هەواڵ

بەرگرێکارێکی کورد بەباشترین یاریزانی يانەكەی بۆ وەرزی 2019-2020 دیاریکرا

سەنگەر زرار- kurdsport

بەرگریکارە کوردەکەی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆڵۆمپی سوریای ژێر تەمەن ٢٣ ساڵ نازناوی باشترین یاریزانی وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ی یانەکەی پێبڕا.

یوسف محەمەد-ی بەرگریکاری یانەی ئەلوەحدە-ی شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا پاش ئەوەی وەرزی رابردوو ٢٠١٩-٢٠٢٠ لەخولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی سوریا و خولی جامی یانەکانی سوریا (جامی کۆماری)، لەگەڵ ھاوڕێکانی بەرگرییەکی ئازایانە و شێرانەی لەگۆڵی یانەکەی کرد، بەپێی راپرسییەکی یانەکەی کە بەئۆنلاین بۆ دیاریکردنی باشترین یاریزانی وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لەڕێگەی جەماوەرەکەی ئەنجامیدا، ئەم بەرگریکارە توانی پلەی یەکەمی راپرسییەکە بباتەوە و نازناوی باشترین یاریزانی وەرزەکە بۆخۆی مسۆگەربکات.

لەمبارەیەوە وێبسایتی ئارتا-ی سوری بڵاوی کردەوە بەگوێرەی دەنگەکانی جەماوەری یانەکە، یوسف محەمەد (أبو طویل) خەڵاتی باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی یانەی ئەلوەحدە-ی بردەوە و پێش تەواوی یاریزانەکانی تر کەوتووە بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە بەجیاوازی چەند و سەدا چەندی دەنگەکانی راپرسییەکەی بەدەستھێناوە.

ئەم بەرگریکارە کوردە کە تەمەنی ٢١ ساڵە و وەرزی رابردوو ٢٠١٩-٢٠٢٠ بۆ یەکەمجار لەگەڵ یانەی ئەلوەحدە نازناوی خولی تۆپی پێی جامی یانەکانی سوریا (جامی کۆماری) بردەوە، بەھۆی لێھاتوویی و ئاستبەرزییەوە لەلایەن نەبیل مەعلول-ی راھێنەری تونسی بۆ جاری دووەم بانگھێشتی ھەڵبژاردەی یەکەمی سوریا کرا و پێشووتریش سەرەتای ئەمساڵ بۆ یەکەمجار داوەتی ریزی ھەڵبژاردەکە کرابوو.

شایەنی باسە یوسف محەمەد-ی بەرگریکار یاریزانی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆڵۆمپی سوریایە و لەساڵی ٢٠١٨ەوە بۆ یانەی ئەلوەحدە یاری دەکات و سەرەتا لەتیپی لاوانی یانەکەوە یاری کردووە و ساڵی ٢٠١٩ بۆ تیپی یەکەم گرێبەستی لەگەڵدا کراوە.

*بیۆگرافیا:
-ناو: یوسف حاج شێخموس محەمەد .
-نازناو: یوسف الطویل/ أبو طویل.
-ساڵڕۆژی لەدایکبوون: ١-١-١٩٩٩.
-شوێنی لەدایکبوون: شاری عاموودێ-ی رۆژئاوای کوردستان.
-شوێنی نیشتەجێبوون: شاری عاموودێ.
-رەگەزنامەی سوری ھەیە.

-کێش: ٧٩ کگم.
-باڵا: ١٨٥ سم.
-ھێڵی یاری کردن: بەرگری.
-یانە: وەحدە/ دیمەشق-سوریا.
-ژمارەی درێس: ٤.
-ھەڵبژاردە: ئۆڵۆمپی سوریا.
-ژمارەی درێس: ٤.
-ھەڵبژاردە: سوریا.
-ژمارەی درێس: ١٢.
-یەکەم تیپ: تیپی میللی الاخوە/ عاموودێ.
-لەپێشوودا بۆ یانەكانی عاموودێ و جەزیرە-ی حەسەکە و پاشان بۆ تیمی لاوانی یانەی وەحدە و دواجاریش تیمی یەکەمی یانەکە یاری کردووە.

-ساڵی ٢٠١٧ بانگھێشتی ھەڵبژاردەی لاوانی سوریا کراوە.
-ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆڵۆمپی سوریا-ی ژێر تەمەن ٢٣ ساڵ (٤) یاری لەپاڵەوانێتی جامی وڵاتانی ئاسیا بۆ ھەڵبژاردەکانی ئۆڵۆمپی ئەنجامداوە و ٣٩٠ خولەک یاری کردووە.

-ساڵی ٢٠٢٠ بانگھێشتی ھەڵبژاردەی یەكەمی سوریا کراوە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close