هەواڵ

بوکای ھێرشبەری کورد بۆ وەرزێکی تریش لەگەڵ یانەکەی پایتەخت بەردەوام دەبێت

سەنگەر زرار- kurdsport

عەبدولڕەحمان بەرەکات (بوکا)ی ھێرشبەری لاوی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆڵۆمپی و یەکەمی سوریا بۆ وەرزێکی تریش لەگەڵ یانەکەی شاری دیمەشق-ی پایتەختی سوریا بەردەوام دەبێت.

پاش کۆتاییھاتنی ماوەی بۆندەکەی لەگەڵ یانەی ئەلوەحدە-ی شاری دیمەشق-ی پایتەختی سوریا، وابڕیاربوو (عەبدولڕەحمان بەرەکات)ی ھێرشبەری لاوی کورد بۆ وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ لەیەکەم ئەزموونی ژیانی پیشەگەری و دەرەکیدا رووبکاتە یانەی (تەزامون) و لەخولی پلە یەکی تۆپی پێی یانەکانی کوێت یاری بکات.

لەمبارەیەوە رۆژی ٦-٩-٢٠٢٠ یانەی ئەلوەحدە بەفەرمیی بڵاوی کردەوە کە عەبدولڕەحمان بەرەکات (بوکا)ی ھێرشبەر و گۆڵکەری پورتوقالی (ئەلوەحدە) و ھێرشبەری ھەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی سوریا کە بەم دواییە براوەتە ریزی ھەڵبژاردەی یەکەمی سوریا لەیەکەم ئەزموونی پیشەگەری دەرەکیدا یانەکەیانی بەرەو کوێت بەجێھێشت.

میدیاکانی وەرزشی کوێت و سوریا-ش بڵاویان کردەوە کە بەرەکات-ی تەمەن ٢٢ ساڵ بۆ ماوەی یەک وەرز وەک پێنجەم پیشەگەر پەیوەندی بەیانەی تەزامون-ی کوێت-ەوە دەکات، بەڵام دەرەنگانی دوینێ دووشەممە ٧-٩-٢٠٢٠ یانەی ئەلوەحدە-ی سوری بڵاوی کردەوە کە پاش گفتوگۆیەکی دوورو درێژ لەگەڵ یانەی تەزامون-ی کوێتی و پیشاندانی رەزامەندی سەرەتایی بۆ پەیوەندی کردن بەیانەکەوە و بڕیاردانی بەجێھێشتنی ماڵی پورتوقالی، دواجار یانەکەیان یاریزانی ناوبراوی قایل کرد کە لەبڕیارەکەی پەشێمان بێتەوە و بۆ وەرزێکی تر لەلای ئەواندا بمێنێتەوە.

شایەنی باسە عەبدولڕەحمان محەمەد بەرەکات-ی ھێرشبەری لاوی کورد ساڵی ١٩٩٨ لەشاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە و سەرەتا لەیانەی جەزیرەی حەسەکە یاری کردووە و دواتر لەبەر لێھاتوویی ھەر لەسوریا لەخولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی وڵاتەکەی بۆ یانە دیارەکانی وەک (جەیش و تشرین و وەحدە) و ھەڵبژاردەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان و ئۆڵۆمپی سوریا یاری کردووە و مانگی رابردووش بەمەبەستی تاقیکردنەوە بۆ یەکەمجار بانگھێشتی ھەڵبژاردەی یەکەمی سوریا کراوە.

هیتر ببینە

وتار

Back to top button
Close
Close