هەواڵ

خانمە ھێرشبەرەکەی کورد بۆ وەرزی داھاتوو یانەیەکی کوردستانی ھەڵبژارد

سەنگەر زرار- Kurd Sport

خانمە ھێرشبەرەکەی کورد بۆ وەرزی داھاتوو ٢٠٢٠-٢٠٢١ی خولی نایابی تۆپی پێی خانمانی یانەکانی ئێران، یانەیەکی رۆژھەڵاتی کوردستانی ھەڵبژارد.

زەھرا قەنبەری خانمە یاریزانی کوردی کرماشانی و ئەندامی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران پاش کۆتاییھاتنی ماوەی بۆندەکەی لەگەڵ تیمی یانەی شارەداریی بم، بۆ ماوەی یەک ساڵ روویکردە یانەیەکی شاری سنە-ی رۆژھەڵاتی کوردستان و پەیوەندی بەیانەی وچان سنە-ەوە کرد کەوەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩ی لەخولی نایابی تۆپی پێی خانمانی یانەکانی ئێراندا پلەی دووەمی بەدەستھێناوە.

بەپێی وێبسایتی وەرزش ٣ی ئێرانی چوونی زەھرا بۆ یانەی وچان سنە، گەورەترین بۆمبی ھاتن و چوونی یاریزانان بوو لەنێوان یانە بەشدارەکانی خولی تۆپی پێی خانمانی یانەکانی ئێراندا، بەتایبەت کە یانەی شارەداریی بم داوای درێژکردنەوەی بۆندەکەی لێکرد و دەنگۆی ئەوەھەبوو یانەی سیپاھان ئەسفەھان-یش بۆندی خۆی پێشکەش کردووە و خودی خۆیشی لەگەڵ یانەی شارەداریی سیرجان لەگفتوگۆ دابوو.

شایەنی باسە زەھرا قەنبەری خانمە ھێرشبەری بەئەزموونی کورد تەمەنی ٢٨ ساڵە و ساڵی ٢٠٠٤ ھاتووەتە نێو دونیای تۆپی پێ و لەبەر لێھاتوویی لەساڵی ٢٠٠٦ەوە تائێستا بۆ ھەڵبژاردەکانی لاوان و ئۆڵۆمپی و یەکەمی تۆپی پێی ئێران یاری کردووە.

*بیۆگرافیا:
-ناو: زەھرا قەنبەری.
-ساڵڕۆژی لەدایکبوون: ٥-٣-١٩٩١.
-شوێنی لەدایکبوون: شارۆچکەی کەنگاوەر-ی سەربەشاری کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستان.
-باڵا: ١٧١ سم.
-یانە: وچان سنە.
-ھێڵی یاری کردن: ھێرشبەر.
-ماوەی بۆند: ١ ساڵ.
-ھەڵبژاردە: یەکەمی ئێران.
-ھێڵی یاری کردن: ناوەند-ھێرشبەر.
-ژمارەی درێس: ٩.
-لەساڵی ٢٠٠٦ەوە تائێستا بۆ ھەڵبژاردەکانی لاوان و ئۆڵۆمپی و یەکەمی ئێران یاری دەکات.
-تائێستا لەگەڵ ھەڵبژاردەکانانی ئێراندا ٨٠ یاری ئەنجامداوە و ٦٨ گۆڵی تۆمارکردووە کە ١٦ یاری و ٩ گۆڵی لەگەڵ ھەڵبژاردەی یەکەمی ئێران بووە.
-ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ ھەڵبژاردەی یەکەمی ئێران پلەی دووەمی پاڵەوانێتی جامی یەکێتی تۆپی پێی ناوەڕاستی ئاسیا (کافا-CAFA)یان بەدەستھێناوە و کاپتنی ھەڵبژاردەکە بووە.
-لەژیانی یاریکردنیدا بۆ تیمی یانەکانی پەیکان و زانکۆی ئازاد و ئیسپاد شیراز و ئۆنج نەسر شیراز و غاز شیمال/ عێراق و شارەداریی بم و دلوار کشتی بەشەھر و شارەداریی بم یاریکردووە.

-یەكەم خانمە یاریزانی پیشەگەری تۆپی پێی ئێرانی بووە ساڵی ٢٠١٦ لەدەرەوەی ئێران و بۆ تیمی یانەی غاز شیمال-ی كەركوك یاری كردووە.
-پێنج نازناوی خولی نایابی تۆپی پێی خانمانی یانەکانی ئێرانی بەدەستھێناوە لەگەڵ یەک پلەی دووەمی و یەک پلەی سێیەمی.
-وەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥ بەباشترین یاریزانی خولی نایابی تۆپی پێی خانمانی یانەکانی ئێران دیاری کراوە.

-ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ تیمی یانەی غاز شیمال-ی كەركوك بوونەتە پاڵەوانی خولی خانمانی یانەكانی عێراق.
-وەرزی ٢٠١٧-٢٠١٨ بەتۆمارکردنی ٤١ گۆڵ بووەتە گۆڵکەری خولی نایابی تۆپی پێی خانمانی یانەکانی ئێران.
-وەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩ی بەتۆمارکردنی ٥١ گۆڵ بووەتە گۆڵکەری خولی نایابی تۆپی پێی خانمانی یانەکانی ئێران.
-لەمێژووی تۆپی پێی ئێران بەپیاوان وخانمانەوە ھیچ یاریزانێک نەیتوانیوە ئەم رێژە گۆڵە کە ٥١ گۆڵە تۆماربکات و ئەمەش ریکۆردێکی بەرزە و بەمە زەھرا بۆتە گۆڵکەری مێژوویی خولەکە و تۆپی پێی ئێران.

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close