پیاوە ئاڵتونییەكەی وەرزشی كوردی ماڵئاوایی لێكردین

زاگرۆس نانهكهلى
ئەمڕۆ یەكشەممە 16-8-2020 ئەستێرەی درەوشاوەی وەرزشی كوردی و عێراقی ویاریزانى دێرین و گهوره راهێنهرى ناودار و سەرپەرشتیار و خوێندگایەكی فراوانی وەرزش لەعێراق و كوردستان محهمهد عوسمان دواى زیاتر لهدوو ساڵ نهخۆشكهوتنى لەتەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
محەمەد عوسمان یاریزانی دێرینی شاری هەولێر بۆ چەندین یانەى شارهكه یاری كردووە و پاشان دەبێتە راهێنەری زۆربەی یانەكانی هەولێر و ئینجا وەكو كارگێڕى و سەرپەرشتیار بۆ خولەكانی كوردستان و عێراق بەردەوام دەبێت، تا دوو ساڵ لەمەوبەر، بهردهوامى بهخزمهتى بوارى وهرزش دهدا و دواى ئهوه بەهۆی نەخۆش كەوتنی نەیدەتوانی بەردەوام بێت.
ئەم مرۆڤە ئاڵتونییە باوكی مورسەل هەموو تەمەنی خۆی لە خزمەتی وەرزش بەڕێكرد، دۆست و هاوڕێی گیانی بەگیانی یاریزان و شەهیدى سەنگەر (شههید موڕسەل) بوو، دوای شەهید بوونی شەهید موڕسەل كوڕێكی بەناو ئەو یاریزانە شەهیدەوه دەكات.
محەمەد عوسمان ئەستێرەیەكی پڕشنگداربوو لەئاسمانی وەرزشی كوردی وعێراقی وئەمڕۆ كوژایەوە و ماڵئاوایی لێكردین.

محەمەد عوسمان كێبوو؟
محەمەد عوسمان ئەحمەد ساڵی 1947 لەشاری هەولێر لەدایكبووە، دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە، ساڵانی 1959 و 1960 لەهەڵبژاردەی پەروەردەی هەولێر یاری تۆپی پێی كردووە، لەدەستەی دامەزرێنەری یانەكانی (هەولێر و برایەتی و هێرش و ئاڵا) بووە، زیاتر لەنیو سەدەیە وەكو یاریزان و راهێنەرێكی بەئەزموون خزمەتی تۆپی پێی كوردستانی كردووە، لەسەرەتای شەستەكاندا تێكڕای چالاكییەكانی شاری هەولێر بۆ رۆژنامە وەرزشییەكانی (مەلعەب و جمهور ریازی) رووماڵ دەكات، ماوەیەكی زۆر خزمەتی بواری رۆژنامەنووسی وەرزشی كوردی كردووە و خاوەن كتێبێكى ئامادهكراوە لەسەر یاری تۆپی پێ بهزمانى عهرهبى و بهناونیشانى (التدریب فی كره القدم).