هەواڵ

داڵەھۆ یانە جەماوەرییەکەی پایتەختی سویدی دووچاری شکست کرد

سەنگەر زرار- kurdsport

داڵەھۆ ئیراندوست-ی ناوەڕاستکاری لاوی کوردی لەیاری ئەمڕۆی یانەکەیدا لەخولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی سوید (ئالسڤێنسکان)ی ساڵی ٢٠٢٠دا، توانی بەشووتێکی بەھێز کە بەقاچی چەپە ئاراستەی کرد، تۆڕی گۆڵی یانەی ئایک سۆلنا ستۆکھۆڵم بھەژێنێت و چوارەم بردنەوەی یەک لەسەریەکی خولەکە پێشکەشی یانەکەی بکات.

ئەمڕۆ ٣٠ی ئابی ٢٠٢٠ یانەی بی کەی ھێکن بەبەشداری سەرەکی ھەردوو ناوەڕاستکاری کورد (داڵەھۆ ئیراندوست و ئەحمەد یاسین) لەسەر یاریگای فرێندز ئەرینا لەشاری ستۆکھۆڵم و لەیارییەکانی ھەفتەی ١٨ی قۆناغی دووەمی ئالسڤێنسکانی یانەکانی سوید، بووە میوانی یانەی ئایک سۆلنا و سەرەنجامیش بەگۆڵێکی بێبەرامبەر یانە بەھێز و جەماوەرەکەی پایتەختی دووچاری شکست کرد، گۆڵەکەش بە واژووی داڵەھۆ-ی یاریزانی لاوی ھەڵبژاردەی لاوانی سوید بوو کە لەخولەکی ٥٧ی نیوەی دووەمدا تۆماریکرد و لەخولەکی ٧٨دا گۆڕانکاری پێکرا و لەخولەکی ٨٧یشدا ئەحمەد یاسین بەھەمان شێوە گۆڕانکاری پێکرا و برایە دەرەوەی یاریگا.

بەم بردنەوە بەنرخەش کە چوارەم بردنەوەی یەک لەسەریەک بوو، یانەی ھێکن-ی داڵەھۆ-ی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ٣٣ خاڵ لە ١٨ یاری (٩ بردنەوە، ٦ یەکسانبوون، ٣ دۆڕاندن) و (١٧-١٤ گۆڵ و +٣ گۆڵ) گەیشتە خانەی دووەمی ریزبەندی خولەکە.

شایەنی باسە داڵەھۆ ئیراندوست-ی ناوەڕاستکاری لاوی کوردی یانەی ھێکن پاش کۆتاییھاتنی یارییەکانی ھەفتەی ١٨ی قۆناغی دووەمی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی سوید (ئالسڤێنسکان)، خاوەنی ٥ گۆڵە لە ١٧ یاری و ١٣٣٨ خولەک یاریکردن و ٢ گۆڵیشی سازکردووە.

بۆ بینینی ڤیدیۆی گۆڵەکە کلیک لەم لینکە بکەن

https://www.svt.se/sport/fotboll/aik-forlorade-nar-lustig-gjorde-debut

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close