هەواڵ

ناوەڕاستکارە کوردەکە لەقەتەر ستارلیگ دەرکەوت و یەکەم گۆڵیشی سازکرد

سەنگەر زرار- Kurd Sport

محەمەد عوسمان-ی ناوەڕاستکاری نێودەوڵەتی کوردی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی سوریا یەکەم یاری خۆی لەگەڵ یانەی (ئەلخریتیات)ی میوانی نوێی خولی ئەستێرەکانی قەتەر (قەتەر ستار لیگ) ئەنجامدا.

محەمەد عوسمان-ی یاریزانی پێشووی یانەی ھیراکلیس ئەلمیلۆ-ی ھۆڵەندایی کە لەڕۆژی ١٩ی ئابەوە دەنگۆی پەیوەندی کردنی بەیانەی (ئەلخریتیات)ی پاڵەوانی خولی پلە دووی یانەکانی قەتەری وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ و میوانی نوێی قەتەر ستار لیگ بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ ٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠ لەیاری دەستپێکی قەتەر ستار لیگی وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ی نێوان یانەی (ئەلخریتیات) و یانەی (ئەلسەد) بەشێوەی سەرەکی بەشداری کرد و یەکەم یاری بەفەرمیی لەگەڵ یانە نوێیەکەی ئەنجامدا و توانی تاکە گۆڵی یانەکەی لەخولەکی ٦٤دا سازبکات کە رەشید تیبرکانین گۆڵەکەی تۆمارکرد و سەرەنجامیش یانەکەی لەنێو یاریگای خۆیدا ١-٥ دووچاری شکستھات.

ئەمەش لەکاتێکدایە تائەمڕۆ ٣ی ئەیلول کە یەکەم یاری لەگەڵ یانەی (ئەلخریتیات) بەدرێسی ژمارە (١٠) ئەنجامدا، بەفەرمیی ھەواڵی چوونی ئەم ناوەڕاستکارە کوردە بۆ ریزی یانەکە بڵاونەکراوەتەوە.

بەپێی زانیاریی رۆژنامەی بیڵد-ی ئەڵمانی ئەم یاریزانە پیشەگەرەی کورد کە تەمەنی ٢٦ ساڵە و رەگەزنامەی سوری و ھۆڵەندی ھەیە، بۆ ماوەی دوو وەرز لەمانگی ئابی ٢٠٢٠ تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ پەیوەندی بەیانە قەتەرییەکە کردووە.

شایەنی باسە محەمەد عوسمان-ی ناوەڕاستکاری لاوی کورد کە لەشاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە و باڵای ١٨٣ سم و کێشی ٧٣ کگمە و سەرەتا لەیانەی ڤیتیسە دلفت-ی ھۆڵەندایی دەستی بەیاری تۆپی پێ کردووە و پاشان لەئەکادیمیای یانەی ڤیتیسە ئارنھایم بۆ تیپەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان و دووەم و دواجاریش تیپی یەکەمی یانەکە یاری کردووە و بۆ وەرزی ٢٠١٧-٢٠١٨ بۆ یانەی تیلستار-ی ھۆڵەندا و ساڵانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ بۆ یانەی ھیراکلیس ئەلمیلۆ-ی ھۆڵەندایی یاری کردووە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close