هەواڵ

بەرگریکارە ھەمەوەندییەکە گەڕایەوە یانەی ئەلسەدی قەتەری

سەنگەر زرار- kurdsport

دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی لەگەڵ یانەی ئەلوەکرە، بەرگریکارە کوردە ھەمەوەندییەکە گەڕایەوە ریزی یانەی ئەلسەد-ی قەتەری.

ئەحمەد سوھەیل ھەمەوەندی کوڕە گەورەی کاپتن سوھەیل سابیر عەلی خەمەوەندی گۆڵپارێزی کورد و پێشووی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق و یانەی تەڵەبە-ی شاری بەغدا کە وەرزی پێشوو ٢٠١٩-٢٠٢٠ بەشێوەی خواستن بۆ یانەی ئەلوەکرە لەخولی ئەستێرەکانی تۆپی پێی یانەکانی قەتەر (قەتەر ستار لیگ) یاریکرد، پاش کۆتاییھاتنی ماوەی خواستنەکەی پەیوەندی بەیانەی ئەلسەد کردەوە و رۆژی ٢٦ی ئەم مانگەش یەکەم یەکەی مەشق و راھێنانی لەگەڵ یانەکەیدا ئەنجامدا.

پاش کۆتاییھاتنی قەتەر ستار لیگی وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ و پێنج رۆژ پشوودان، ئەمە یەکەم یەکەی مەشقی ئامادەکاری یانەی ئەلسەد بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی ئەھلی ھاونیشتمانی لەقۆناغی نیوەی کۆتایی جامی ئۆریدۆ کە رۆژی شەممەی داھاتوو ٢٩-٨-٢٠٢٠ ئەنجامدەدرێت.

ئەحمەد-ی بەرگریکاری لاوی کورد کە تەمەنی ٢١ ساڵە لەگەڵ یاریزانانی یانەکەی ئامادەی مەشق و راھێنان بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی ئەھلی و یانەی ئەلسەد-ی قەتەر-یش بەفەرمیی بڵاوی کردەوە کە یاریزانەکەیان پاش کۆتاییھاتنی ماوەی خواستنەکەی، سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە ریزی یانەکەیان.

بەمەش بۆ وەرزی داھاتوو ٢٠٢٠-٢٠٢١ی قەتەر ستار لیگ ئەحمەد سوھەیل-ی بەرگریکاری بەھرەمەندی کورد شانبەشانی رامی سوھەیل-ی برای کە یاریزانی ھێڵی ناوەندە، بەیەکەوە لەیانەی ئەلسەد-ی قەتەری یاری دەکەن.

شایەنی باسە ئەحمەد سوھەیل ھەمەوەندی دەستپێکی یاریکردنی لەئەکادیمیای ئەسپایەر و تیپەکانی ئاستی تەمەنی یانەی ئەلسەد بووە تا گەیشتووەتە تیپی یەکەمی یانەکە و دوو وەرزی رابردوو (٢٠١٨-٢٠١٩ و ٢٠١٩-٢٠٢٠) بەشێوەی خواستن بۆ یانەکانی ئەھلی و ئەلوەکرە یاریکردووە و جگە لەمەش یاریزانی ھەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی قەتەر-ی ژێر تەمەن ٢٣ ساڵە و پێش ئەوەش بۆ ھەڵبژاردەی لاوانی قەتەر-ی ژێر تەمەن ١٩ ساڵ یاریکردووە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close