هەواڵ

ھێرشبەرێکی کورد یانە دانیمارکییەکەی گەیاندە قۆناغی دووەمی لاندس پۆکاڵ

سەنگەر زرار- Kurd Sport

ئەحمەد حەسەن-ی ھێرشبەری لاوی کورد بەتۆمارکردنی دوو گۆڵ یانەی ناستڤید-ی دانیمارکی لەقۆناغی یەکەمەوە پەڕاندەوە قۆناغی دووەمی خولی تۆپی پێی جامی یانەکانی دانیمارک (لاندس پۆکالڕ)ی وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١.

رۆژی ١ی ئەیلولی ٢٠٢٠ بەشێک لەیارییەکانی قۆناغی یەکەمی خولی تۆپی پێی جامی یانەکانی دانیمارک ئەنجامدران و تیایدا یانەی ناستڤید بەبەشداری سەرەکی ئەحمەد حەسەن-ی ھێرشبەری لاوی کورد بووە میوانی یانەی فرێدریکسوند و سەرەنجامیش ٤-١ لێی بردەوە و گەیشتە قۆناغی دووەمی خولەکە.

یانەی ناستڤید نیوەی یەکەمی یارییەکەی ٢-١ بردەوە و ئەحمەد حەسەن لەخولەکی ٣٦دا گۆڵی دووەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و لەنیوەی دووەمیشدا یانەکەی ئەحمەد دوو گۆڵی تری کرد و ئەنجامی کۆتایی ٤-١ لەبەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و بەشی ئەحمەد گۆڵی چوارەمی یانەکەی و دووەمی خۆی بوو کە لەخولەکی ٩٠و کۆتایی یارییەکەدا تۆماریکرد.

ئەمەش یەکەم یاری و دوو گۆڵی ئەم یاریزانە کوردە بوو لەوەرزی نوێی خولەکانی تۆپی پێی دانیمارک و لەدوو وەرزی پێشووتردا ٦ یاری تری لەخولی جامی یانەکانی دانیمارک ئەنجامداوە و ١ گۆڵیشی تۆمارکردبوو.

شایەنی باسە ئەحمەد حەسەن-ی ھێرشبەری لاوی کورد خەڵکی شاری ھەولێرە و تەمەنی ٢٣ ساڵە و باڵای ١٧٩ سانتیمەترە و بۆ سێیەم وەرزە لەگەڵ یانەی ناستڤید یاری دەکات و لەھەردوو وەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩ و ٢٠١٩-٢٠٢٠دا لەخولی پلە یەکی یانەکانی دانیمارک ٥٨ یاری لەگەڵ یانەکەی ئەنجامداوە و ١٠ گۆڵی تۆمارکردووە و لەخولی جامی یانەکانی دانیمارک-یش بەم یاری و ٢ گۆڵەوە بووە خاوەنی ٧ یاری و ٣ گۆڵ.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close