هەواڵ

دۆڕاندن بە تامی بردنەوە!!

ئەتەلەنتا ماڵئاوایی لە چامپیۆنس لیگ كرد، بەڵام هەموو جارێك شكست كارەسات نیە و گاسپەرینی و تیپەكەی براوەبوون لە زۆر روەوە!

لە ماوەی 113 ساڵ تەمەنیدا یانەی ئەتەلەنتا باشترین وەرزیان پێشكەشكرد، سەرەڕای ئەوەی هیچ نازناوێكیان نەبردەوە، بەڵام بەو توانایەی هەیانە و بەو كارەی پێشكەشیان كردین دەبێت هەڵیانسەنگێنین.

لات سەیرنەبێت كە دەبینیت یۆڤانتۆس خولی ئیتاڵی بردەوەو وەرزەكەی بە خراپ هەژمار ئەكرێت و راهێنەر دورخرایەوە، بەڵام ئەتەلەنتا سەركەوتووبو!

بیرتان نەچێت گاسپەرینی بە یاریزانی ئاسایی ئەم تیپەی دروستكردوە، بە یاریزانی هەرزان كۆنتڕۆلی تۆپ ئەكات و یاری جوان پێشكەش دەكات، بۆیە لەمەودوا هەركەسێك وتی كۆنتڕۆلی تۆپ بە یاریزانی گران ئەكرێت ئەوە ناونیشان گاسپەرینی بەرێ!

ئەتەلەنتا بەرامبەر پاریس ئەوەی لە توانایاندا بوو كردیان، یاریەكی بەهێز چونە پێشەوە و دروستكردنی هەلی گۆڵ، بەڵام نیوەی دووەم توانایان نەما، پێكانی پاپو گۆمێز و پێكانی فرۆیلە لە خولەكی 88 كە وایكرد تیپەكە بە 10 یاریزانەوە یاری بكەن و یارینەكردنی ئیلیچیچ و لاوازی كورسی یەدەگ، ئەو هۆكارانە بوون كە نیوەی دووەم تیپەكە تەواو ئاستی دابەزی.

نابێت بیریشمان بچێت كە ئەوان بەرامبەر پاریس یاریان كردوە، كە نەیمار و ئیمباپێ و كۆمەڵێك ئەستێرەی گەورەی هەیە، نەیمار بە درێژایی یاریەكە ئەتەلەنتای تەواو هیلاك كردبوو، بەڵام كاتێك ئیمباپێ هاتە یاریگاوە ئیتر راگرتنیان زەحمەت بوو، ئەو خێراییە یاریزانە فەرەنسیەكە باوەڕپێ نەكراوە. تەنها خاڵێك كە ئازاربێت بۆ تیپە ئیتاڵیەكە ئەوەبوو كە ئیشە قورسەكەیان كرد و زۆر نزیك بوون لە سەركەوتن، چەند خولەكێكیان مابوو.

هەر راهێنەرو تیپێك بەپێی توانای تیپەكەی سەیر ئەكرێت، بۆیە گاسپەرینی و ئەتەلەنتا ئەوەی لەم وەرزە بە دەستیان هێنا وەكو نازناو سەیر ئەكرێت، تیپی شارێكی بچوك بە یاریزانی ئاساییەوە كێبڕكێ تیپە گەورەكانی ئەوروپای كرد.

پرۆژەكەی گاسپەرینی و تیپەكەی لێرەدا كۆتایی نایەت، ئەو تیپە دەتوانن وەرزی داهاتوو بە كەمێكك گۆڕانكاریەوە كێبڕكێی خولی ئیتاڵی بكەن، بیریشمان نەچێت ئەتەلەنتا و گاسپەرینی بەشێكن لەو شۆڕشە هێرشبەریەی خولی ئیتاڵی دروستبووە، بۆیە ئەنجامی یەك وەرز یەكلایی كەرەوەنیە، پرۆژەكەی تیپەكەی بێرگامۆ گەورەترە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close