سواره محه‌مه‌د: وه‌رزش بۆته پیشه‌یی بۆ به‌رپرسانى وه‌رزشى و سه‌داسه‌د ژیانیان مسۆگه‌ر كردووه!

Kurd Sport
دیدارى: سه‌نگه‌ر زرار
سواره محه‌مه‌د یه‌كێكه لهوهرزشكاره دیاره‌كانى شارى هه‌ولێر و كوردستان و عێراق و عه‌ره‌ب له‌یارى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی، به‌ڵام له‌ئێستادا وه‌ك یاریزان و راهێنه‌ر له‌یارییه‌كه دابڕاوه و دووره په‌رێزه و خه‌ریكى كارى ئازاده.
كورد سپۆرت ئه‌م پاڵه‌وانه كورده‌ى به‌سه‌ركرده‌وه كه رۆژانێك بۆ به‌رده‌وام بوون له‌یارییه‌كه‌ى و دابین كردنى بژیوى ژیانى رۆژانه‌ى، له‌پاڵ مه‌شق و راهێنان و یاریكردن و ركابه‌ریكردن لهپاڵهوانێتییهكان بۆ بردنه‌وه‌ى میدالى زێڕ، كرێكاریی ده‌كرد.
كورد سپۆرت له‌دیدارێكى تایبه‌تدا چه‌ند پرسیارێكى له‌باره‌ى هاتنه نێو دونیاى وه‌رزش و ژیانى وه‌رزشی و به‌تایبه‌تیش یاری به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی ئاراسته‌كرد، ئه‌م وه‌رزشكاره دابڕاوه له‌وه‌ڵامى پرسیارێكدا به‌توانجه‌وه پێمان ده‌ڵێت بێگومان وه‌رزش بۆته پیشه‌یی، به‌ڵام بۆ ئه‌وان نا به‌ڵكو بۆ به‌رپرسانى وه‌رزشى و سه‌داسه‌دیش ژیانیان مسۆگه‌ر كردووه.
*كه‌ى و چۆن هاتوونه‌ته نێو یارى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی؟
-سواره محه‌مه‌د: ماڵمان لهگهڕهكى سێتاقان بوو له‌گه‌ڵ براكانم بۆ سه‌یرى یارى تۆپى پێ ده‌چووینه بنكه‌ى وه‌رزش و لاوانى سێتاقان و له‌وێ سه‌یرى هۆڵى یارى به‌رزركردنه‌وه‌ى قورسایی و مه‌شق و یارییه‌كانم كرد و به‌دیاریكراوى ساڵى 1989 هۆگرى یارییه‌كه بووم و ناوى خۆم له‌وێ تۆماركرد.
*كاریگه‌ریی كامه یاریزانى یارییه‌كه‌ت له‌سه‌ربووه؟
-سواره محه‌مه‌د: ده‌توانم بڵێم كاریگه‌رى زۆر یاریزانى یارییه‌كه‌م له‌سه‌ربوو، له‌وانه رزگار شاكر و تاهیر سابیر و شاخه‌وان مسته‌فا و دكتۆر ده‌هام كه ئه‌وكات من بچووك بووم ئه‌وان له‌ڕیزى هه‌ڵبژارده‌ى عێراقدا یارییان ده‌كرد و پاڵه‌وان بوون.
*له‌نێو پاڵه‌وانانى یارییه‌كه زیاتر به‌كێ سه‌رسامیت؟
-سواره محه‌مه‌د: له‌ناوخۆ به‌پاڵه‌وان هه‌رێم ته‌ها و له‌ده‌ره‌وه‌ش به‌پاڵه‌وانى توركى نه‌عیم سلێمان ئۆغلۆ.

*یارى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی چى پێ به‌خشى و چى لێ وه‌رگرتیته‌وه؟
-سواره محه‌مه‌د: یارى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی زۆر شتى پێ به‌خشیوم له‌به‌رئه‌وه‌ى چوونم بۆ قوتابخانه و یاریكردنم له‌یه‌ككاتدا بوو، له‌وه‌رزشدا فێرى رێزگرتن و خۆشه‌ویستى بووم، فێرى ئه‌وه بووم كهدۆڕاندن كۆتایی و هێزیش بۆ زۆرداریی نییه، وه‌رزش منى پێگه‌یاند و ناوبانگى پێدام، له‌به‌رامبه‌ریشدا خوێندنى لێسه‌ندم و به‌داخه‌وه نه‌متوانى خوێندن ته‌واوبكه‌م، هه‌روه‌ها نه‌متوانى فێرى هیچ كار و پیشه‌یه‌ك ببم.
*ئاستى یاریزانانى كورد چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنى و یارییه‌كه به‌ره‌وپێش چووه یان به‌پێچه‌وانه‌وه؟
-سواره محه‌مه‌د: باسى كام ئاست ده‌كه‌ى، به‌داخه‌وه له‌ئێستادا هیچ یاریزانێك نییه تا باس له‌به‌ره‌و پێشچوونى ئاستیان و یارییه‌كه بكه‌ین.
*به‌به‌راورد به‌ڕابردوو سه‌رده‌مى زێڕ‌ینى یارییه‌كه له‌هه‌ولێر كه‌ى بووه؟
-سواره محه‌مه‌د: ده‌توانم بڵێم مێژووى یارییه‌كه بە دوو قۆناغدا تێپه‌ڕیوه، ساڵانى 1980 تا 1987 سه‌رده‌مى زێڕ‌ینى ئه‌وكات بوو كه یارییه‌كه زۆر پاڵه‌وانى له‌خۆگرتبوو، وه‌كو رزگار شاكر و تاهیر سابیر و شاخه‌وان مسته‌فا و ده‌هام خزر و پاڵه‌وانى كۆچكردوو محه‌مه‌د یاسین، دواتر قۆناغه‌كه‌ى تر ساڵى 2003 ده‌ستیپێكرد كه نیوه‌ى یاریزانانى تیمى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق كورد بوون، راهێنه‌ریش كورد بوو، تیمى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی یانه‌ى هه‌ولێر توانى سێ ساڵ له‌سه‌ریه‌ك له‌پاڵه‌وانێتى یانه‌كانى وڵاتانى عه‌ره‌ب ببێته نوێنه‌رى یانه‌كانى عێراق، ده‌توانم بڵێم به‌به‌راورد بهیارییهكانى تر یارییه‌كه‌ى ئێمه باشترین ده‌ستكه‌وتى بۆ كوردستان هه‌بوو.

*یارییه‌كه تاچه‌ند گه‌شه‌ى كردووه یان به‌پێچه‌وانه‌وه له‌پاشه‌كشه‌دایه؟
-سواره محه‌مه‌د: به‌داخه‌وه ئێستا یارى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی له‌وپه‌ڕى خراپی و پاشه‌كشه‌دایه.
*وه‌رزش له‌كوردستاندا بۆته پیشه‌یی كهئێوە بتوانن ژیانى خۆتان له‌ڕێگه‌یه‌وه پێ دابین و مسۆگه‌ر بكه‌ن؟
-سواره محه‌مه‌د: به‌ڵێ بێگومان وه‌رزش بۆته پیشه‌یی، به‌ڵام بۆ به‌رپرسانى وه‌رزشى و سه‌داسه‌د ژیانیان مسۆگه‌ركردووه، وه‌رزشوانانیش ده‌بێ چاوه‌ڕێى مووچه‌ى مانگانه‌یان بكەن، چونكه وه‌رزش له‌كوردستاندا پیشه نییه ته‌نیا ئاره‌زووه.

*پوخته‌یه‌ك له‌ژیانى سواره محه‌مه‌د:
-ناوى سیانى: سواره محه‌مه‌د پیرباڵ.
-رۆژى 4-6-1982 له‌شارى هه‌ولێر له‌دایكبووه.
-خێزانداره و دوو كوڕ و كچێكى هه‌یه.
-فه‌رمانبه‌ره له‌وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و لاوان.
-ساڵى 1992 بۆ یه‌كه‌مجار له‌پاڵه‌وانێتى به‌چكه‌شێران به‌شدارى كردووه.
-دواى ئه‌وه له‌یانه‌ى وه‌رزشى توركمان درێژه‌ى به‌یاریكردن داوه و به‌شدارى پاڵه‌وانێتییه‌كانى كوردستانى كردووه.
-ساڵى 1997 بۆیه‌كه‌مجار له‌كێشى 48 كگم به‌شدارى پاڵه‌وانێتى عێراقى كردووه و پله‌ى یه‌كه‌مى و ریكۆردى به‌ده‌ستهێناوه.
-پاشان له‌یانه‌ى وه‌رزشى هه‌ولێر درێژه‌ى به‌یاریكردن داوه و له‌كێش-ه‌كانى (52كگم و 56كگم و 62كگم و 69كگم) به‌شدارى پاڵه‌وانێتییه‌كانى عێراقى كردووه و له‌هه‌موو كێشه‌كاندا به‌پله‌ى یه‌كه‌م هاتووه و ریكۆردى به‌ناوى خۆیه‌وه كردووه.
-ساڵى 2003 بۆیه‌كه‌مجار چۆته ریزى هه‌ڵبژارده‌ى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی عێراق و تا ساڵى 2013 كه وازى له‌یاریكردن هێناوه.
-ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ى له‌سه‌ره‌تاوه تاوازهێنان راهێنه‌ری بوون: مامۆستا رزگار ته‌یمور، خوالێخۆشبوو فه‌رهاد قه‌ساب، موحسین عه‌زیز، دكتۆر سه‌مه‌د محه‌مه‌د ره‌زا، خه‌سرۆ قه‌ساب.
*دیارترین ئەنجام و دەستكەوت و سەروەرییەكانی:
-میدالى زێڕى پله‌ى یه‌كه‌مى پاڵه‌وانێتى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌سوریا.
-میدالى زێڕى پله‌ى یه‌كه‌مى پاڵه‌وانێتى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌یه‌مه‌ن.
-میدالى زیوى پله‌ى دووه‌مى له‌خولى یارییه‌كانى وڵاتانى عه‌ره‌بى.
-میدالى زێڕى پله‌ى یه‌كه‌مى پاڵه‌وانێتى یانه‌كانى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌ئوردن.
-میدالى زێڕى پله‌ى یه‌كه‌مى پاڵه‌وانێتى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌ئوردن.
-میدالى زێڕى پله‌ى یه‌كه‌مى پاڵه‌وانێتى یانه‌كانى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌ئوردن.
-له‌ئوردن به‌باشترین یاریزانى یانه‌كانى وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌ستنیشانكراوه.
-ساڵى 2007 خه‌ڵاتى باشترین یاریزانى وڵاتانى عه‌ره‌بى پێدراوه.
-سێ جار له‌وڵاتانى تایله‌ند و كه‌نه‌دا و توركیا به‌شدارى پاڵه‌وانێتى جیهانى كردووه.
-له‌پاڵه‌وانێتى وڵاتان ئاسیا له‌ژاپۆن به‌پله‌ى چواره‌مى كێشى خۆى ده‌رچووه.
-كاندید بووه بۆ به‌شدارى كردن لهئۆڵۆمپیادى په‌كین 2008.
-له‌ژیانى یاریكردنیدا خاوه‌نى 24 میدالى ره‌نگاوڕه‌نگى یارى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورساییه (10 زێڕ، 9 زیو، 5 بڕۆنز ).
