وتار

کیومان چی کردوەو چی پێ دەکرێت؟

فرۆشتنی زیاد لە ٦ یاریزان و هێنانی چەند ناوێکی تازە و گۆڕانکاری زۆر لە بەرشەلۆنە لە ژێر دەستی بارتۆمیۆ وا ئاسانە؟! جاری بپرسین کیومان راهێنەرێکی گەورەیە؟ کام نازناوی هەیە ؟

بەهۆی دۆڕاندنە گەورەکەی بایرنەوە گۆڕانکاری خێرا لە بەرشەلۆنە دەکرێت، باشە بۆ چەندین ساڵە نەکرا؟ بارتۆمیۆو ئیدارەکەی دەتوانن ئەم بەڵێنانە بەرنە سەر؟

وەکو هەموو لایەک دەزانن گەورەترین هەڵەی ئیدارەی بەرشەلۆنە لە دیاریکردنی ستراتیجی پلانی یانەکەدابوو، بە تایبەتی دیاریکردنی راهێنەر و هێنانی یاریزان.

بارتۆمیۆ نەڕۆیشت و دەیەوێت تا کاتی هەڵبژاردن لە مانگی ٣ ی ٢٠٢١ بمێنێتەوە، پلانەکەشی ئەوەیە کە کیومان سەرکردایەتی ئەم گۆڕانکاریانە بکات.

فرۆشتنی سوارێز و بۆسکێتس و راکیتیچ و ڤیدال و ئومتیتی و ئەلبا و چەند یاریزانێکیتر وا ئاسان نیە، بۆ نمونە سوارێز ساڵانەکەی ١٥ ملیۆنە، بەهۆی کۆرۆناوە دۆزینەوەی یانە بۆ ئەم یاریزانانە ئاسان نیە.

لەوەش خراپتر ئەوەیە کام یاریزان ئەهێنن؟ بەرشەلۆنە بودجەی چەنە بۆ کڕینی یاریزان؟ ئایا ئەم یاریزانە تازانە تا چەند سەرکەوتوو ئەبن لەم تیپە تازەیە؟

کیومان وەکو یاریزان و کەسایەتی ناوێکی گەورەی هەیە لای بەرشەلۆنە و هۆڵەندیەکان بەڵام با بزانین لە کاری راهێنەری تا چەند سەرکەتوو بوە تا ئێستا.

لە ساڵی ٢٠٠٧ لەگەڵ ڤالانسیا لە کۆتایی وەرزەکە دورخرایەوە دوای ئەوەی ١٥ ی ریزبەندی لالیگا بوون و ٢ خاڵ دوربون لە دابەزین و لە چامپیۆنس لیگیش چوارەمی کۆمەڵەکەیان بوون، سەرەڕای ئەو وەرزە جامی شای بردەوە، بەڵام نازناوەکە فریای نەکەوت.

وەرزی دواتر بوە بەراهێنەری ئەلکمار هەرچەندە ساڵی پێشتر خولی هۆڵەندیان بردبوەوە، بەڵام لە ١٦ یاری سەرەتادا ٧ دۆڕانی هەبوو، دورخرایەوە.

پاشان ماوەی ٢ وەرز لە فاینۆرد راهێنەریکرد، کاری باشی کیومان لە ساوسامپتن بوو کە ٣ جار بە راهێنەری مانگ دیاریکرا و چەندین یاریزانی دیاری پێ گەیاند، شەشەمی پرێمەرلیگ بوون کە باشترین ریزبەندی یانەکەیە.

دواتر لە ئیڤەرتن بوە راهێنەر و لە وەرزی دوەمیدا لە مانگی ١٠ لە کارەکەی دورخرایەوە دوای ئەوەی تیپەکەی لە ئاستی دابەزیندابوو.

لە مانگی ٢ ی ٢٠١٨ دا کیومان بوە راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەنداو بڕیاربوو تا کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٢ بەردەوامبێت، لە ٢٠١٩ دا گەیشتنە یاری کۆتایی نەیشن لیگ، بەڵام بە پرتوگال دۆڕان.

وەکو دەبینن کیومان لە راهێنەریدا نازناوی گەورەی نیە، بۆیە دەبێت چاوەڕی بکەین بزانین لەگەڵ بەرشەلۆنەدا چی پێ ئەکرێت.

گرنگیشە بزانین چۆن یاری ئەکات؟ دیسان ئەبێت کۆنتڕۆلی تۆپ (تیکی تاکا) جێ بەجێ بکات؟ یان بەپێی توانای یاریزانەکانی پلان دادەنێت، پرسیارە قورسەکە ئەوەیە شوێنی مێسی لەیاریگادا چۆن دیاری ئەکات؟ چۆن سود لە توانای ئەم ئەرجەنتینیە ئەبینێت؟
بۆ زانیاریتان کیومان لە ژیانی راهێنەریدا تیکی تاکای جێ بەجێ نەکردوە.

ئەگەرەکان و پرسیارەکان بۆ پلانەکانی بەرشەلۆنە زۆرن بۆیە هێشتا زوە بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە دڵخۆشبن بەوەی کە چاوەڕێیانە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close