هەواڵ

شه‌شه‌م یه‌كسانبوونى یانه‌كه‌ى كوردان له‌خولى یانه‌كانى سوید

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

له‌یارییه‌كانى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى خولى پله‌ یه‌كى تۆپى پێى سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانى سوید-ى ساڵى 2020، یانه‌ى دالكورد-ى كوردان له‌نێو یاریگاى خۆیدا كه‌وته‌ داوى شه‌شه‌م یه‌كسانبوونى خوله‌كه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8-8-2020 له‌چوارچێوه‌ى یارییه‌كانى هه‌فته‌ى 11ى سوپێرتانى ساڵى 2020ى یانه‌كانى سوید یانه‌ى دالكورد له‌نێو یاریگاى خۆیدا (تێرناس) میوانداریی له‌یانه‌ى نۆربى كرد و له‌یارییه‌كى به‌هێزدا نیوه‌ى یه‌كه‌مى 1-2 به‌میوانه‌كه‌ى دۆڕاند و له‌نیوه‌ى دووه‌میشدا هه‌وڵه‌كانى خۆى چڕكرده‌وه‌ بۆ 3 خاڵى یارییه‌كه‌، كه‌چى هه‌وڵه‌كانى ته‌نها گۆڵی یه‌كسانبوونى 2-2ى لێكه‌وته‌وه‌ و به‌مه‌ش كه‌وته‌ داوى یه‌كسانبوونێكى ترى خوله‌كه‌ كه‌ شه‌شه‌م یه‌كسانبوونێتى.

كارفالا سیسۆكۆ له‌خوله‌كى 11ى نیوه‌ى یه‌كه‌م و گۆڵى 1-1 و جۆن ستانبێرگ له‌خوله‌كى 71ى نیوه‌ى دووه‌مدا گۆڵى 2-2ى بۆ یانه‌ى دالكورد تۆماركرد و به‌م ئه‌نجامه‌ش یانه‌كه‌ى كوردان له‌خانه‌ى 10ى ریزبه‌ندى خولى پله‌ یه‌كى تۆپى پێى سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانى سوید (سوپێرتان)ه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى كاتى گه‌یشته‌ خانه‌ى نۆیه‌م به‌ 12 خاڵ له‌ 11 یارى (2 بردنه‌وه‌، 6 یه‌كسانبوون، 3 دۆڕاندن) و (16-15 گۆڵ).

*نه‌ورۆز دووچارى دووه‌م دۆڕاندن هات
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ 8ى ئابى 2020 یانه‌ى نه‌ورۆز-ى كوردان كه‌ له‌خولى پله‌ دووى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید بۆ تیپه‌كانى گروپى ناوچه‌ى باشوور (سۆدرا سڤیالاند) ركابه‌ریی ده‌كات، له‌سه‌ر یاریگاى خۆی و له‌هه‌فته‌ى سێیه‌مى خوله‌كه‌دا 1-2 به‌یانه‌ى ڤێرمبۆلس دۆڕا و به‌مه‌ش دووچارى دووه‌م دۆڕاندنى خوله‌كه‌ هات و ته‌نها 1 خاڵى له‌ 3 یاری خوله‌كه‌دا هه‌یه‌ و له‌خانه‌ى 15ى ریزبه‌ندى دایه‌.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close