هەواڵ

به‌رگریكاره‌ كورده‌كه‌ى كریستاڵ پاڵاسى ئینگلیزى ئاماده‌یه‌ بۆ پاڵه‌وانێتى لاوانى ئاسیا

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

كاردۆ سدیق-ى یاریزانى لاوى كوردى یانه‌ى كریستاڵ پاڵاسى ئینگلیزى بووه‌ خاوه‌نى پاسپۆرتى عێراقى و ئاماده‌یه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تى كردنى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى عێراق له‌پاڵه‌وانێتى جامى وڵاتانى ئاسیا بۆ هه‌ڵبژاره‌كانى لاوانى ژێر ته‌مه‌ن 20 ساڵ.

كاردۆ سدیق یاریزانى دڵ و چه‌قى به‌رگری پاش ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن قه‌حتان جه‌سیر-ى راهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى لاوانى عێراق بۆ ریزى هه‌ڵبژارده‌ى داواكرا، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ داواكه‌ى قبوڵ كرد و لایه‌نه‌ عێراقییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش كه‌وتنه‌خۆیان بۆ ته‌واوكردنى نووسراوه‌كانى تایبه‌ت به‌عێراقی بوونى و ده‌ركردنى پاسپۆرتى عێراقى، به‌پێى هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ى وه‌رزشى و میدیاكارى وه‌رزشی عێراقى، رۆژى دووشه‌ممه‌ 17-8-2020 پاسپۆرتى كاردۆ ته‌واوكرا و یاریزانى ناوبراو له‌ئێستادا ده‌توانێت یارى بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ بكات و خۆشى له‌م لایه‌نه‌وه‌ پێشووتر ئاماده‌یی پیشانداوه‌.

كاردۆ سدیق-ى ته‌مه‌ن 18 ساڵ و به‌رگریكارى لاو و به‌هره‌مه‌ندى كوردى تیپى لاوانى ژێر ته‌مه‌ن 23 ساڵى یانه‌ى كریستاڵ پاڵاس-ى ئینگلیزى یه‌كێكه‌ له‌به‌رگریكاره‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان و خاوه‌ن توانا و ئاستێكی به‌رزه‌ و وه‌ك خۆى باسى ده‌كات ته‌مه‌نى نزیكه‌ى پێنج ساڵ بووه‌ له‌تیمه‌ ناوخۆییه‌كانى له‌نده‌ن ده‌ستى به‌یارى فوتبۆڵ كردووه‌ و تا ته‌مه‌نى بۆته‌ هه‌شت ساڵ له‌ئه‌كادیمیاى یانه‌كانى واتفۆرد و و كوینز پارك رێنجه‌رز به‌رده‌وام بووه‌ و پاشان تا ته‌مه‌نى 12 ساڵى له‌ئه‌كادیمیاى ویكومب واندررز و تا ته‌مه‌نى 14 ساڵى له‌ئه‌كادیمیاى یانه‌ى بارنت بووه‌ و دواجاریش له‌ته‌مه‌نى 14 ساڵییه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌ئه‌كادیمیاى یانه‌ى كریستاڵ پاڵاس-ه‌وه‌ كردووه‌ و رۆژى 1-11-2019 بۆندى له‌گه‌ڵ یانه‌ى كریستاڵ پاڵاس واژووكردووه‌ و بۆنده‌كه‌ى رۆژى 30-6-2021 ته‌واوده‌بێت و له‌دوو وه‌رزى رابردوودا 2018-2019 و 2019-2020 له‌گه‌ڵ تیپه‌كانى تازه‌پێگه‌یشتووان و لاوانى ژێر ته‌مه‌ن 18 ساڵى یانه‌كه‌دا توانیویه‌تى 24 یاری فه‌رمیی ئه‌نجام بدات و 2 گۆڵیش تۆماربكات.

شایه‌نى باسه‌ كاردۆ سدیق یان كاردۆ شاوه‌یس رۆژى 21-9-2002 له‌رۆژئاواى شارى له‌نده‌ن له‌به‌ریتانیا له‌دایكبووه‌ و باڵاى 190 سانتیمه‌تره‌ و كێشى 72 كیلۆگرامه‌ و كوڕى كامه‌ران سدیق ئه‌فراسیاو-ه‌و به‌ر له‌ 28 ساڵ خانه‌واده‌كه‌یان كه‌ خه‌ڵكى شارى سلێمانى-ن و ئه‌وكات له‌شارى به‌غدا بوونه‌، عێراقیان جێهێشتووه‌ و روویان له‌ئه‌وروپا كردووه‌، باوكى كاردۆ یاریزانى تۆپى ده‌ستى شارى سلێمانى و هه‌ڵبژارده‌ى عێراق بووه‌ و به‌شدارى له‌یارى و پاڵه‌وانێتی نێوده‌وڵه‌تى كردووه‌.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close