هەواڵ

ئایندەی مێسی بەرەو کوێ

شەوی رابردوو لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی هەرایەکی لەناو یانەی بارسێلۆنا و هاندەرانی یانەکە و هەروەها مێدیا جیهانییەکان نایەوە، کەهەرایەکی چاوەڕوان کرابوو دەرهاویشتەی سیاسەتی هەڵەی چەند ساڵەی ئیدارەی یانەکە و ئەنجامە خراپەکانی چەند وەرزی رابردووی تیپەکە بوو.

لیۆنێل مێسی لەرێی فاکسێکەوە سەختترین بڕیار و داوای ژیانی گەیاندە ئیدارەی یانەکە، بەوەی داوایکرد رازیی ببن بەدڵی خۆی رووبکاتە یانەیەکی تر و ئەو ماڵەی جێبهێڵێت کەزیاتر لەهەموو کەسێک ماڵی ئەو بوو دەستی لەهێشتنەوەی پایەکانی هەبوو لەسەر زەوی.

Lionel Messi

کام یانە هەنگاو دەنێت بۆ دەستخستنی مێسی

بەبێ گومان زۆریانە لەجیهاندا خەونی ئەوە دەبینن کەمێسی-یان هەبێت، بەڵام دۆخی ئەمڕۆی ئابوری جیهان و پێگە و قورسایی مێسی وادەکات چەند یانەیەکی کەم هەبن توانای پەلکێشکردنی مێسی-یان هەبێت.

بزانین بژاردەکانی مێسی چین و کێین ئەوانەی لەئاست داخوازی ئەودان

مانچستەر سیتی

مێسی ساڵانێکە ئارەزووی خۆی بۆ خولی ئینگلتەرا دەربڕیوە، ئەو زانیاری وورد و تەواوی لەسەر خولەکە هەیە بەهۆی هەردوو هاوڕێی (سێرجیۆ ئەگوێرۆ و سیسک فابریگاس)، ئەو دوانەش ساڵانێکی زۆر لەو خولەدا بوون.

لەئینگلتەراش نزیکترین یانە بۆ مێسی هیچ شوێنێکی تر نیە جگە لە مانچستەر سیتی ئەویش بەهۆی پیپ گواردیۆلا، ئەمە جگە لەدوو کەسی تری ستافەکەی پیپ کەپێشتر لەگەڵ مێسی کاریان کردووە، ئەوانیش فێران سۆریانۆ و تکسیکی بێگیریستەین.

لایەنێکی تری لۆجیکی بۆ نزیکبوونی سیتی لەداخوازییەکانی مێسی لایەنی دارایی یانەکەیە بەهۆی ئەوەی مێسی شایەنی مووچەیەکی گەورەیە و داخوازیی خۆشی دەبێت بەدڵنیایی.

تاکە کێشەی پیپ گواردیۆلا بۆ دەستخستنی مێسی نزیکترین هاوسێی خۆی دەبێت ئەویش یانەی مانچستەر یونایتدە، کەهەوڵێکی بەردەوام هەیە لەو یانەیەوە بۆ راکێشانی ئەستێرە ئەرجەنتینیەکە بۆ ئینگلتەرا.

یانەکانی چێڵسی و لیڤەرپوڵ و ئارسناڵ، پاڵێوراوی بچووکن کەبتوانن ببنە خاوەنی مێسی ئەویش بەهۆی نەبوونی خاڵی لێکچوون و لێکنزیکی لەگەڵ مێسی، هەروەها ئەو تیپانە تا ڕادەیەک پێکهاتەکانیان جێگیرکردووە و بۆندی تریان ئیمزاکردووە.

یانە گەورەکانی ئەوروپا

پاریس سان جێرمان کەبۆ یەکەمجار گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنز لیگ و یارییەکەشی دۆڕاند، هەموو هەوڵ و بەختی خۆی تاقیدەکاتەوە بۆ هێنانی مێسی بۆ ریزەکانی، ئەویش هاوشێوەی سیتی لەدۆخێکی دارایی باشدایە کەلەتوانای زۆر یانەی تردا نییە.

ئەوەی مێسی لە پاریس سان جێرمان نزیکدەکاتەوە بوونی نێیمار دا سلیڤایە لەو یانەیە کەدووبارە پێکەوە دەبنەوە بەدوانە تۆقێنەرەکەی پێشوو، ئەویش دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٧ لەیەک دوورکەوتنەوە ئەوەش خاڵی سەرەتای ناکۆکیەکانی نێوان مێسی و ئیدارەی بارسێلۆنا بوو.

لەئیتاڵیاش ئینتەر میلان خەون بەمێسیەوە دەبینێت و خاوەنە چینیەکەی یانەکە دەیەوێت کۆتایی بەباڵادەستیە نۆ ساڵییەکەی یانەی یۆڤانتۆس بهێنێت.

ئەو خاڵەش کەمێسی لەئیتاڵیا و ئینتەر میلان نزیک دەکاتەوە بوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە لەو وڵاتە کەئەوان دوو رکابەریی سەرەکین و جارێکی تر نمایشەکانی خۆیان بەرامبەر یەک دەستپێدەکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە یانەی ریاڵ مەدرید بەشەرمنانەوە دەیەوێت لەبابەتەکە نزیک بێتەوە بەڵام بەدڵنیاییەوە مێسی رۆشتن لەبارسێلۆنا قبوڵ بکات، چوون بۆ ریاڵ مەدرید قبوڵ ناکات.

گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی یان رۆژهەڵات (ئاسیا)

ئاواتی لەمێژینەی مێسی ئەوەیە رۆژێک بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی و لەشاری رۆزاریۆی شوێنی لەدایکبوونی یاریی بۆ یانەی نێوێڵز ئۆڵد بۆیز بکات، بەڵام ئەوەی رێگری لەچوونی مێسی دەکات بۆ ئەرجەنتین ئەوەیە هێشتا ئەو یاریزانە لەلوتکەی توانای خۆیەتی و ئەو بژاردەیەی بۆ کاتی پێش وازهێنان داناوە،

بژاردەیەکی تری مێسی ئاسیایە بەتایبەت قەتەر یان یابان بەهۆی بوونی دوو هاوڕێی دێرین چاڤی لەقەتەر و ئینێستا لەیابان، ئەوەی دوو دڵی بۆ مێسی لەو بژاردەیەش دروستدەکات ئەوەیە ئەو دوو یاریزانە کاتێک چوونە ئاسیا ووزە و توانا و ناوبانگی خۆیان لەدەستدا.

لەلایەکی ترەوە مێسی پێی وایە جارێ لەتوانایدا ماوە نازناوێکی تری چامپیۆنز لیگ بەدەستبهێنێت، بۆیە باشترین بژاردە بۆ ئەو مانەوەیە لەئەوروپا.

مانەوە لەبارسێلۆنا

لەگەڵ هەموو ئەو ئەگەرانەدا هێشتا مێسی یاریزانی بارسێلۆنا-یە و بەدوور نازانرێت لەو یانەیە بەردەوامبێت، رەنگە ئەم هەنگاوەی مێسی بۆ دروستکردنی پەستانبێت لەسەر ئیدارەی یانەکە و هەوڵێک بێت بۆ هەڵدانە دەرەوەی جۆسێپ بارتۆمیۆی سەرۆکی یانەکە کە سەرچاوەی گرژییەکانە لەگەڵ مێسی.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close