هەواڵ

ئالسڤێنسكانى ئه‌مساڵى یانه‌كانى سوید بۆ رێوان كۆتاییهات

سه‌نگه‌ر زرار- kurdsport

خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید (ئالسڤێنسكان)ى ساڵى 2020 بۆ رێوان ئه‌مین-ى ناوه‌ڕاستكارى لاوى كورد كۆتاییهات.

به‌هۆى ئه‌و پێكانه‌ قورس و مه‌ترسیداره‌ى له‌دوایارى یانه‌كه‌ی له‌ئالسڤێنسكانى یانه‌كانى سوید به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ى ئێلفسبۆرگ دووچارى ئه‌ژنۆى راستى هات، رێوان ئه‌مین-ى ناوه‌ڕاستكارى لاوى یانه‌ى ئۆسترسوند ناتوانێت له‌یارییه‌كانى ترى یانه‌كه‌یدا له‌قۆناغى دووه‌مى خوله‌كه‌ به‌شدارى بكات.

پاش نزیكه‌ى نیو كاتژمێر یاریكردن له‌یارى نێوان یانه‌كه‌ى و یانه‌ى ئێلفسبۆرگ له‌هه‌فته‌ى 17ى خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید/ ئالسڤێنسكان، رۆژى 23ى ئابى 2020 رێوان ئه‌مین-ى ناوه‌ڕاستكارى لاوى كوردى یانه‌ى ئۆسترسوند-ى سویدى به‌هۆى پێكانێكى قورسى ئه‌ژنۆی و ئه‌و ئازاره‌ زۆره‌ى هه‌یبوو، نه‌یتوانى یارییه‌كه‌ ته‌واوبكات و به‌ (نه‌قاله‌) برایه‌ ده‌ره‌وه‌ى یاریگا و میدیاكانى وه‌رزشى سوید راسته‌وخۆ پێشبینى ئه‌وه‌یان كرد كه‌پێكانه‌كه‌ى ئه‌ژنۆى (ریباتى سه‌لیبى)یه‌.

ئه‌مڕۆ 25ى ئابى 2020 یانه‌ى ئۆسترسوند له‌وێبسایتى فه‌رمیی خۆیدا هه‌واڵى دابڕانى رێوان-ى له‌یاریگا و یاریكردن و ته‌واوى یارییه‌كانى یانه‌كه‌یان له‌ئالسڤێنسكان و یانه‌كه‌ ئه‌وه‌ى ئاشكراكردووه‌ كه‌ پاش پشكنینى پزیشكى ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ یاریزانه‌كه‌یان دووچارى پچڕان له‌(ریباتى سه‌لیبى) هاتووه‌ و به‌مهۆیه‌وه‌ش له‌ته‌واوى یارییه‌كانى ترى ئه‌مساڵدا بێبه‌ش ده‌بێت كه‌ یانه‌كه‌ ئه‌نجامیان ده‌دات.

به‌پێى هه‌واڵه‌كه‌ى یانه‌ى ئۆسترسوند رێوان له‌شارى ستۆكهۆڵم پشكنینى بۆكراوه‌ و ئه‌مڕۆ ئه‌نجامى پشكنینه‌كه‌ ئه‌وه‌ى ده‌رخستووه‌ كه‌ دووچارى پچڕانى ریباتى سه‌لیبى بووه‌ و پێویستى به‌نه‌شته‌رگه‌ری و ماوه‌یه‌كى زۆره‌ تا چاكده‌بێته‌وه‌ و دووباره‌ ئاماده‌ده‌بێته‌وه‌.

شایه‌نى باسه‌ رێوان ئه‌مین-ى ته‌مه‌ن 24 ساڵ له‌كۆى 17 یارى یانه‌كه‌یدا له‌ئالسڤێنسكانى یانه‌كانى سویدى ساڵى 2020دا، له‌ 15 یاریدا به‌شداربووه‌ و خاوه‌نى 1 گۆڵه‌ كه‌ به‌په‌ناڵتى كردوویه‌تى و 1 گۆڵى تریشى سازكردووه‌.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close