ئوسامه دووه‌م هه‌فته‌یه ده‌بێته باشترین و یارى ژماره سه‌دى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى ئه‌نجامدا


سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
ئوسامه ره‌شید-ى ناوه‌ڕاستكارى به‌ئه‌زموونى كورد و كاپتنى یانه‌ى سانتا كلارا له‌دوایین یارى یانه‌كه‌یدا له‌خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى پۆرتوگال جگه له‌وه‌ى گۆڵى به‌رامبه‌رى یانه‌كه‌ى بهپهناڵتى له‌یانه‌ى پۆرتیمۆنینسى تۆماركرد و خه‌ڵاتى باشترین یاریزان (پیاوى یارییه‌كه)ى برده‌وه، له‌لایه‌ن یانه‌كه‌یه‌وه خه‌ڵاتێكى تایبه‌تى پێدرا به‌بۆنه‌ى ئه‌نجامدانى (100) یارى به‌درێسى یانه‌كه.
رۆژى 16-6-2020 یانه‌ى سانتا كلارا به‌به‌شدارى سه‌ره‌كى كاپتن ئوسامه ره‌شید له‌هه‌فته‌ى 27ى قۆناغى دووه‌مى خولى نایابى یانه‌كانى پۆرتوگال به‌ئه‌نجامى 1-1 له‌گه‌ڵ یانه‌ى پۆرتیمۆنینسى یه‌كسانبوو، گۆڵى یه‌كسانبوونى یارییه‌كه كاپتن ئوسامه له‌خوله‌كى 82 بهپهناڵتى تۆماركرد و یانه‌كه‌ى له‌دۆڕاندن رزگاركرد و خاڵێكى پێ به‌خشییه‌وه.
پاش كۆتاییهاتنى یارییه‌كه، رابیته‌ى خولى پۆرتوگالى كاپتن ئوسامه ره‌سید-ى ته‌مه‌ن 28 ساڵى به‌باشترین یاریزانى یارییه‌كه (پیاوى یارییه‌كه) دیارى كرد و به‌مه‌ش بۆ هه‌فته‌ى دووه‌مه له‌سه‌ریه‌ك ئه‌م یاریزانه كورده له‌نێوان یاریزانانى یانه‌كه‌یدا ده‌بێته باشترینى یارییه‌كانى یانه‌كه‌ى له‌خوله‌كه‌دا.
هه‌روه‌ها یانه‌ى سانتا كلارا به‌بۆنه‌ى ئه‌نجامدانى یارى ژماره (100) به‌درێسى یانه‌كه، خهلاتێكى تایبه‌تى بهكاپتن ئوسامه ره‌شید به‌خشى و ئه‌میش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه وێڕاى سوپاسكردنى یانه‌كه‌ى و شانازى كردن به‌وه‌ى كه ژماره‌ى یارییه‌كانى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى گه‌یاندۆته (100) یارى، به‌ڕۆژنامه‌ى ریكۆرد-ى پۆرتوگالى راگه‌یاند و وتى: پێویسته سوپاسى یانه‌كه‌م بكه‌م كه هه‌لى زۆرم پێده‌دات، هه‌روه‌ها خۆشبه‌ختى له‌ژیان و گه‌شبینى له‌تۆپى پێدا پێبه‌خشیوم.
*ئوسامه (100) یارییه‌كه‌ى چۆن له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا ئه‌نجامداوه؟
-خولى نایابى یانه‌كانى پۆرتوگال: 46 یارى و 3606 خولهك یارى كردن، 9 گۆڵى تۆمار و 7 گۆڵیشى سازكردووه.
-خولى پله دووى یانه‌كانى پۆرتوگال: 42 یارى و 3420 خولهك یارى كردن، 11 گۆڵى تۆمار و 6 گۆڵیشى سازكردووه.
-جامى خولى یانه‌كانى پۆرتوگال: 5 یارى و 416 خولهك یارى كردن، 2 گۆڵى تۆمار و 1 گۆڵیشى سازكردووه.
-خولى جامى یانه‌كانى پۆرتوگال: 7 یارى و 556 خولهك یارى كردن، 2 گۆڵى تۆمار كردووه.
