هەواڵ

بەڤیدیۆ: یەکەم گۆڵی کوردستارەکە لەخولی ئەستێرەکان

سەنگەر زرار- Kurd Sport

کوردستارەکەی یانەی (ئەلخریتیات)ی میوانی نوێی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی قەتەر (قەتەر ستار لیگ)ی وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ یەکەم گۆڵی خۆی لەخولەکەدا بەپەناڵتی تۆمارکرد و لەگەڵ ھاوڕێکانیشی یەکەم بردنەوەی خولەکەیان پێشکەشی یانەکەیان کرد.

بەبەشداری سەرەکی محەمەد عوسمان-ی ناوەڕاستکاری نێودەوڵەتی کوردی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی سوریا، ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٠ یانەی (ئەلخریتیات) لەسەر یاریگای خۆی (الپانی بن جاسم) لەھەفتەی دووەمی قەتەر ستار لیگدا میوانداری لەیانەی قەتەر کرد و سەرەنجامی یارییەکی بەھێزیش توانی ٢-١ براوەبێت و پاش شکستە گەورەکەی ھەفتەی پێشوو ١-٥ بەیانەی ئەلسەد، تا سنوورێک قەرەبووی شکستەکە بکاتەوە و یەکەم بردنەوە لەخولەکەدا دەستەبەربکات و ٣ خاڵی گرنگ بەدەستبخات.

محەمەد عوسمان-ی یاریزانی پیشەگەری کوردی ھۆڵەندا کە بەڕەچەڵەک خەڵکی شاری قامیشلۆ-ی رۆژئاوای کوردستانە، لەم دیدارەدا دووەم یاری خۆی لەگەڵ یانە نوێیەکەی (ئەلخریتیات) بەشێوەی سەرەکی ئەنجامدا و لەخولەکی ٢٠دا توانی بەپەناڵتی یەکەم گۆڵی یانەکەی و یەکەم گۆڵی خۆشی لەخولەکەدا تۆماربکات و نیوەی یەکەمیان بەم تاکە گۆڵە بردەوە و لەخولەکی ٥٠ی نیوەی دووەمیشدا یانەی قەتەری میوانیان بەھەڵە گۆڵێکیان لەخۆیان کرد و ئەنجام بوو ٢-٠ و دواجار لەخولەکی ٧٥دا یانەی قەتەر تاکە گۆڵەکەی خۆی کرد.

بەم ئەنجامەش یانەی (ئەلخریتیات) بەشێوەیەکی کاتی و بە ٣ خاڵ لە ٢ یاری (١ بردنەوە و ١ دۆڕاندن) لەخانەی شەشەمی خولەکە دایە.

شایەنی باسە محەمەد عوسمان نەواف-ی ناوەڕاستکاری لاوی کورد کە تەمەنی ٢٦ ساڵە و بۆ ماوەی دوو وەرز پەیوەندی بەیانە قەتەرییەکە کردووە، تائێستا لەھەردوو یاری یانەی (ئەلخریتیات) بەدرێسی ژمارە (١٠) لەخولی ئەستێرەکانی قەتەر (قەتەر ستار لیگ)دا ١٨٠ خولەک دەرکەوتووە و ھەفتەی یەکەم لەبەرامبەر یانەی ئەلسەد گۆڵێکی ساز و ئەم ھەفتەیەش گۆڵێکی تۆمارکرد.

بۆ بینینی گۆڵەکەی محەمەد عوسمان و یارییەکە کلیک لەم لینکەی یوتوب بکە:

په‌یوه‌ندی دار

Back to top button
Close