دوو یاریزانى كورد ناویان له‌پێكهاته‌ى نموونه‌یی باشترینه‌كانى چامپیۆنس لیگ دایه

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
هه‌ردوو یاریزانى نێوده‌وڵه‌تى كورد (عه‌لیڕه‌زا بیرانوند)ى گۆڵپارێزى پێشووى یانه‌ى پێرسپۆلیس و وریا غه‌فورى به‌رگریكارى یانه‌ى ئیستقلال ناویان له‌هه‌ردوو پێكهاته نموونهییهكهى باشترینه‌كانى چامپیۆنس لیگى ئاسیاى ساڵى 2018 دایه كه‌یه‌كێتى تۆپى پێى ئاسیا به‌دوو شێوازى جیاواز دیاری كردووە.
دواجار ئه‌مڕۆ 9ى ئابى 2020 وێبسایتى یه‌كێتى تۆپى پێى ئاسیا ئه‌نجامى كۆتایی راپرسییه‌كانى خۆى بۆ دیاریكردنى باشترینه‌كانى خولى جامى یانه پاڵه‌وانه‌كانى ئاسیا (ئه‌ى ئێف سى چامپیۆنس لیگ)ى ساڵى 2018 راگه‌یاند كه 250 هه‌زار كه‌س به‌شێوه‌ى ئۆنلاین به‌شدارییان تێدا كرد و ئه‌نجامى ده‌زگاى (ئۆپتا)ى تایبه‌ت بهئامارهكانى یهكێتییهكهشى ئاشكراكرد و تیایدا دوو پێكهاته‌ى نموونه‌یی باشترین 11 یاریزانى به‌مشێوه‌یه ئاشكراكرد.

عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ى ته‌مه‌ن 27 ساڵ و گۆڵپارێزى كوردى (له‌ك) و پێشووى یانه‌ى پێرسپۆلیس و ئێستاى یانه‌ى ئینتوێرپ-ى به‌لژیكا له‌هه‌ردوو پێكهاته‌كه‌دا ناوى هه‌یه و له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه هه‌روه‌ها ده‌زگاى ئۆپتا به‌باشترین گۆڵپارێزى نێو هه‌ردوو پێكهاته‌كه دیاریكراوه و له‌به‌رامبه‌ردا وریا غه‌فورى ته‌مه‌ن 32 ساڵ و به‌رگریكارى سنه‌یی و كاپتنى یانه‌ى ئیستقلال ته‌نها له‌ڕێگه‌ى ده‌نگى جه‌ماوه‌ره‌وه بهڕاپرسى وه‌ك باشترین به‌رگریكارى باڵى راست هه‌ڵبژێردراوه.

شایه‌نى باسه هه‌ڵبژاردنى هه‌ریه‌كه له عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ى گۆڵپارێز و وریا غه‌فورى به‌رگریكار به‌پشت به‌ستن بووه به‌و ئاسته به‌رزه‌ى له‌گه‌ڵ یانه‌كانى پێرسپۆلیس و ئیستقلال له‌خولى جامى یانه پاڵه‌وانه‌كانى ئاسیا (ئه‌ى ئێف سى چامپیۆنس لیگ)ى ساڵى 2018دا پێشكه‌شیان كردووه، یه‌كه‌میان وه‌ك گۆڵپارێزێك 14 یارى ئه‌نجامداوه و 1260 خولهك ده‌ركه‌وتووه و یانه‌ى پێرسپۆلیس-ى گه‌یاندۆته یارى كۆتایی و پله‌ى دووه‌میان به‌ده‌ستهێناوه و ئه‌ویتریان به‌شدارى له 10 یاریدا كردووه و توانیویه‌تى له 780 خولهك یاریكردندا وه‌ك به‌رگریكارێك 2 گۆڵ تۆماربكات و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیشى بۆجارى دووه‌م له‌سه‌ریه‌ك یانه‌كه‌یان بگه‌یه‌ننه قۆناغى چاره‌كى كۆتایی خوله‌كه.