هەواڵ

ھێرشبەرە کوردەکەی ھەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی سوریا بۆ یانەیەکی کوێتی یاری دەکات

سەنگەر زرار- kurdsport

عەبدولڕەحمان بەرەکات-ی ھێرشبەری ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆڵۆمپی سوریا بۆ وەرزی داھاتوو ٢٠٢٠-٢٠٢١ روویکردە یانەیەکی خولی پلە یەکی یانەکانی کوێت.

میدیاکانی وەرزشی سوری و کوێتی بڵاویانکردەوە کە عەبدولڕەحمان بەرەکات ناسراو بە (بوکا) پاش کۆتاییھاتنی ماوەی بۆندەکەی یانەی وەحدە-ی شاری دیمەشقی پایتەختی سوریای لەخولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی وڵاتەکەی بەجێھێشت و لەیەکەم ئەزموونی ژیانی پیشەگەریی دەرەکیدا پەیوەندی بەیانەی (تەزامون) کرد کەوەرزی رابردوو ٢٠١٩-٢٠٢٠ لەخولی نایابی یانەکانی کوێت بۆ خولی پلە یەک دابەزی.

یانەی تەزامون بۆ گەیشتنەوە بەخولی نایابی یانەکانی کوێت-یش پێنج یاریزانی پیشەگەری گواستەوە ریزەکانی کە دوایینیان بەرەکات-ی تەمەن ٢٢ ساڵ بوو، ئەمەش لەپاش ھەردوو پیشەگەری نایجیری (ئیبۆی ئەبوبەکر و ئیمانوێل ئیڤیانی) و پیشەگەری گینی (تۆریە) و پیشەگەری سەنیگالی (جۆن ندای).

چوونی ئەم ھێرشبەرە کوردە لەکاتێکدایە کە یانەی وەحدە ھەوڵی زۆری لەگەڵدا بۆندەکەی تازە بکاتەوە و یانەی تەڵەبە-ی شاری بەغدا-ش کەخولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی عێراق رکابەری دەکات بەشێوەی زارەکی لەگفتوگۆدابوو تا بیگوازێتەوە ریزەکانی.

بەمەش (بوکا) دەبێتە دووەم یاریزانی کوردی رۆژئاوا کە بۆ یانەیەکی کوێتی یاری بکات، ئەمەش لەپاش ئەحمەد ئەلساڵح-ی بەرگریکاری بەئەزموونی کورد و خەڵکی شاری عامودا (عامودێ)ی رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا بۆ یانەی عەرەبی لەخولی نایابی یانەکانی کوێت یاری دەکات.

شایەنی باسە عەبدولڕەحمان محەمەد بەرەکات-ی ھێرشبەری لاوی کورد ساڵی ١٩٩٨ لەشاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە و سەرەتا لەیانەی جەزیرەی حەسەکە یاری کردووە و دواتر لەبەر لێھاتوویی ھەر لەسوریا بۆ یانە دیارەکانی وەک (جەیش و تشرین و وەحدە) و ھەڵبژاردەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان و ئۆڵۆمپی سوریا یاری کردووە و مانگی رابردووش بەمەبەستی تاقیکردنەوە بۆ یەکەمجار بانگھێشتی ھەڵبژاردەی یەکەمی سوریا کرا.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close