هەواڵ

کوردستارەکەی یانەی دۆرتمۆند چاوی سێ یانەی لالیگا و یانەیەکی پریمەرلیگی لەسەرە

ئا: سەنگەر زرار- Kurd Sport

کوردستارەکەی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند و هەڵبژاردەی لاوانی ئەڵمانیا لەمیانەی دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی بێڵد-ی ئەڵمانی رایدەگەیەنێت وەرزی داھاتوو ھەوڵەکانیان بۆ ئەوە دەبێت ھەردوو نازناوی بۆندس لیگا و چامپیۆنس لیگ ببەنەوە، چونکە ھیچ شتێک بۆ دۆرتمۆند قورس نییە.

مەحمود داود-ی ئەستێرەی ھێڵی ناوەندی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند-ی ئەڵمانی لەبارەی وەرزی رابردوو، ھەروەھا بارودۆخی یانەکەی و ئامانجەکانی لەوەرزی داھاتوودا، وتی: وەرزێکی باشم لەگەڵ دۆرتمۆند بەڕێکرد دەبوو نازناوی بۆندس لیگا دەستەبەربکەین، بەڵام وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ رووبەڕووی چەندین کێشە بووینەوە و یانەکە بەڕۆژانی سەختدا تێپەڕی، ھەروەھا زۆر خاڵیشمان لەدەستدا کە گرنگی زۆری ھەبوو بۆ چاککردنی ئاستی تیپەکەمان، بێگومان وەرزی داھاتوو ٢٠٢٠-٢٠٢١ ھەوڵەکانمان بۆ ئەوە دەبێت کە نازناوی بۆندس لیگا ببەینەوە ھەروەھا نازناوی چامپیۆنس لیگ-یش، چونکە ھیچ شتێک بۆ دۆرتمۆند قورس نییە و لەئێستادا ھەموو قورسایی خۆمان خستووەتە سەر یاری داھاتوومان لەگەڵ یانەی بایرن مونشن لەسوپەری ئەڵمانیادا، پیرۆزبایی خۆم لەیانەی بایرن مونشن-یش دەکەم بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنس لیگ.

سەبارەت بەمانەوە و رۆیشتنی لەیانەی دۆرتمۆند و ئەو بۆندانەی پێشکەشی کراون، داود-ی تەمەن ٢٤ ساڵ وتی: دۆرتمۆند یانەیەکی گەورە و دێرینە و من بەختەوەرم لەوێدا، چەند بۆندێکی یانەکانی ئەوروپا-م پێشکەش کراوە، لەوانە سێ بۆند لەلا لیگا-ی ئیسپانی کە یانەیەکیان تازە بۆ لالیگا سەرکەوتووە، لەگەڵ بۆندی یانەیەکی پریمەرلیگی ئینگلیزی، خوێندنەوەی خۆم بۆ بۆندەکان دەکەم کە شوێن و پێگەم چۆن دەبێت و وەرزی داھاتوو چۆن یاری دەکەم.

دواجاریش لەبارەی بژاردەی یاریکردنی نێوان ھەڵبژاردەکانی ئەڵمانیا و سوریا وتی: بێگومان دووپاتی دەکەمەوە کە بژاردەی نێودەوڵەتیم لەنێوان ھەڵبژاردەی وڵاتی رەسەنی خۆم و ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا قورسە، دەمگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کەمن تائێستا لەشوێنی سەرەتایی و لەئاستەکانی تەمەندام، زۆر بەباشی تیشک دەخەمە سەر ئەو درێسەی دەیپۆشم ھەروەھا سەر رەنگی ھەر وڵاتێک کە بەرگری لێدەکەم، بەڵام ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێ دەکەم بۆ وەرگرتنی ئەزموونی زیاتر بۆ ئەوەی خۆم لەھەڵبژاردەی ئەڵمانیادا ببینمەوە یاخود بەباشی خوێندنەوە بۆ شوێنی خۆم بکەم لەنوێنەرایەتی کردنی ھەڵبژاردەی نیشتمانی رەسەنی خۆم، ئەمەش بەدەر لەجیاوازی نێوان ئەم دوو ھەڵبژاردەیە.

شایەنی باسە مەحمود موستەفا داود رۆژی ١-١-١٩٩٦ لەشاری عامودێ/ عامودا-ی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە، تەمەنی کەمتر لە ٣ ساڵ بووە لەگەڵ خانەوادەکەی روویان کردۆتە شاری دوسلدۆرف-ی ئەڵمانیا و رەگەزنامەی ئەڵمانی ھەیە و سەرەتا بۆ تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەی دوسلدۆرف یاری کردووە و پاشان بۆ یانەی بوروسیا مونشن گڵادباخ و دواجاریش لەگەڵ یانەی بوروسیا دۆرتمۆند بەردەوامە لەیاری کردن و تائێستاش بۆ ھەڵبژاردەکانی لاوانی ئەڵمانیای ژێر تەمەنەکانی ١٨ و ١٩ و ٢٠ و ٢١ ساڵ یاری کردووە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close