وتار

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەتوانێ چیبکات ؟

بەرچاو ڕوونیەک بۆ بەڕێزان :

  • وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان .
  • لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی کوردستان .
  • یەکێتی تۆپی پێی کوردستان .
    لە مادەی دوو – بڕگەی (شەش) و بڕگەی (نۆ) لەیاسای وەزارەتی ڕۆشنبیری هاتووە و بەڕونی ئەرکی وەزارەتی دیاریکردووە بەرامبەر بە بزاوتی وەرزشی ، ئەوەی مەبەستمە بیخەمە ڕووبڕگەی شەشە کە ئەمە دەقەکەیەتی :
    دارشتنی پلانی پێویست بۆ پشتگیری کردنی بزاڤی وەرزشی و چالاکی لاوان و ھاندان و چاودێری کردن و رێزگرتنی وەرزشوانان، لەڕێی ھەماھەنگی کردن لەگەڵ لیژنەی ئۆلۆمپی کوردستان بە ئامانجی پەرەپێدانی واقیعی بزاڤی وەرزش لە ھەرێمدا.
    نازانم ئەوبەڕێزانە تاچەند کار بەم یاسایەی وەزارەت دەکەن لێی به ئاگان ، یان تاچەند وەزارەت و لیژنەی ئۆڵۆمپی بەتەنگ پەیڕەو کردنی ئەم یاسایەن ، یان ڕاستیەکە ئەوەیە خۆیان لەم بڕگەیە لاداوە و گۆڕەپانەکەیان داوەتە دەست یەکێتی تۆپی پێ ؟ بەو پێیەی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی لە لیژنەی ئۆڵۆمپی ئەمینداری داراییە .
    سێ زاراوەی کارگێڕی لەو بڕگەیە هەیە (پلاندانان ۔ التخطيط ، چاودێریکردن ۔ الرقابة ، هەماهەنگی ۔ التنسيق ) ، لێرە دەپرسم ئایا ئەم یاسایە تەنها وەک دەق بوونی هەیە و لە واقعدا شتێکی تر دەگوزەرێت ؟ یا لەبەر هەژموونی حزبایەتی و دەستوەردانی کەسەکانی پشت پەردە نایانەوێ یاسای وەزارەت پەیڕەو بکرێ ؟
    دەکرێ ئێستاش بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری بۆ چاکردن و ڕاگرتنی ئەم کەشە ناجێگیرە و ئەنجامدانی ڕۆڵی بەرپرسیارێتی و خەمخۆری و پاڵپشت بەو یاسایەی وەزارەتەکەی هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپی بکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بکەن ئەگەر مەبەستیان بێت ، بۆیە دەڵێم کاتی چونکە دڵنیام نە شەقامی وەرزشی و خەڵکانی پسپۆڕ و وەرزشکاران و میدیاکاران ئەم دۆخە قێزەونەیان بەلاوە قبوڵ نیە و دواتر دەبێ بیر لە چارەسەر و ڕیفۆرمی جدی بکرێتەوە بەبێ ڕێکەووتنی ژێر بەژێر.
    ئەگەر نا دیارە دەیانەوێ پۆستەکان هەر بۆ ئەو دەم و چاوانەبێت کە لای کەسانی باڵا جێگەی بایەخن ، بەمەش زەرەرێکی زۆر گەورەتر لە وەرزشی کوردستان ئەدەن ، هەموو وڵاتان پلان دادەنێن کە چۆن بەرەو پێش بچن ، ئێمەش وا بەرەو ساڵی 2021 هەنگاو دەنێین و لەخەمی ئەوەداین وەرزش بەرەو دواتر نەڕوات .

د. دیار کمال اسعد

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close