هەواڵ

لەسوید ھێرشبەرێکی کورد یانەکەی گەڕاندەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن

سەنگەر زرار- Kurd Sport

پاش دە ھەفتە دابڕان لەسەرکەوتن و شەش یەکسانبوون و چوار دۆڕاندن، مێرڤان چیلیک-ی ھێرشبەری کورد سێیەم سەرکەوتنی سوپێرتانی ساڵی ٢٠٢٠ی یانەکانی سوید-ی بۆ یانەی گایس یۆتۆبۆری یەکلاکردەوە.

ئەمڕۆ ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠ لەدەستپێکی یارییەکانی ھەفتەی ١٦ی قۆناغی دووەمی خولی پلە یەکی تۆپی پێی سەرتاسەریی یانەکانی سویدی ساڵی ٢٠٢٠ کە بە (سوپێرتان) ناسراوە، یانەی گایس یۆتۆبۆری لەسەر یاریگای خۆی (گامالا ئۆلیڤی) لەشاری یۆتۆبۆری سوید میوانداری لەیانەی ترێللبۆرگز کرد و سەرەنجامیش بەبەشداری سەرەکی مێرڤان چیلیک-ی ھێرشبەری بەئەزموونی کورد ٢-١ سەرکەوتنی دەستەبەرکرد و گۆڵی دووەمی بردنەوەکەش بەواژووی مێرڤان-ی تەمەن ٣٠ ساڵ بوو کاتێک لەخولەکی ٨٨دا تۆماری کرد.

ئەم سەرکەوتنە بۆ یانەی گایس زۆر گرنگ و بایەخدار بوو لەدەستپێکی ھەفتەی ١٦ کە دەستپێکی قۆناغی دووەمی خولەکەیە، سەرکەوتنەکەش پاش ئەوە بەدەستھات کە یانەکە ١٠ ھەفتە لەسەریەک تامی بردنەوەی نەکرد و لە ٦ یاریدا یەکسانبوو، ٤ یاریشی دۆڕاند.

بەم ئەنجامەش یانەی گایس یۆتۆبۆری بەشێوەیەکی کاتی لەخانەی ١٤ی ریزبەندی سوپێرتانی ساڵی ٢٠٢٠دا بۆ خانەی ١٣ سەرکەوت بە ١٦ خاڵ لە ١٦ یاری (٣ بردنەوە و ٧ یەکسانبوون و ٦ دۆڕاندن) و (١٢-٢٣ گۆڵ) و جیاوازی (-١١ گۆڵ).

شایەنی باسە مێرڤان چیلیک لەخولی پلە یەکی تۆپی پێی سەرتاسەریی یانەکانی سوید (سوپێرتان)ی ساڵی ٢٠٢٠دا، تائێستا خاوەنی ٤ گۆڵ و ٢ پاسی گۆڵە لە ١٦ یاری و ١٣٩٧ خولەک یاریکردندا.

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close