هەواڵ

ئالان و پەیمان و حەیدەر بۆ ھەڵبژاردەی فوتساڵی سوید تێست دەکرێن

سەنگەر زرار- kurdsport

سێ یاریزانی کورد بانگھێشتی کەمپی تاقیکردنەوەکان (تێست)کردن بۆ ھەڵبژاردنی پێکھاتەیەکی نوێی ھەڵبژاردەی فوتساڵی سوید کران.


ھەریەکە لە ئالان ئەرسلان و حەیدەر بێجان و پەیمان ئالکۆیون-ی یاریزانانی لاوی کورد بەمەبەستی تێست کردن داوەتی کەمپێکی ھەڵبژاردەی فوتساڵی سوید کران کە مانگی داھاتوو کەمپەکە بەدوو قۆناغ و لەھەردوو شاری ستۆکھۆڵم و ئۆدیڤاڵا-ی سوید بەڕێوەدەچێت و بەتەواوبوونیشی پێکھاتەی سەرەکی ھەڵبژاردەکە بۆ ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ دیاری دەکرێت.

ھەرسێ یاریزانەکەش لەیاریزانە باشەکانی خولی نایابی فوتساڵی سەرتاسەریی یانەکانی سوید-ن و لەگەڵ یانەکانیاندا ئاستێکی بەرزیان لەخولی وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠دا پێشکەش کردووە و ئالان ئەرسلان کوردی باکوورە و بۆ تیمی فوتساڵی یانەی ھاماربی یاری دەکات، پێشووتر ساڵی ٢٠١٩ بۆ یەکەمجار بانگھێشتی ریزی ھەڵبژاردەکە کراوە و ٤ یاری نێودەوڵەتیشی لەگەڵ ھەڵبژاردەکەدا ئەنجامداوە، بەڵام ھەریەکە لە حەیدەر بێجان-ی یاریزانی کوردی فەیلی تیمی فوتساڵی یانەی سکۆفتەبینس و پەیمان ئالکۆیون-ی یاریزانی کوردی باکووری تیمی فوتساڵی یانەی ئەتلەتیک ئێسکلستونا بۆ یەکەمجارە داوەتی کەمپێکی لەمجۆرەی ھەڵبژاردەکە دەکرێن.

بەپێی وێسایتی فەرمیی یەکێتی تۆپی پێی سوید، یاریزانەکان کە ژمارەیان ٣٢ یاریزانە و داوەتی کەمپەکە کراون، بەدوو گروپ (تێست) دەکرێن و رۆژانی ٧ تا ١٠ی مانگی ئەیلوولی داھاتوو لەشاری ستۆکھۆڵم تێست بۆ ١٦ یاریزانی یانەکانی ناوچەی باشوور و رۆژانی ١١ تا ١٤ی ھەمان مانگ لەشاری ئۆدیڤاڵا تێست بۆ ١٦ یاریزانەکەی تری ناوچەی باکووری سوید دەکرێت و دواجار راھێنەری ھەڵبژاردەکە پێکھاتەی کۆتایی ھەڵبژاردەکەی دیاری دەکات.

*ناسنامەی تەواوەتی یاریزانە کوردەکان:

-ناو: ئالان ئەرسلان.
-رەچەڵەک: کوردی باکوور.
-تەمەن: ٢٦ ساڵ.
-باڵا: ١٨٣ سانتیمەتر.
-تیم: فوتساڵی یانەی ھاماربی.
-ژمارەی درێس: ١٣.
-وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠: ١٥ یاری لەگەڵ تیمی یانەکەیدا لەخولی نایابی فوتساڵی سەرتاسەریی یانەکانی سوید ئەنجامداوە و ١٠ گۆڵیشی تۆمارکردووە.
-ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ ھەڵبژاردەی فوتساڵی سوید ٤ یاری نێودەوڵەتی ئەنجامداوە.

ناو: حەیدەر بێجان.
-رەچەڵەک: کوردی باشوور (کوردی فەیلی).
-تەمەن: ٢٥ ساڵ.
-باڵا: ١٧٩ سانتیمەتر.
-تیم: فوتساڵی یانەی سکۆفتەبینس.
-ژمارەی درێس: ٩٥.
-وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠: ١٨ یاری لەگەڵ تیمی یانەکەیدا لەخولی نایابی فوتساڵی سەرتاسەریی یانەکانی سوید ئەنجامداوە و ١١ گۆڵیشی تۆمارکردووە.

-ناو: پەیمان ئالکۆیون.
-رەچەڵەک: کوردی باکوور.
-تەمەن: ٢٤ ساڵ.
-باڵا: ١٨٣ سانتیمەتر.
-تیم: فوتساڵی یانەی ئەتلەتیک ئێسکلستونا.
-ژمارەی درێس: ٩٩.
-وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠: ١٣ یاری لەگەڵ تیمی یانەکەیدا لەخولی نایابی فوتساڵی سەرتاسەریی یانەکانی سوید ئەنجامداوە و ٨ گۆڵیشی تۆمارکردووە.
-لەھەمان وەرزدا بەر لەوەی رووبکاتە تیمی فوتساڵی یانەی ئەتلەتیک ئێسکلستونا، لەگەڵ تیمی فوتساڵی یانەی سترینگنس ٦ یاری تری لەخولەکەدا کردووە و توانیویەتی ٥ گۆڵیش تۆماربکات.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close