هەواڵ

كوردێكى هه‌ڵه‌بجه‌یی گرانترین یاریزانى یانه‌كه‌ى و خولى یانه‌كانى ئیندۆنیسیایه‌

ئا: سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

یاریزانێكى پیشه‌گه‌ر و به‌ئه‌زموونى كورد گرانترین یاریزانى نێو یاریزانانى یانه‌كه‌ى و هه‌روه‌ها خولى پله‌ یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى ئیندۆنیسیایه‌.

بڕوا حیكمه‌ت نورى ناوه‌ڕاستكارى نێوده‌وڵه‌تى كوردى دانیشتووى سوید كه‌ به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید-ه‌ و ساڵى 1987 لەئاوارەیی لە‌شارى ورمێ-ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌دایكبووه‌ و دواتر له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ى روویانكردۆته‌ وڵاتى سوید و له‌وێ گیرساونه‌ته‌وه‌، له‌م وڵاته‌دا به‌یانه‌كانى (ڤاسالۆند، ئایك سۆلنا ستۆكهۆڵم، ئه‌تڤیدابێرگز، ڤاسبى یۆنایتد، گرۆندالس، دالكورد، ئۆسترسوند)دا تێپه‌ڕده‌بێت و به‌هۆى ئاستى به‌رزى و لێهاتووییه‌وه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌یاریزانه‌ ناسراوه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ و بانگهێشتى هه‌ڵبژارده‌كانى تازه‌پێگه‌یشتووانى ژێر ته‌مه‌ن 17 ساڵ و لاوانى ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵى سوید ده‌كرێت و ساڵى 2016 بانگهێشتى هه‌ڵبژارده‌ى یه‌كه‌مى عێراقیش كرا.

ئه‌م یاریزانه‌ كورده‌ له‌ئێستاشدا كه‌هه‌ڵگرى ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقى و سویدییه‌، یارى بۆ
یانه‌ى بالى یۆنایتد-ى دوورگه‌ى بالى ئیندۆنیسیایی ده‌كات و له‌وكاته‌وه‌ى له‌ساڵى 2018ه‌وه‌ رووى له‌یانه‌كه‌ كردووه‌، گرانترین یاریزانى پیشه‌گه‌رى بیانی نێو یاریزانانى سه‌رجه‌م یانه‌كان و هه‌روه‌ها یانه‌كه‌ى خۆیه‌تى.

له‌مباره‌یه‌وه‌ رۆژنامەی بۆلا سپۆرت-ى ئیندۆنیسایی، پێكهاته‌ى 11 گرانترین یاریزانى خولى پله‌ یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى ئیندۆنیسیا-ى ساڵى 2020ى بڵاوكرده‌وه‌ و له‌پێكهاته‌كه‌دا بڕوا نورى ته‌مه‌ن 33 ساڵ له‌هێڵى ناوه‌ند ده‌ركه‌وتووه‌ و گرانترین یاریزانى نێو پێكهاته‌كه‌شه‌ به‌ بڕى (8.2) ملیار روپییه‌ى ئیندۆنیسى.

*ئه‌مه‌ش ریزبه‌ندى 11 گرانترین یاریزانى نێو پێكهاته‌كه‌یه‌ كه‌به‌پێى هێڵه‌كانى یاریكردن و بەپلانی 4-2-3-1 ریزبه‌ند كراون:

-ئه‌ندریتانى ئه‌ردیاسا/ یانه‌ى پێرسیجا (5.2) ملیار روپییه‌ى ئیندۆنیسى
-ریكى فاجرین/ یانه‌ى بالى یۆتایتد (5.2) ملیار روپییه‌ى ئیندۆنیسى
-ماركۆ مۆتا/ یانه‌ى پێرسیجا (4.5) ملیار روپییه‌ى ئیندۆنیسى
-ماتیاس مالڤینۆ/ یانه‌ى ئارێما (6.9) ملیار روپییه‌ى ئیندۆنیسى
-نیك كویپێرز/ یانه‌ى پریسپ باندونگ (6.5) ملیار روپییه‌ى ئیندۆنیسى
-مارك كلۆك/ یانه‌ى پێرسیجا (6) ملیار روپییه‌ى ئیندۆنیسى
-بڕوا نورى/ یانه‌ى بالى یۆنایتد (8.2) ملیار روپییه‌ى ئیندۆنیسى
-ئیمانوێل ئۆتى/ یانه‌ى مادورا یۆنایتد (5.6) ملیار روپییه‌ى ئیندۆنیسى
-ستیفانۆ لیلیپالى/ یانه‌ى بالى یۆنایتد (6) ملیار روپییه‌ى ئیندۆنیسى
-ماكان كۆناتى/ یانه‌ى پێرسیباى (6.5) ملیار روپییه‌ى ئیندۆنیسى
-ماركۆ سیمیچ/ یانه‌ى پێرسیجا (7.8) ملیار روپییه‌ى ئیندۆنیسى

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close