رێبین ئه‌سعه‌د گۆڵێكى تر‌ى لهئیتانى یانه‌كانى سوید تۆماركرد

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
رێبین ئه‌سعه‌د-ى ناوه‌ڕاستكارى لاوى كورد به‌تۆماركردنى گۆڵێكى تر له‌ده‌ره‌وه‌ى یاریگاى خۆیان، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى خاڵێكى گرنگی بۆ یانه‌ى تۆرنس لهئیتانى یانه‌كانى سوید ده‌سته‌به‌ركرد.
له‌میانه‌ى یارییه‌كانى هه‌فته‌ى ده‌یه‌مى خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید (ئیتان)ى ساڵى 2020 بۆ تیمه‌كانى گروپى ناوچه‌ى باشوور، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 8ى ئابى 2020 یانه‌ى تۆرنس به‌به‌شدارى سه‌ره‌كیی هه‌ردوو براى كورد له‌هێڵى ناوه‌ند، (رێبین و ئالان ئەسعەد) لهئیدرۆنس پاركن مۆتالا بووه میوانى یانه‌ى مۆتالا و سه‌ره‌نجامیش 2-2 له‌گه‌ڵیدا یه‌كسان ده‌رچوو.
له‌خوله‌كى 28ى نیوه‌ى یه‌كه‌مى یارییه‌كه‌دا (داردان موسته‌فا) یانه‌ى تۆرنس-ى بهگۆڵى یه‌كه‌م پێشخست و یانه‌ى خاوه‌ن یاریگا ئه‌نجامه‌كه‌ى یه‌كسان كرده‌وه و دواتر له‌خوله‌كى 52ى نیوه‌ى دووه‌مى یارییه‌كه‌دا رێبین ئه‌سعه‌د-ى یاریزانى لاوى كورد گۆڵى 2-1ى پێشكه‌وتنى بۆ یانه‌ى تۆرنس كرد و دواجاریش یانه‌ى مۆتالا گۆڵى یه‌كسانبوونى 2-2ى كرده‌وه.
ئه‌مه‌ش دووه‌م گۆڵى رێبین ئه‌سعه‌د-ى ناوه‌ڕاستكارى لاوى كورد بوو له‌خوله‌كه‌دا تۆمارى بكات و پێشووتر له‌هه‌فته‌ى شه‌شه‌میشدا گۆڵێكى له‌یانه‌ى لینشۆپینگ سیتى كردبوو.
به‌م یه‌كسانبوونه‌ش یانه‌ى تۆرنس به 17 خاڵ له 10 یارى (4 بردنه‌وه، 5 یه‌كسانبوون، 1 دۆڕاندن) و (18-8 گۆڵ و +10 گۆڵ) گه‌یشته خانه‌ى چواره‌مى ئیتانى ساڵى 2020ى یانه‌كانى سوید.

شایه‌نى باسه رێبین ئه‌سعه‌د-ى ناوه‌ڕاستكارى لاوى كورد كه ته‌مه‌نى 25 ساڵه و درێسى ژماره 18ى یانه‌ى تۆرنس ده‌پۆشێت، پاش ئه‌نجامدانى یارى هه‌فته‌ى ده‌یه‌م له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى، خاوه‌نى 2 گۆڵه له 10 یارى و 884 خولهك یاریكردن و ئالان-ى برا بچووكیشى كه ته‌مه‌نى 21 ساڵه و له‌هێڵى ناوه‌ند درێسى ژماره 16 ده‌پۆشێت، له‌كۆى 10 یارى یانه‌كه‌ى له 8 یاریدا 685 خولهك ده‌ركه‌وتووه.