هەواڵ

ناوەڕاستکارە کوردەکە لەدوو پێکھاتەی باشترینەکانی ھەفتەی ١٨ی ئالسڤێنسکان دایە

سەنگەر زرار- kurdsport

پڕۆگرامی ستۆدیۆ ئالسڤێنسکان)ی سویدی، بۆجاری پێنجەم ناوی (داڵەھۆ ئیراندوست)ی ناوەڕاستکاری لاوی کورد دەخاتە نێو پێکھاتەی باشترینەکانی ھەفتەی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی سوید (ئالسڤێنسکان).

داڵەھۆ ئیراندوست-ی ناوەڕاستکاری لاوی کوردی یانەی بی کەی ھێکن کە لەدوایاری یانەکەیدا لەھەفتەی ١٨ی قۆناغی دووەمی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی سوید (ئالسڤێنسکان)ی ساڵی ٢٠٢٠دا، توانی گۆڵی بردنەوەی ١-٠ی یانەکەی لەدەرەوەی یاریگای خۆیاندا لەیانەی ئایک سۆلنا ستۆکھۆڵم بکات، پڕۆگرامی ستۆدیۆ ئالسڤێنسکان لەلایەن خۆیەوە ناوی خستە نێو پێکھاتەی نموونەیی باشترین ١١ یاریزانی ھەفتە (ھەڵبژاردەی ھەفتە)ی خولەکەدا.

پێشووتر داڵەھۆ-ی لەھەفتەکانی (٣ و ٨ و ١٠ و ١١)ی ئالسڤێنسکان-ی یانەکانی سویدی ساڵی ٢٠٢٠دا، ناوی لەھەمان پێکھاتەی باشترینەکاندا ھاتووە کە (پڕۆگرامی ستۆدیۆ ئالسڤێنسکان) ھەفتانە پاش کۆتایی ھاتنی یارییەکانی ھەفتە دیارییان دەکات.

لەلایەکی ترەوە وێبسایتی دیپلای سپۆرت-ی سویدی بەھەمان شێوە ناوی داڵەھۆ-ی تەمەن ٢٣ ساڵی خستە نێو پێکھاتەی باشترینەکانی ھەفتەی ١٨ی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی سوید (ئالسڤێنسکان) و ئەم وێبسایتە باوەڕپێکراوەی سوید-یش کە تایبەت بەخستنەڕووی ئامارە ھونەرییەکان و ھەڵسەنگاندنی ئاستی یاریزانان بۆ جاری چوارەمە لەلایەن خۆیەوە یاریزانە کوردەکەی یانەی بی کەی ھێکن دەخاتە نێو ھەڵبژاردەی ھەفتەی خولەکە و لەھەفتەکانی ٣ و ٨ و ١٠ی خولەکەشدا ھەر ناوی خستووەتە نێو پێکھاتەی نموونەیی باشترینەکان.

شایەنی باسە داڵەھۆ رەفعەت ئیراندوست-ی یاریزانی کورد یەکێکە لەیاریزانە لاو و ھەرە دیارەکانی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی سوید (ئالسڤێنسکان) و لەگەڵ یانەی ھێکن لەھێڵی ناوەند بەدرێسی ژمارە ١٩ یاری دەکات و لەخولی ئەمساڵیشدا خاوەنی ٥ گۆڵ و ٢ پاسی گۆڵە لە ١٧ یاری و ١٣٣٨ خولەک یاریکردندا.
.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close