كاپتنه كورده‌كه یانه‌ى ئیستقلالى بۆ قۆناغى پێش كۆتایی په‌ڕانده‌وه

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
به‌رگریكار و كاپتنه كورده‌كه‌ى یانه‌ى ئیستقلال-ى تارانى ئێرانى یانه‌كه‌ى بۆ قۆناغى پێش كۆتایی خولى تۆپى پێى جامى یانه‌كانى ئێرانى وه‌رزى 2019-2020 په‌ڕانده‌وه.
وریا غه‌فورى یاریزانى نێوده‌وڵه‌تى كوردى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى ئێران و به‌رگریكار و كاپتنى یانه‌ى ئیستقلال ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه لهدوایارى قۆناغى هه‌شت تیپى خولى تۆپى پێى جامى یانه‌كانى ئێران‌دا له‌نێو یاریگاى ئازادى له‌تاران سه‌ركردایه‌تى یانه‌كه‌ى كرد و به‌دوو گۆڵى بێبه‌رامبه‌ر له‌یانه‌ى سیپاهان ئه‌سفه‌هان-یان برده‌وه و به‌تۆماركردنى گۆڵى یه‌كه‌مى یانه‌كه‌ى له‌خوله‌كى 45+6 بهپهناڵتى هاوبه‌شى له‌سه‌رخستنى یانه‌ى ئیسقلال-ى شین پۆش كرد بۆ گه‌یشتن به‌قۆناغى پێش كۆتایی خوله‌كه.
به‌مه‌ش یانه‌كه‌ى وریا (ئیستقلال) له‌قۆناغى پێش كۆتایی خولى جامى یانه‌كانى ئێران‌دا چووه پاڵ یانه‌كانى پێرسپۆلیس و تراكتۆرسازى ته‌برێز و نه‌فت مه‌سجد سلێمان كه له‌پێشوودا بۆ هه‌مان قۆناغ سه‌ركه‌وتبوون و وابڕیاره سبه‌ى سێشه‌ممه 11ى ئابى 2020 یه‌كێتى تۆپى پێى ئێران تیروپشكى قۆناغى پێش كۆتایی خوله‌كه رابكێشێت.

شایه‌نى باسه وریا غه‌فورى سنه‌یی به‌رگریكار كه‌ته‌مه‌نى 32 ساڵه تائێستا 13 یارى له‌خولى جامى یانه‌كانى ئێران ئه‌نجامداوه و 5 گۆڵیشى تۆماركردووه، (2 یارى و 1 گۆڵ) له‌گه‌ڵ یانه‌ى شاره‌داریی ته‌برێز و (1 یارى) له‌گه‌ڵ یانه‌ى نه‌فت تاران و (3 یارى و 2 گۆڵ) له‌گه‌ڵ یانه‌ى سیپاهان ئه‌سفه‌هان و (7 یارى و 2 گۆڵ) له‌گه‌ڵ یانه‌ى ئیستقلال تاران.