هەواڵ

دوو برای ھەمەوەندی لەیەک یانەدا شانبەشانی یەکتر و لەژێر سەرپەرشتی چاڤی ھێرناندز دەجەنگن

سەنگەر زرار- kurdsport

لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی تۆپی پێی یانەکانی قەتەر (قەتەر ستار لیگ)ی وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١دا ھەردوو یاریزانی ھەمەوەندی ئەحمەد و رامی سوھەیل ھەمەوەندی لەیانەی ئەلسەد-ی قەتەری شانبەشانی یەکتر و لەژێر سەرپەرشتی راھێنەری ئیسپانی (چاڤی ھێرناندز) دەجەنگن.

ئەحمەد و رامی سوھەیل ھەمەوەندی کوڕی کاپتن سوھەیل سابیر عەلی ھەمەوەندی گۆڵپارێزی کورد و پێشووی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق و یانەی تەڵەبە-ی شاری بەغدا-ن، ھەردووکیان رەگەزنامەی قەتەرییان ھەیە و لەم وڵاتەدا بۆ یانەی ئەلسەد-ی قەتەری لەخولی ئەستێرەکانی تۆپی پێی یانەکانی قەتەر (قەتەر ستار لیگ) یاری دەکەن.

بۆ یەکەم یاری یانەی ئەلسەد لەھەفتەی یەکەمی قەتەر ستار لیگی وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١دا، چاڤی ھێرناندێز-ی ئیسپانی و راھێنەری یانەی ئەلسەد ھەردوو یاریزانە کوردەکەی داوەتی نێو پێکھاتەکەی کرد تا لەبەرامبەر یانەی ئەلخریتیات یاری بکەن، ئەوەبوو لەخولەکی ٧٥دا یاری بە ئەحمەد-ی تەمەن ٢١ ساڵ و بەرگریکار کرد، ئەمیش بەدرێسی ژمارە ٣٧ ھاوبەشی لەبردنەوەی یانەکەیدا بەئەنجامی ٥-١، بەڵام رامی تەمەن ٢٠ ساڵ و ھێرشبەر کە درێسی ژمارە ٩٩ دەپۆشێت، چانسی یاری کردنی پێنەدرا.

شایەنی باسە ئەحمەد و رامی سوھەیل ھەمەوەندی دەستپێکی یاریکردنیان لەئەکادیمیای ئەسپایەر-ی قەتەری بووە و لەتیپەکانی ئاستی تەمەنی یانەی ئەلسەد یارییان کردووە تا گەیشتووەنەتە تیپی یەکەمی یانەکە و ئەحمەد ساڵی ٢٠١٧ و رامی ساڵی ٢٠١٩ بۆ تیپی یەکەم سەرخراون.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close