەم گۆڵكاری مێژوویی ئەرجەنتین
گۆڵكاری مێژوویی فیۆرەنتینا
ئامادەکردنی ژوان ئەحمەد