ئاكۆ وه‌ك یاریده‌ده‌رى راهێنه‌رى یانه‌یه‌كى چامپیۆنس لیگ ده‌ستبه‌كاربوو

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport
ئاكۆ كه‌ریمى راهێنه‌رى لاوى كورد و شارى مه‌هاباد-ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان وه‌ك یه‌كه‌م راهێنه‌رى یارى باله له‌مێژووى كوردستاندا وه‌ك یاریده‌ده‌رى راهێنه‌ر له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌كى سلۆڤینیا-ى به‌شدار لهیوفا چامپیۆنس لیگى یارى باله‌دا ده‌ستبه‌كاربوو.
پاش ئه‌وه‌ى سه‌ره‌تاى مانگى حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ له‌شارى لیوبلیانا-ى سلۆڤینیا له‌گه‌ڵ كارگێڕیی تیمى یه‌كه‌م (پێشكه‌وتووان)ى یانه‌ى ئه‌ى سى ئێچ ڤۆلى لیوبلیانا (ACH Volley Ljubljana)، گه‌یشتنه رێككه‌وتن كه وه‌ك یاریده‌ده‌رى دووه‌مى راهێنه‌رى تیپه‌كه و هه‌روه‌ها وه‌رگێڕ كاریان له‌گه‌ڵدا بكات و مانگى ئاب له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌ش ده‌ستبه‌كاربێت، دواجار وه‌ك پێشتر بڕیارى لێدرابوو، رۆژى 11ى ئابى 2020 ئاكۆ كه‌ریمى راهێنه‌رى لاوى كورد له‌گه‌ڵ كاستى راهێنانى تیپه نوێیه‌كه‌ى و راهێنه‌رى یه‌كه‌م (ماتیا پلیشكۆ)، یه‌كه‌م مه‌شق و راهێنانیان بۆ وه‌رزى نوێ 2020-2021ى خولى نایابى باله‌ى یانه‌كانى سلۆڤینیا و خولى باله‌ى یانهپاڵهوانهكانى ئه‌وروپا (CEV Champions League) به‌یاریزانان كرد.

ئاكۆ كه‌ریمى ته‌مه‌ن 29 ساڵ كه كوڕى مامۆستا تاهیر كه‌ریمى یاریزانى دێرین و گه‌وره راهێنه‌رى شارى مه‌هاباد-ه، له‌باره‌ى ده‌ستبه‌كاربوونى و ده‌ستپێكردنى ئاماده‌سازییه‌كان، تایبه‌ت بۆ (كورد سپۆرت) وتى: یانه‌ى ئه‌ى سى ئێچ ڤۆلى لیوبلیانا یه‌كێكه له‌یانه دیاره‌كانى سلۆڤینیا و ئه‌وروپا و مێژوویه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه و خاوه‌نى زۆرترین ده‌ستكه‌وت و سه‌روه‌رییه، ئه‌م ئه‌ركه نوێیه بۆ ئێمه وه‌ك كوردێك جێگه‌ى شانازییه و وه‌رگرتنى ئه‌م پۆسته ئه‌ركى سه‌رشانمان قورس ده‌كات، به‌تایبه‌ت كه یانه‌كه جگه له‌ناوخۆى سلۆڤینیا له‌چامپیۆنس لیگدا ركابه‌ریی ده‌كات، هیوادارم بتوانم له‌ئاست ئه‌و متمانه‌یه دابم كه یانه‌كه به‌ئێمه‌یان به‌خشیوه و نازناوه‌كان بۆ یانه‌كه ببه‌ینه‌وه.
هه‌روه‌ها وتى: ده‌ستمان بهئامادهسازییهكان بۆ وه‌رزى نوێى خوله‌كانى ناوخۆیی و ئه‌وروپا كرده‌وه و یاریزانه‌كان هه‌موو ئاماده‌بوون و منیش له‌یه‌كه‌م یه‌كه‌ى مه‌شق و راهێنانى یانه‌كه‌دا وه‌ك كاستى راهێنان ده‌ستبه‌كاربووم.

شایه‌نى باسه یانه‌ى ئه‌ى سى ئێچ ڤۆلى لیوبلیانا (ACH Volley Ljubljana)ى كه خاوه‌نى 17 نازناوى پاڵه‌وانى یانه‌كانى سلۆڤینیا و 11 نازناوى پاڵه‌وانى جامى یانه‌كان و 9 نازناوى پاڵه‌وانى خولى جامى هه‌رێمایه‌تى (مێڤزا-Mevza) و 1 نازناوى پاڵه‌وانى یانه‌كانى ئه‌وروپایه، پێشووتر له‌مانگى حوزه‌یراندا به‌فه‌رمیی بڵاوى كرده‌وه كه بۆ وه‌رزى داهاتوو 2020-2021 ئاكۆ كه‌ریمى به‌شێك ده‌بێت لهیانهكهیان و وه‌ك یاریده‌ده‌رى دووه‌مى راهێنه‌ر و وه‌رگێڕى یانه‌كه ده‌ستبه‌كارده‌بێت.
*ئاكۆ كه‌ریمى كێیه؟
-ناوى ته‌واو: ئاكۆ تاهیر جه‌عفه‌ر كه‌ریمى.
-به (ئاكۆ كه‌ریمى) ناسراوه.
-ساڵڕۆژى له‌دایكبوون: 10-7-1991.
-شوێنى له‌دایكبوون: شارى مه‌هاباد-ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان.
-خوێندكارى دكتۆرایه له‌ئه‌ندازیارى میكانیكی/ زانكۆى لیوبلیانا (LJU)ى سلۆڤینیا.
*ژیانى پڕۆفیشناڵى ئاكۆ كه‌ریمى:
*وه‌ك یاریزان:
*بۆ چوار وه‌رزى یه‌ك له‌سه‌ریه‌ك (2016-2017 و 2017-2018 و 2018-2019 و 2019-2020) یاریزان و كاپتنى تیپى باله‌ى یانه‌ى لیوبلیانا (لیوبلیانا ڤۆلى) بووه له‌خولى پله یه‌كى باله‌ى یانه‌كانى سلۆڤینیا.
-ساڵى 2016 وه‌ك یاریزانى تیمى یانه‌ى لیۆبلیانا بڕوانامه‌ى رێزلێنانى به‌ڕه‌وشتترین یاریزانى خولى پله یه‌كى باله‌ى یانه‌كانى سلۆڤینیاى له‌لایه‌ن سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوبژیوانانى خوله‌كه‌وه پێبه‌خشراوه.

*وه‌ك راهێنه‌ر:
-ساڵى 2017 له‌شارى لیوبلیانا-ى سلۆڤینیا له‌لایه‌ن یه‌كێتى نێوده‌وڵه‌تى باله (FIVB) بڕوانامه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بوارى راهێنه‌ریی ئاستى یه‌كه‌م (لیڤڵ 1)ى یارى باله‌ى وه‌رگرتووه.
-ساڵى 2018 له‌شارى پۆدابست-ى هه‌نگاریا له‌لایه‌ن یه‌كێتى نێوده‌وڵه‌تى باله (FIVB) بڕوانامه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بوارى راهێنه‌ریی ئاستى دووه‌م (لیڤڵ 2)ى یارى باله‌ى پێدراوه.
-ساڵى 2019 وه‌ك راهێنه‌ر نازناوى پاڵه‌وانى خولى باله‌ى تازه‌پێگه‌یشتووانى یانه‌كانى سلۆڤینیاى وه‌رزى 2018-2019ى له‌گه‌ڵ تیمى باله‌ى تازه‌پێگه‌یشتووانى یانه‌ى لیوبلیانا (لیوبلیانا ڤۆلى) سلۆڤینیا بۆ ئاستى ژێر ته‌مه‌ن 14 ساڵان به‌ده‌ستهێناوه.
-ساڵانى 2019 و 2020 راهێنه‌رایه‌تى تیمى باله‌ى لاوانى یانه‌ى لیوبلیانا (لیوبلیانا ڤۆلى) سلۆڤینیا-ى بۆ ئاستى ژێر ته‌مه‌ن 18 ساڵان كردووه.
-ساڵى 2019 له‌سه‌ر داوه‌ت و میوانداریى یانه‌كه، وه‌ك یاریده‌ده‌رى راهێنه‌ر سه‌رپه‌رشتى مه‌شق و راهێنانه‌كانى تایبه‌ت به‌یانه‌ى (فریدریچهافن-Friedrichshafen)ى ئه‌ڵمانى كردووه كه یانه‌یه‌كى تایبه‌تمه‌نده به‌یارى باله.
*وه‌ك ناوبژیوان:
-ساڵى 2018 لهسلۆڤینیا وه‌ك ناوبژیوانى لاكان به‌شداریى له‌به‌ڕێوه‌بردنى یارییه‌كى خولى باله‌ى یانهپاڵهوانهكانى ئه‌وروپا (CEV Champions League) له‌نێوان هه‌ردوو تیمى باله‌ى یانه‌كانى ئه‌ى سى ئێچ ڤۆلى لیوبلیانا-ى سلۆڤینیا و زینیت سان پترسبۆرگ-ى روسیا كردووه.
-ساڵى 2018 وه‌ك ناوبژیوانى لاكان 3 یارى خولى باله‌ى (چارلینگ كه‌پ)ى تایبه‌ت به‌یانه‌كانى ئه‌وروپا-ى به‌ڕێوه‌بردووه.
-ساڵى 2018 وه‌ك ناوبژیوانى لاكان له‌به‌ڕێوه‌بردنى 11 یارى خولى باله‌ى نایابى یانه‌كانى سلۆڤینیا به‌شداربووه.
-ساڵى 2018 وه‌ك ناوبژیوانى یه‌كه‌م و دووه‌م له‌به‌ڕێوه‌بردنى 7 یارى خولى باله‌ى نایابى یانه‌كانى سلۆڤینیا بۆ خانمان به‌شداربووه .
-ساڵى 2018 وه‌ك ناوبژیوانى یه‌كه‌م و دووه‌م له‌به‌ڕێوه‌بردنى 8 یارى خولى باله‌ى نایابى لاوانى یانه‌كانى سلۆڤینیا بۆ كچان و كوڕان به‌شداربووه.
-ساڵى 2019 وه‌ك ناوبژیوانى لاكان به‌شدارى له‌به‌ڕێوه‌بردنى یارى كۆتایی خولى نایابى باله‌ى یانه‌كانى سلۆڤینیا-ى له‌نێوان هه‌ردوو تیپى یانه‌كانى ئه‌ى سى ئێچ ڤۆلى لیوبلیانا (ACH Volley Ljubljana) و كالسیت ڤۆلى (Calcit Volley) كردووه.
