هەواڵ

سروە نازناوێکی تری یاری بۆکسێنی بۆخۆی چنییەوە

سەنگەر زرار/ Kurd Sport

سروە موحەمەدی خانمە بۆکسێنەری کورد یەکەم یاری لەپاش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئەنجامدا و یارییەکەشی لەبەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و میدالی زێڕی لەگەردەن کرا.

لەشاری ڤانتا-ی فینلەندا و لەھۆڵی سەنتەری وەرزشی تیکورێلا چەند دیدار و رووبەڕووبوونەوەیەکی دۆستانەی نێوان بۆکسێنەرانی یانەکانی فینلەندا ئەنجامدران و تیایدا (سروە موحەمەدی) خانمە بۆکسێنەری کوردی یانەی تامپێری ڤۆیمالوسویرا لەکێشی ٥٧ کیلۆگرام بەرامبەر بە (ئانا جوتیلا)ی خانمە بۆکسێنەری یانەی ھێلسینکی پایتەخت یاری کرد و سەرەنجامیش توانی ٣-٠ لێی بباتەوە و میدالی زێڕی کێشی خۆی دەستەبەربکات.

سەبارەت بەم دیدارە، سروە موحەمەدی تەمەن ٢٥ ساڵ تایبەت بۆ (کورد سپۆرت) وتی: پاش ھەشت مانگ دابڕان و یاری نەکردن بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمێک سەخت بوو، چونکە لەمانگی یەکی ئەمساڵەوە من یاریم نەکردووە، بەڵام سەرەنجام توانیم بەکۆدەنگی ھەموو ناوبژیوانان براوەبم، سێ خولەکی سەرەتای یارییەکە بۆمن زۆر قورس و ئەستەم بوو، بەڵام دواتر توانیم ٣-٠ براوەبم، ھەست بەخۆشی دەکەم و سوپاس بۆ ھەموو ئەوانەی پاڵپشت و ھاندەرم بوون.

شایەنی باسە (سروە موحەمەدی) جگە لەبەشداریکردنی لە سێ پاڵەوانێتی فەرمیی یانەکانی فینلەندا و سێ پاڵەوانێتی دەرەکی، سێیەم جارە بەشداری پاڵەوانێتی و دیدارە دۆستانەکانی یارییەکە دەکات و لەسێ دیدارەکەشدا توانیویەتی میدالی زێڕی کێشی خۆی بباتەوە.

*بیۆگرافیا:
-ناو: سروە عەبدولموحەمەدی فەر.
-بە (سروە موحەمەدی) ناسراوە.
-ساڵڕۆژی لەدایکبوون: ٢٤-٩-١٩٩٥.
-شوێنی لەدایکبوون: شاری رومادی/ عیراق.
-شوێنی نیشتەجێبوون: شاری تامپێری-ی فینلەندا.
-دایک و باوکی خەڵکی شاری کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستانن.
-رەگەزنامەی فینلەندی ھەیە.
-یانە: تامپێری ڤۆیمالوسویرا/ فینلەندا.
-یاری: بۆکسێن.
-کێش: ٥٧ کگم.
-راھێنەر: عەسکەر سارسیدنباییڤ.
-لەساڵی ٢٠١٣ەوە یاری بۆکسێن دەکات.
-دیارترین ئەنجامەکانی: ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ و ٢٠١٩ سێ جار میدالی زیوی پلەی دووەمی کێشی خۆی (٥٧ کگم)ی لەسەر ئاستی یانەکانی فینلەندا بەدەستھێناوە.
-لەھەریەکە لەوڵاتانی (سوید و لاتڤیا و ئەڵمانیا)دا بەشداری سێ پاڵەوانێتی دەرەکی کردووە و ساڵی ٢٠١٩ لەلاتڤیا و لەکێشی ٥٤ کیلۆگرامدا پلەی دووەمی و ھەمان ساڵ لەئەڵمانیا لەکێشی ٥٧ کیلۆگرامدا پلەی دووەمی بەدەستھێناوە و میدالی زیوی پێبەخشراوە.
-ساڵی ٢٠١٩ لەدوو پاڵەوانێتی تری دۆستانە (پاڵەوانێتی بۆکسێنەری کۆچکردوو تارمۆ ستریم) و (پاڵەوانێتی کراوەی بۆکسێن بۆ یاریزانانی یانەکانی فینلەندا) میدالی زێڕی لەگەردەن کراوە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close